عەفرینییەکان: ئێمە تێکنەشکاوین و عەفرینیش رزگار دەکەین

عەفرینییەکان ماوەی ٥٨ رۆژە قارەمانانە خۆڕاگری و بەرەنگارییان کرد و سەریان بۆ زۆرداریى دەوڵەتى تورک نەچەماند  رایدەگەیەنن "ئێمە تێکنەشکاوین. ئێمە سەربەرزین بە بەرخودانەکەمان. بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەبێت".

هیڤدا هەبوون / ئەرسین چاکسو – ناوەندی هەواڵ

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى، سەرباری پشتیوانیى سەربازیى و سیاسیى ناتۆ و رووسیا لەلایەن شەڕڤانانەوە گورزی زۆر گەورەیان لێدرا. بۆ ئەوەى بتوانن بەرخودانى عەفرین تێکبشکێنن دەستیان بە کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییانى مەدەنى کرد. سەرەتا ئاوی خواردنەوەى گەلیان بڕی و بە دوایدا نەخۆشخانەکانى عەفرینیان بۆردومانکرد. لەبەر ئەوەى گەل ئامادە نەبوو ماڵ و حاڵی خۆی بەجێبهێڵێت، ئەمجارە دەستیان بە بۆردومانکردنى ناوەندى شار و شارۆچکەکانى عەفرین کرد.

دەیانخواست هاووڵاتییانى مەدەنى عەفرین کۆمەڵکوژ بکەن

دەوڵەتى تورک لە یەکەم رۆژەکانى هێرشەکەیدا بۆ سەر عەفرین ١٧٦ هاووڵاتیى مەدەنى، کە ٢٧ کەسیان منداڵ و ٢١ کەسی تریشیان ژن بوون، کۆمەڵکوژ کرد و ٤٨٤ هاووڵاتیى تریشی بریندار کرد. تاوەکو گەل زیاتر خۆڕاگری و بەرەنگاریى بکردایە داگیرکەری و هێرشی دەوڵەتى تورک دڕندانەتر دەبوو. لە رۆژی ٥٢هەمی بەرخودان دا ئامارەکە بەرز بوویەوە و گەیشتە کوژرانى ٢٣٢ هاووڵاتى، کە ٣٥ کەسیان منداڵ و ٢٩ کەسی تریان ژن بوون و برینداربوونی ٦٦٨ هاووڵاتى تر.

دەوڵەتى تورک سەرباری بڕیارەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان و راگەیاندنى ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریادا بە چڕی و بێسنووری هاووڵاتییانى کۆمەڵکوژ دەکرد.

بۆ رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی بڕیاری گواستنەوە درا

لەبەر ئەوەى راستەوخۆی هێرش دەکرایە سەر هاووڵاتییان مەترسییەکانى کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییان زیاتر بوو بوو، بۆیە خۆبەڕێوەبەریى عەفرین رۆژی ١٦ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ی رێبەندان بڕیارى گواستنەوەى گەلی عەفرینى دەرکرد. خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى کانتۆنی عەفرین رۆژی ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٩ی رێبەندان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە شەهبا لەبارەى بڕیاری گواستنەوەى هاووڵاتییانەوە رایگەیاند "بەرخودانى عەفرین چووەتە قۆناغێکى نوێیەوە. بۆ ئەوەى رێگری لە کارەساتێکى گەورەتری مرۆیى بگرین بڕیارماندا هاووڵاتییان لە شارەکە بگوێزینەوە". شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژە شێوازى بەرخودانیان گۆڕی و دەستیان قۆناغی ئەنجامدانى چالاکی بەشێوەى گەریلایى کرد.

پلانى دەوڵەتى تورک بەهۆی بەرخودانى گەلەوە سەروژێر بوو

دەوڵەتى تورک پێش هیرشەکەى لەسەر سنوور چەند کامپێکى لە چادر ئامادە کرد و وایدەزانى گەل کۆچبەر دەبن و روو لە تورکیا و ئەو کامپانە دەکەن، بەڵام سەرباری هیرشە قورس و چڕەکان هاووڵاتییانى عەفرین روویان لە کامپە ئامادەکراوەکانی دەوڵەتى تورک  نەکرد و ئەو پلانەی دەوڵەتى تورکیان مایەپووچ کرد. هاووڵاتییانى عەفرین لەو شوێنانەدا کە هێرشی قورس و چڕیان لەسەر بوو دەستیان بە کۆچ بەرەو ناوەندی عەفرین کرد. ٥٣ کۆمون و ئەنجوومەنەکانى ناو شار پێشوازییان لە هاووڵاتییان دەکرد و گەلیش دەرگای ماڵەکانیان بەروودا کردبوونەوە.

گەل داگیرکەریى قبوڵ نەکرد

سەرباری ئەوەى هێرش بۆ سەر ناوەندی شارەکە قورس بوو و هەموو رۆژێک چەندین هاووڵاتیى مەدەنى بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەکوژران، بەڵام عەفرینییەکان سەلماندیان پێداگرن لە مانەوەیان و بە جێنەهێشتنى واری خۆیان، بەڵام بە بڕیاری گواستنەوەى هاووڵاتییان لەلایەن خۆبەڕێوەبەریى کانتۆنى عەفرین هاووڵاتییان لە شارەکە چوونە دەرەوە. سەدا ٩٠ی هاووڵاتییانى عەفرین کە داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیان قبوڵ نەکرد بڕیاریان دا لە شارەکە بچنە دەرەوە، بەڵام هەندێک لە هاووڵاتییان، کە زۆرینەیان کەسانى بە تەمەن بوون بڕیاریاندا لە شارەکەدا بمێننەوە ورایانگەیاند، چی دەبێت با ببێت بەڵام لە شارەکەدا دەمێننەوە.

١٧٥ هەزار کەس کۆچبەر بوون

دواى دوو رۆژ لە رێکردن بۆ کۆچبەری، زیاتر لە ١٧٥ هەزار هاووڵاتیى عەفرین گەیشتنە کانتۆنی شەهبا. هاووڵاتییانى عەفرین لەلایەن گەل و خۆبەڕێوەبەریى شەهباوە پێشوازییان لێکرا و لە شارۆچکەکانى ئەحرەس، فافین، تەل رەفعەت، کەفەرنا و نزیکەى ٥٠ گوندى ئەو شارۆچکانەدا نیشتەجێکران. لەبەر ئەوەى هەرێمەکە ماوەیەکى کەمبوو لە چەتەکان پاککرابووە، هاووڵاتییانى عەفرین لە هەندێک شوێندا مانەوە کە تەنانەت کێڵگەى مین و بۆمبی چێندراوی چەتەکانی تیادا بوو. هەروەها هەزاران هاووڵاتیى تری عەفرین لە ١٠ گوندی ناوچەى شێراوای عەفرین و شارۆچکەى نوبول و زەهرای حەڵەبیش نیشتەجێکران.

لە شەهبا کامپ دروستکران

خۆبەڕێوەبەریى کانتۆنەکانى عەفرین و شەهبا بۆ دابینکردنى پێداویستیى سەرەتایى و سەرەکیى هاووڵاتییان دەستیان بە هەڵمەتى هەمەلایەنە کرد. خۆبەڕێوەبەریى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بەپێى تواناکانیان دەستیان بە هەڵمەتى هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى عەفرین و دابینکردنى پێداویستییەکان کرد. لە ماوەیەکى کەمدا چەند کامپێکى گەورە دروستکران و بەشێکى زۆری لەو هاووڵاتییانەى عەفرین، کە شوێنى نیشتەجێبوونیان نەبوو لەو کامپانەدا نیشتەجێکران. ئێستا لە کامپی بەرخودان ٣ هەزار هاووڵاتى، لە کامپی سەردەم ٣ هەزار و لە کامپی عەفرین ٥٠٠ و لەکامپی شەهبا ٦٣٧ و لە کامپی گەڕانەوە زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی نیشتەجێکراون.

سەرلەنوێ خۆبەرێکخستنکردنەوە

عەفرینییەکان لە شەهبا سەرلەنوێ دەستیان بە بونیاتنانەوەى ژیان کرد و خۆیان بە رێکخستن کرد. لەلایەکى تریشەوە لە چاوەڕوانیى ئەوەدان هێزەکانى رزگاری عەفرین، عەفرین ئازاد بکەن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. گەلی عەفرین لە شوێنێکى بچووکدا بۆ خۆیان کۆمون، ئەنجوومەن، خوێندنگە، نەخۆشخانە و شارەوانییان دروستکردووە.

 

'دەبیت دونیا ئەو بەرخودانە ببینێت'

ئیدریس وەقاس، کە لە بەری جندرێس بەشداریى لە بەرخودانى عەفریندا کردووە و ئێستا لە بەڕێوەبەریى کامپی سەردەمدایە رایگەیاند، گەلی عەفرین ئەرک و بەرپرسیاریى مێژووی و مرۆیى خۆی ئەنجامداوە وراشیگەیاند "گەلی عەفرین چییان لە دەست هات ئەنجامیاندا. ئێمە تا دوا هەناسەمان پشتیوانی شەڕڤانەکانى خۆمانین و لە پشتیان وەستاین و دەشوەستین. ئەوە ئەرکێکى مرۆیى و وڵاتپارێزی بوو. دەتوانم بڵێم، گەلی عەفرین بە رۆڵی هەستا و رۆڵەکەى خۆی ئەنجامدا. لە دژی فڕۆکە جەنگییەکان تەنها جەستەمان هەبوو، بەڵام دونیا خۆی کەڕ کرد. نوێترین چەک و تەکنەلۆژیاى سەربازى لە دژی ئێمە بەکارهێنرا. لە راستیدا ئەوەیان دژ بە مرۆڤایەتى بەکارهێنا. چونکە لە کەسایەتیى عەفریندا مرۆڤایەتى خۆڕاگری و بەرەنگاریى دەکرد، بەڵام دونیا ئەوەى نەبینى".

'بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەکەین'

ئیدریس وەقاس وتیشی "ئێمە تێکنەشکاوین. شەڕ روودەدات و هەندێکجار مرۆڤ سەردەکەوێت و هەندێکجاریش سەر ناکەوێت، بەڵام ئێمە تێکنەشکاین، گەلی عەفرین تێکنەشکا. لەسەر هەموو شاخ و گردێکى عەفریندا، لە هەموو دۆڵێکى عەفرین ولە بن هەر دارێکدا بەرخودان و بەرەنگاریى قارەمانانە ئەنجامدران، کە دەکرێت چەندین رۆژ باس لە هەر یەک لەو بەرخودان و بەرەنگارییانە بکرێت. ئێمە بەوە سەربەرزین. ئێمە بە بەرخودانەکەمان سەربەرزین. ئێمە هەرگیز دەستبەرداری عەفرین نابین و بە دڵنیاییەوە عەفرین رزگار دەکەین. لەوێ شەهیدمان هەیە و ئێمە دەستبەرداریان نابین".

سبەی: بابەتەکانى تاڵانکردنى عەفرین، رفاندنی هاووڵاتییانى عەفرین، دەستدرێژی و فیدییە، پلان بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیا، سیستمى نوێ لە عەفرین، گروپە چەتەکان لە عەفرین و شەڕی ناو ئەو گروپانە و بەرخودانى گەلی عەفرین بڵاو دەکەینەوە.

ر.م

..............