تولای حاتەم ئۆغۆللاری بانگەوازی لە دەسەڵات کرد هەنگاو بنێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری سڵاوی لە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد و ڕایگەیاند پێویستە دەستبەجێ دەسەڵات هەنگاوی باوەڕپێکراو بنێت.

لە چوارچێوەی "کۆبوونەوەکانی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بینای ڕێکخستنی دەم پارتی ناوچەی ساناجاک تەپەی ئیستەنبوڵ کۆبوونەوەی گەلی ئەنجامدا. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بەشداربوو.

"هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بوەستێنن"

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند پێویستە سوریایەکی دیموکراتیک دابمەزرێنرێت، تیشکی خستەسەر هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و ئێشکگرانی بەنداوی تشرین، گوتی: "بانگەوازدەکەین، پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و گەلی کورد بوەستێنن".

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی ئەم دواییەدا دیدگا و پێشنیارەکانی خۆی بۆ کێشەکان خستووەتەڕوو، جەختی کردەوە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراتیک ناڕەحەتی مەزن تووشی گەلانی تورکیا دەکات، چونکە ئاستەنگی سەرەکییە لەبەردەم دیموکراتیکبوونی تورکیایە.

"پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت"

حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "بەڕێز ئۆجالان پەیامەکانی خۆی دەربارەی دیموکراتیکبوونی تورکیا ڕاگەیاند. بەڕێز ئۆجالان دەربارەی چارەسەر گوتویەتی "دەمەوێت، خەباتێکی مەزن بەڕێوەببەم، سەرەڕای گۆشەگیری خەباتێکی زیاتر بەڕێوەدەبەم. بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر خەبات بۆ ئاشتی بکەم، پێویستە گۆشەگیری لەسەر من هەڵبگیرێت و هەلومەرجی خەبات دابین بکرێت. لێرەوە بانگەواز لە هەموو جیهان دەکەم. گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان بە تەواوی هەڵنەگیراوە. بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی خەبات بکات، دەبێت هەلومەرجی پێویستی جەستەیی و تەندرووستی و کۆبوونەوە دابین بکرێت. وەک ئەوەی بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاندووە بۆ ئاشتی و ئایندەی گەلانی تورکیا تاکە ڕێگەی ئاشتییە".

بانگەواز لە دەسەڵات

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر ئەو پرۆسەی نوێیەی لە تورکیا و ڕایگەیاند لەم پرۆسەیەدا زمانی میدیای دەسەڵات قبووڵ ناکرێت، بەتایبەت ئەو زمانەی کە ئەم میدیایە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ بەکاری دەهێنێت، وە لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە دەیانەوێت بێ مۆراڵی لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە، گوتی: "ئەمڕۆ بەڕێز ئۆجالان دەڵێت من ئامادەم، ئێمەش وەک دەم پارتی ئامادەین درێژە بە پرۆسەکە بدەین. ئێمە دەڵێین وەک پارتێک ئامادەین بۆ دانوستان و دیالۆگ. بەڵام هێشتا بەرنامەیەکی چارەسەر لەلایەن دەسەڵاتەوە دیاری نەکراوە، هێشتا هەنگاوێکی ئەرێنی نەهاویشتووە. بۆیە لێرەوە بانگەواز لە دەسەڵات دەکەین تا هەنگاوی باوەڕپێکراو بنێت".  

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند دەسەڵات لەبری هەنگاوی باوەڕپێکراو و ئەرێنی، قەیوم دادەنێت، بەمەش گورز لە هیوای ئاشتی دەدات، باس لە ئاشتی دەکەن و هێشتا ڕۆڵەکانی کورد لە زینداندان، گوتی: "وەک دەم پارتی ئامادەین بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە هەموو شتێ بکەین. بەڵام هاوکات پێویستە دەسەڵات و دەوڵەت هەنگاوی ڕوون بنێن. ئەنجامەکەی هەرچی بێت ئێمە بۆ ئاشتی خەبات دەکەین".

هەروەها تیشکی خستەسەر ئامانجەکانیان لە کۆبوونەوەکانی گەل لە شار و شارۆچکەکاندا و دەیانەوێت هەموو لایەک بۆ ئاشتی سەفەربەر بکەن.