٦٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی سینەمای عامود تێدەپەڕێت

ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ لە ناوچەی عامودی سەر بە شاری قامیشلۆ لە سینەمای عامود، ٢٨٣ منداڵی کورد کوژران. ٦٣ ساڵ بەسەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا تێپدەپەرێت.

ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠، لە ناوچەی عامودی سەر بە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا،لە سینەمای شاری عامود ٢٨٣ منداڵی کورد کوژران. ٦٢ ساڵ بەسەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە و تا ئێستاش گەلی کورد ئەم کۆمەڵکوژییەی لەبیر نەکردووە. ٥٠٠ منداڵی کورد بۆ یەکەمجار لە ژیانیاندا ویستیان لە سینەمای شەهرەزاد لە عامود سەیری فیلمی "جەریمەت نیسیف ئەل لەیل" (تاوانەکانی نیوەشەو)" بکەن. ئەو فیلمە لەسەر بنەمای شۆڕشی جەزائیر دروستکراوە، میسر ئەو فیلمەی دروستکردبوو. دوای ئەوەی فیلمەکە دەستی پێکردبوو ئاگر بە پەردەی هۆلی سینەماکە کەوتبوو، پاشان ئاگرەکە تەشەنەی سەندبوو تا ئەو ڕادەیەی کە هۆڵەکە بە تەواوی گری گرتبوو. لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا، دوو دەرگای تەسکی هۆڵی سینەماکە کە ١٣٠ مەتر چوارگۆشەیە، داخرابوو. سینەماکە کە لە خشت دروست کرا بوو، لە ماوەیەکی کەمدا ئاگری گرت و داڕما. بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٨٣ منداڵی تەمەن ٨-١٤ ساڵ گیانیان لەدەستدا. هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ئەم ڕووداوەدا نەکرا. ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، دەسەڵاتدارانی سوریا ڕایانگەیاند کە "ئەمە چارەنووسە، هیچ شتێک نییە کە ئەنجامی بدەین" و ڕوونیشیان کردەوە کە ئاگرەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە بووە. بەڵام لە کاتی ڕووداوەکەدا هیچ کام لە تەکنیک کاران و کارمەندانی سینەماکە زیانیان پێ نەگەیشتبوو، سەربازەکان دەستوەردانیان نەکردبوو، دەرگاکانیش قوفڵ کرا بوون و هیچ لێکۆڵینەوەیەکیش ئەنجام نەدرا. ئەمانە هەموویان بەلگەن لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە.

 باخچەی پاکرەوانان کە لە شوێنی سینەماکە دروست کراوە، وێنەی محمد سەید ئاغای دەقوری (١٩٢٨-١٩٦٠)لە ناو باخچەکەدا هەلواسراوە، محەمەد سەید ئەو کەسەیە کە لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا مناڵێکی زۆری لە ئاگری سینەماکە ڕزگار کرد. لە باخچەکەدا بیرێکی ئاو هەیە کە لە کاتی ئاگری سینەماکەدا دەیان منداڵ لە باڵکۆنی سینەماکە خۆیان هەڵداوەتە ناو ئاوی بیرەکەوە تا ئێستاش ماوە.

ئەو منداڵانەی لە کۆمەڵکوژی عاموددا گیانیان لەدەستدا، لەلایەن خۆبەرێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بە شەهیدی شۆڕش ناسێندران.