بە دیمەن

قەسەدە: ژمارەیەک چەتە کوژران و ٢ تانک تێک شکێندران

قەسەدە ڕایگەیاند لە چالاکییەکان دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) ژمارەیەک چەتە کوژراون، ٢ تانک و چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازی تێک شکێندران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی دەربارەی چالاکییەکانی یەپەژە و یەکینەکانی شەهید هارون ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە وەهایە:

"لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی وەڵامدانەوەی ڕەوا دژی هێرشە بەردەوامەکانی دوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر گەلەکەمان، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ٢ چالاکی کاریگەریان دژی بنکەیەکی نوێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر پردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا. لە ئەنجامدا تانکێک و سیستەمێکی ڕاداری دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێک شکێندرا.

لە هەمان بنکە، یەکینەکانی شەهید هارون چالاکییەکیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا تانکێکی دیکەی داگیرکەران تێک شکێندرا. هەروەها یەکینەکان ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی تۆیۆتا و پانزەرێکیان کردە ئامانج و بە تەواوی تێکشکان.

لە بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی مەنبەج و باکووری بەنداوی تشرین، هێزەکانمان ٥ بنکەی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان کردە ئامانج و ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی چەتەکانیان تێکشکاند.

لە بەرەی دێر حافر یەکینەکانی شەهید هارون خاڵێکی سەربازی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بۆ درۆنەکان بەکاردەهات، کردە ئامانج و تێکیان شکاند.

لە ئەنجامی چالاکییەکاندا زیاتر لە ١٠ سەربازی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کوژران و ژمارەیەکی زۆریان برینداربوون، هەروەها تێکشکاندنی ژمارەیەک تانک و ئامراز و خاڵی سەربازی تۆمارکراون.

دوێنێش، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەند گوندێکی باشووری کۆبانێ، غەسەق و مەلحە و بیر حەسۆیان بۆردوومان کرد. هەروەها تۆپهاوێژ و تانکەکانی داگیرکەران، گوندەکانی گردی سێڤێ و جادێ و بیر حەسۆ و تینا و مەلحە و دیکانیان تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا زیان گەیشتە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان.

هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و تانکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەواری باشووری ڕۆژهەڵاتی مەنبەجیان کردە ئامانج و زیانی ماددیی مەزن هەبوون".