تەرمی شەهید ڕێدوور حەلنج بەخاکسپێردرا

خەڵکی کۆبانێ تەرمی ئەندامی هێزەکانی کۆماندۆس شەهید ڕێدوور حەلنجیان بەخاکسپارد.

شەهید ڕێدوور حەلنج

سەدان دانیشتووی کانتۆنی فورات، ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارە خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان، تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆس ڕێدوور (محەمەد محەمەد)یان لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاکسپارد کە ٢٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە دێر حافر شەهیدبوو.

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژنانی پەیەدەی کانتۆنی فورات بەدیعە محۆ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان.

بەدیعە محۆ ڕایگەیاند دوژمن ناتوانێت هێزیان لاواز بکات، گوتی: "هەرگیز سەر بۆ دوژمن نەوی ناکەین و تۆڵەی شەهیدان دەکەینەوە".

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەربازیی شاری کۆبانێ ئیسماعیل ئیسماعیل ڕایگەیاند پلانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارەکانی پووچەڵ دەکەنەوە و تیشکی خستەسەر تێکۆشان و قارەمانێتی شەهید ڕێدوور و گوتی: "پێویستە ئێمەش شوێنکەوتەی رێگەی شەهیدان بین تا تێکشکاندنی هێرشەکانی داگیرکەران".

خوشکی شەهید ڕێدوور مەردیە محەمەد گوتی: "براکەم هەردەم بۆ پاراستنی خاک و گەلەکەی لەنێو تێکۆشاندا بوو. بە قارەمانێتی و بوێرییەکەی دەناسرایەوە. بە شەهیدبوونی براکەم سەربەرزم".

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

تەرمی شەهید ڕێدوور بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپێردرا.