'کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یەکگرتووانە خاوەنداری لە هەڵمەتی ئازادی دەکات'

سلێمان عیسا ئەحمەد لە دەستپێشخەری ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ باسی لەوەکرد، کە کۆمەڵگەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە رۆحێکی بەهێز خاوەنداری لە هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد کردووە و وتی، "هەڵمەتەکە زۆر بە بەهێزی بەردەوام دەبێت".

لەپێناو ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە دروشمی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هەڵمەتێک دەستپێکرا. دامەزراوە و رێکخراوەکان لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش رایانگەیاند، کە ئەوانیش بەشداری ئەو هەڵمەت و تێکۆشانە دەبن و لەماوەی ئەو یەک ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر چالاکییان ئەنجامدا.

ئەندامی دەستپێسخەری 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ' سلێمان عیسا ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی بۆ چالاکییەکانی یەک ساڵەیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کرد.

عیسا ئەحمەد بە ئاماژەدا بەوەی لە یەک ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیدا لە جیهان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان چالاکی زۆر ئەنجامدراون و هەڵمەتەکە بەرفراوان بووە، باسی لە دەربڕینی پشتیوانی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی وەک پەرلەمانتاران، رۆژنامەوانان، رۆشنبیران، نوسەران و زانایان کرد و ئەوەی خستەڕوو: "لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لە ٧٤ ناوەندی جیهان، لە وڵاتانی وەک بەنگلادیشیش ژنان وێنەکانی رێبەرایەتیان بەرزکردەوە و داوای ئازادی جەستەیی رێبەرایەتیان کرد. ژنان لەوێ بینیان کە بۆ ئازادی خۆیان و وڵاتەکەیان پێویستیان بە ئازادی رێبەر ئاپۆ هەیە. پێشوازییان لە هەڵمەتی ئازادیی رێبەرایەتی کرد و ئەمەش نیشانی کە مرۆڤایەی تا چ ڕادەیەک پێویستی بە فکر و فەلسەفەی رێبەرایەتی هەیە".

روونیشیکردەوە، "رێبەر ئاپۆ لە پارێزنامەکانیدا بە بەرفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆ کێشەکانی ئابوری، سیاسی، ئیکۆلۆژیک، ئازادی ژنان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردووە و رێگە چارەی هەمیشەیی خستووەتەڕوو. ئەوانەی بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کرد ئەو مرۆڤانەن کە لە چەند بوارێکدا پسپۆڕن. ئەوانە خوێندنەوەیان بۆ پاڕێزنامەکانی رێبەرایەتی هەیە و لە ئەندێشەکانی تێگەیشتوون و بڕوایان پێی هەیە، بۆیەش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە.

لەبەر ئەوە لە زۆر شوێنی جیهان لە ئاستێکی بەرزدا خاوەنداری لە هەڵمەتەکە هاتە ئاراوە. چالاکیی سازکرا، رێپێوانی جەماوەری بەڕێوەچوون. لە ئەڵمانیا بە سەدان هەزار کەس رێپێوانیان کرد. زۆر رێپێوان، گردبوونەوە، کۆنفڕانس و کۆنگرە بەڕێوەچوون. جیالەوانە گروپەکانی خوێندنەوەی پارێزنامەی رێبەرایەتی سازکرا. خەڵکێکی زۆر لەپێناو ئازادیی رێبەرایەتی دەنگیان هەڵبڕی. کاتێک ئەوە دەکەن دەریدەخەن کە نەک هەر لە پێناو گەلی کورد، بەڵکوو لە پێناو تەواوی جیهان و مرۆڤایەتی ئەو داواکارییە بەرزدەکەنەوە. چونکە تەواوی مرۆڤایەتی و جیهان پێویستیان بە رێبەر ئاپۆ هەیە. لەسایەی ئەوەشەوە رۆژ لە دوای رۆژ هەڵمەتەکە بەرفراوانتر بوو".

'بیرۆکەی ئازادیی رێبەرایەتی هەمووانی کۆکردەوە'

سلێمان عیسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە وەک دەستپێشخەری ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی، دەستپێشخەری گەل و پارێزەران لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد و بەگوێرەی دەرفەت و هێزی خۆیان بەشداربوون، "چونکە بەلای ئێمەوە رێبەرایەتی خودی ژیانە. رێبەر ئاپۆ ئەو کەسەیە کە واتای ژیانە، خۆشەویستی ئازادی لە دڵماندا چاند. ئەگەر ئێمە لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا تێنەکۆشین ئەو کاتە ئێمە راستی ئازادی خۆمان و هەبوونی خۆمان ون دەکەین و لەدەستی دەدەین. گەلەکەمان لەبەر ئەوەی ئاگاداری ئەمەیە بە شێوەیەکی بەهێز بەشداری لە هەڵمەتەکەدا کرد".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سلێمان عیسا ئەحمەد هێمای بۆ ئەوەی کرد کە سەرباری جیاوازی بیر و را، بەڵام 'هەمووان لە چوارچێوەی بیرۆکەی ئازادیی رێبەرایەتیدا  یەکیان گرت و کۆبوونەوە، لە سەرەتای کەمپینەکەدا چاوەڕوانییەکی دیاریکراو و ئامانجێکی دیاریکراومان هەبوو بەڵام ژمارەی ئەو واژۆیانەی کۆکرانەوە لە سەرووی چاوەڕوانیمانەوەبوو. لە شارەکانی سوریا وەک سوەیدا، دیمەشق، سەلامیە، تارتوس، لازقیە، حەما و حومس واژۆکۆکرانەوە. بانگەوازەکە ئیتر لە سەرووی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە هەموو ناوچەکەدا بڵاوبووەوە. "

عیسا ئەحمەد بەم جۆرە بە کورتی باسی لە چالاکییەکانیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد: "لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چەندین کۆنفڕانسی گرنگ بەستران. لە رەقە کۆنفڕانسی یاسایی و تەندروستی سازکرا. بە سەدان کەس بەشدارییان کرد و پلان و بەرنامەی نوێیان دانا بۆ ئەوەی پەرە بە تێکۆشان بدەن. لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا نامە ئاراستەی سی پی تی، رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، رێکخراوەکانی تایبەتمەندی بواری یاسا و چەندین حکومەت کرا.  وەک دەستپێشخەری ئازادیی رێبەر ئاپۆ ژمارەیەکی زۆر پارتی سیاسیمان بەسەرکردەوە و زۆرێک لەو پارتانە ئامادەییان دەربڕی کە بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکەن. ژنانیش تێکۆشانێکی گرنگیان بەڕێوەبرد. رێکخراوەکانی ژنان لە هەرێمەکە بە دروشمی ' ناسنامەی ژنی ئازاد لە رێگەی رێبەر ئاپۆوە دەستەبەر دەبێت' رژانە شەقامەکان. هەروەها نوێنەرانی هۆزە کوردی و عەرەبیەکانیش کۆبوونەوە و تێکۆشانی هاوبەشیان کرد. لەگەڵ رێبەران و کەسایەتیە ئایینیەکانیش کۆبوونەوە سازکرا و لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ هاتەئاراوە.

'گەل رێبەر ئاپۆ وەک ئیرادەی خۆی دەبینێت'

لەو شوێنەی تیرۆری تێدابوو، کۆمەڵگە رووبەڕووی لەناوچوون بوو. بەڵام دوای ئەوەی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ هەمووشوێنێکی تەنیەوە، هەمووان توانیان را و هزری خۆیان دەربڕن و پەرەی پێبدەن. لەو سۆنگەوە بەرپرسانی مەسیحیش وتیان کە ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئازادیی ئەوانە. گەل بە ئاشکرا نیشانیدا کە رێبەر  ئاپۆ وەک ئیرادەی خۆیان دەبینن. چونکە رێبەر ئاپۆ بۆ هەموو کێشەکان چارەسەری دەخاتەڕوو".

سلێمان عیسا ئەحمەد لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد هەڵمەتەکە ساڵێکی چڕ و پڕی تێپەڕاند و ئەنجامی زۆری بەدەستهێنا و وتی: "بە خوێندنەوەی ئەندێشەکانی رێبەرایەتی، بە تێگەیشتن لە هزری رێبەر ئاپۆ، ئێمە هێرشەکانی تورکی فاشیست تێکدەشکێنین، کە ئەو هێرشانە درێژکراوەی پیلانگێڕین. ئێمە تێگەیشتنمان لە رێبەر ئاپۆ چەندە بەهێزتر بکەین، ئەوەندە زوو دەگەینە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ. ئامانجی ئێمە بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ چەندە بەهێز بێت، لەو ئاستەشدا دەتوانین پیلانگێڕیی تێکبشکێنین".