دۆخی ئیمراڵی پێش ١٥ی شوبات – ١٥ –

دوورگەى ئیمراڵی کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە دواوە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی تیادا رادەگیرێت، لە ساڵی ١٩٣٦ەوە وەک زیندان بەکار دەهێنرێت. لە نازییەکان سوودوەرگیرابوو بۆ دروستکردنی و کەمپی کارکردنی زۆرەملێی تیادا دروستکرابوو.

ئیمراڵی سەر بە پارێزگای بورسایە و یەکێکە لە ٢٥ دوورگەکەی مەڕمەڕە. رووبەرەکەى ١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیەوە و بەوەش دەبێتە چوارەمین گەورە دوورگەى مەڕمەڕە. نیشتەجێبوونی بەکۆمەڵ لە ئیمراڵی لە سەدەی ٧هەمەوە دەستیپێکردووە. دوای ئەوەى رێککەوتنی لۆزان لە ١٩٢٣ ئیمزا کرا، خەڵکی دوورگەکە بەرەو یونان کۆچیان پێکرا و نێردران بۆ یونان.

ئیمراڵی لە ١٩٢٤ەوە تاوەکو ١٩٢٥ چۆڵ بوو و بە پەناگەیەکی هەڵهاتووەکان دەناسرا. دواتر لە ٤ی ئایاری ١٩٣٥دا لە رۆژنامەى جمهوریەتدا بڵاوکرایەوە: "بەشێک لە حەماڵەکانی ئیستەنبول بێکارن و سەردانی بەرپرسە پەیوەندیدارەکانیان کردووە و داوایانکردووە، زەوییە بێ خاوەنەکانی ئیمراڵییان پێ بدرێت. تاوەکو ئەو دوورگەیە ئاوەدان بکەنەوە و تیایدا دەستیش بە کاری ماسیگری بکەن".

ماوەیەکى کەم دوای ئەو داوایە، حکومەتی تورکی ئەو کاتە دەستبەرداری ئەوە بوو، کە دوورگەکە بۆ ماسیگرتن بە کار بێت و بڕیاریدا زیندانی تیادا دروست بکات. لەو چوارچێوەیەدا لە ١١ی ئابی هەمان ساڵدا سەرەتا ٥٠ سزادراویان لە زیندانەکانی ئیستەنبول، ئوسکودار، بیلەجەک، موستەفا کەمال پاشا، تەکیرداغ و بورسا نارد بۆ ئیمراڵی. ئەو زیندانیانە بۆ ئیمراڵی هەڵبژێردرابوون تەمەنیان لە نێوان ٢١ و ٤٠ ساڵدا بوو. سزاکانی زیندانیکردنیان لە ٢ ساڵ و نیوە دەستیپێکرد بۆ ١٠ ساڵ زیندانی و لەوە کەمتر و زیاتری تیادا نەبوو.

لە چەند مانگی سەرەتادا هێشتا شوێنێک نەبوو، کە زیندانییەکانی تیادا بمێننەوە. لەبەر ئەوەش تاوەکو دروستکردنی زیندانێکی گەورە بۆ جێبوونەوەی ٣ هەزار زیندانی، ئەو سزادراوانە لە ٣ شوێنی مانەوەی پیاوانی کڵێسەکانی دوورگەکەدا رادەگیران. بۆ هەر زیندانییەکیش پێداویستی و کەلوپەلی ماسیگری و کشتوکاڵ دەنێردرا. چونکە لە زیندان زیاتر پلان بۆ ئەوە دادەنرا، کە لە کامپەکەدا شوێنی کاری زۆرە ملێ دروست بکرێت.

 شوکرو سەڕاج ئۆغڵو وەزیری دادی ئەو سەردەمە بە شێوەیکی ئاشکرا دەیوت، پلانی ئەوەیان هەیە دوورگەی ئیمراڵی بکەن بە "دوورگەی راهێنان و پەروەدەکردنی سزادراوان". سەڕاج ئۆغڵو لە ژماری رۆژی ٥ی ئەیلولی ١٩٣٦دا رۆژنامەى جمهوریەتدا لەبارەى ئەو سیستمەوە، کە ئەوان لە ئیمراڵی دروستی دەکەن وتی، "سەرەتا ئەو سزادراوانە کە دەنێردرێن بۆ دوورگەکە وەک بەشێک لە سزاکەیان دەخرێنە ژووری تاکە کەسییەوە. تەنها پارویەک نان و هەندێک میوەیان پێدەدرێت. ئەوان ناتوانن جگەرە بکێشن، ناتوانن چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت. ئەو زیندانیانەى ئەو ماوەیە بە شێوەیەکى ئارام و بونیاتنەر تێدەپەڕێنن ئەوا لە بەشی دووەمدا هەندێک رێگادانی تریان بۆ دەڕەخسێنرێت، ئینجا لە بەشی سێیەم و چوارەمەدا بەپێی دۆخی تایبەت هەندێک ئیمتیازیان پێدەدرێت تاوەکو ماوەى زیندانیبوونەکەیان تێدەپەڕێنن. ئەوانەى لە زینداندا بە ئارامی نەجوڵاونەتەوە لە هەلومەرجی قورستردا رادەگیرێن. خاڵی سەرەکی، کە ئێمە لەبارەی زیندانییەکانەوە بۆ خۆمانمانمان داناوە، ئەوەیە زیندانیانی ئەوێ بەبێ ئەوەى ببن بە بار بۆ حکومەت و بنماڵەى خۆیان کار دەکەن، خەرجیی خۆیان و دامەزراوەکەش، خۆیان بۆ خۆیان پەیدای دەکەن.

سزادراوان ئەو خواردنانە دەخۆن، کە ئێمە پێیان دەدەین، ئەو جلوبەرگانە لەبەر دەکەن، کە ئێمە پێیان دەدەین، ئەو رێگایەى ئێمە پیشانیان دەدەین بەو ڕێیەدا دەڕۆن و کار دەکەن، بەو شێوەیە دەژین. لە ماوەیەکی نزیکدا من دەڕۆم بۆ ئیمراڵی و ئەوە ناوەندە دەبینم، کە ئێمە بۆ سزاداراوان و زیندانیانمان ئامادە کردووە. سزادراوان لەوێ بە شێوەیکى بێ وێنە و بێ هاوتا کاریان پێ دەکرێت. ژمارەی زیندانیان لە دەورووبەری ٣٥ هەزار کەسدایە. سزا بۆ ١٧ هەزار کەسیان بڕاوەتەوە. یاسای پارێزەران ئەمساڵ پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، بەڵام ئێمە بیستومانە، کە ئەڵمانەکان یاسایەکی نوێ ئامادە دەکەن. لەبەر ئەوەی ئێمە بە دڵنیاییەوە سوودی لێوەردەگرین، چاوەڕێی بڵاوکردنەوەکەى ئەو یاسایە دەکەین".

سەڕاج ئۆغڵو  کە پێش ساڵانی شەڕی جیهانیی دووەم وەزیری دەرەوە بوو و دواتر بووە سەرۆک وەزیران، پشتیوان و لایەنگرێکی نازییەکان بوو. لەبەر ئەوە رووی لە ئەڵمانیای فاشیست کردبوو. هەر خۆی ئەو ساڵانە کە ئەو بیری لەوە دەکردەوە لە ئیمراڵی کامپ و ئۆردوگای زۆرەملێ دروست بکات، کامپ و ئۆردوگا زۆرەملێیەکان لە ئەڵمانیا زۆر زووتر لەلایەن هیلتەرەوە دروستکرابوون. نازییەکان لە ساڵانی ١٩٣٠دا لەسەر دەروازەی کامپەکانی کۆکردنەوە (کامپی زۆرەملێ) تابلۆیەکیان هەڵواسیبوو کە تیادا نووسرابوو: "Arbeit macht frei" (کار مرۆڤەکان ئازاد دەکات)، دروشمەکەی سەڕاج ئۆغڵوش لە ساڵی ١٩٣٦دا بریتی بوو لە "کارکردن ژیانە".

بەپێی ئەو پێوەرانەی سەڕاج ئۆغڵو دەستنیشانیکردبوون، دوای ماوەیەکی کەم لە دوورگەکەدا کار دەستیپێکرد. دوای ماوەیەکیش فرۆشگە بۆ فرۆشتنی بەرهەمی سزادراوان لە بورسا کرایەوە. ئامانجەکەیان ئەوە بوو، ئەو ماسییانەى لەلایەن سزادراوانەوە راوکراون و بەرهەمی کارە کشتوکاڵییەکانی سزادراوان بفرۆشن. بەرهەمەکە ساڵی یەکەم زۆر زۆر بوو. سەڕاج ئۆغڵو کاتێک لێهاتوویی سزادراوانی لە ئیمراڵی بینی، فەرمانی دەرکرد، کە مۆدێل و نمونەى ئیمرالی لە زۆرێک لە ناوچەکانی تر پەیڕەو بکرێت و کار بەو مۆدێلە بکەن. دوای ئیمراڵی لە ئەدیرنە و ئیسپاراتە ٢٥٠ سزادراو لە کاری هەلاجی و فەڕشکردندا و زۆنگولداغیش ١٥٠ زیندانی لە کانەکانی خەڵوزدا خرانە ژێر کار.

'بە کارکردن، پەروەردەیان دەکەین'

ئەو ناوانەى کە بە فەرمانی وەزارەتی داد بۆ دوورگەی ئیمراڵی بەکاردەهاتن سەرنجڕاکێش بوون، ئەوانیش بریتی بوون لە ناوەکانی، شاخی ئەتاتورک، شاخی عیسمەت ئینۆنو و چەمی سەڕاج ئۆغڵو. هەروەها ناوی باوکی سەڕاج ئۆغڵو، واتە سەڕاج ئەحمەد ئوستا چەشمەسی لەسەر کانییەک لە ناوچەکە دانرا. لە تشرینی دووەمی ١٩٣٦دا سەڕاج ئۆغڵوی وەزیری داد ئەم هەواڵەى بە رۆژنامەنووسانی ئەو کاتەدا: "ئەو زیندانە نوێیە، کە ئێمە لە بەشی دواوەوەی دوورگەکە دروستمانکردووە بۆ هەموو جیهان دەبێتە نمونە".  

لە ساڵی ١٩٣٦دا ژمارەی زیندانیانیان لە گرتوخانەى ئیمراڵی بەرزکردەوە بۆ هەزار کەس. کەسێکی تر کە سەردانی ئیمراڵیی کرد، فەتحی ئۆکیار بوو. ئۆکیار دوای ئەوەى بوو بە وەزیری داد، خێرا و راستەوخۆی سەردانی دوورگەکەى کرد، لەلایەن زیندانیان یەکپۆشەوە کە ریزیان پێبەسترابوو پێشوازیی لێکرا. ئەو سەردانە ١٩ی ئابی ١٩٣٩ لە رۆژنامەى جمهوریەتدا بە مانشێت و ناونیشانی "ناوەندی لەمجۆرە زۆر دەکرێن" بڵاوکرایەوە. لە هەواڵەکەدا راگەیاندرابوو، ئۆکیار لێکۆڵینەوەى لە پیازانە کردووە، کە لەلایەن زیندانییەکانەوە چێندراون. ئۆکیار پێش ئەوەى لە دوورگەکە بڕواتە دەرەوە، لە دەفتەری یادداشتی زیندانەکەدا نووسیی، "لەم ناوەندەدا، لە بریی ئەوەى سزادراوان بە شێوازی زیندانیکردن و توند راهێنانیان پێ بکرێت و پەروەردە بکرێن، بە کارکردن پەروەردە دەکرێن و وەک مرۆڤێک، کە کەڵکیان بۆ کۆمەڵگە هەبێت پەروەردە دەکرێن. من دڵخۆشم، چونکە ئەم ناوەندەم بینی".

لە ساڵی ١٩٤٠ دا ئیدی ئیمراڵی بوو بوو بە ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنان. رووی جێ و بانەکان، قوماشی سەر مێزەکان، دەستماڵ، گۆرەوی لە کارگەکانی زیندانی ئیمراڵی دروست دەکران و لە هەموو شوێنێکی تورکیادا دەفرۆشران. کوالیتی و باشیی بەرهەمەکان سەرنجڕاکێش بوون. لە ساڵی ١٩٥٨ دا دەزگای گۆشت و ماسی لەگەڵ وەزارەتی داد رێککەوتن و بڕیاریاندا، ئەو ماسییانەی لەلایەن سزادراوانەوە لە ئیمراڵی راو دەکرێن و لە فرۆشگەکانی خۆیاندا بیانفرۆشن.

سەرباری کامپی کارکردن، ئیمراڵی لە مێژووی نزیکی تورکیادا، حەوانگە و کامپی میوانداریی لە کاتە چارەنووسسازەکانی تورکیا بووە. دوای کودەتای ساڵی ١٩٦٠ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا عەدنان مەندەرەس و وەزیرانی ئەو کاتە فاتێح روشتو زۆرلو و حەسەن پۆڵات کان،  سێدارەیان بۆ دانرا و لە سێدارە دران. دوای ئەوەش سینەماکاری ناودار یڵماز گۆنای، کامێرامان و وێنەگر ئیبراهیم باڵەبان و وێنەگری رۆم ئانگولۆس ستافۆنۆدیس نێردران بۆ ئیمراڵی و لەوێ زیندانیکران.

بووە بابەتی " ئیکسپرێسی نیوە شەو"

ئیمراڵی دوای ساڵانی ١٩٤٠ جاروبار دەبووە رۆژەڤی تورکیا. هەروەها لە ساڵی ١٩٤٧دا لەسەر چیرۆکی ژیانی سزادراوان لە ئیمراڵی فیلمێک بە ناوی "یارا – برین" دروستکرا و نمایش کرا. لەو نێوانەشدا هەڵهاتنیش لە ئیمراڵی رووی دەدا. سزادراوان بە ناوەکانی شەعبان، عوسمان و خەلیل ٦ مانگ دوای ئەوەى رەوانەی زیندانی ئیمراڵی کران لە کانوونی دووەمی ١٩٣٦دا لە ئیمراڵی هەڵهاتن و بوونە یەکەم سزادراوان، کە لەو دوورگەیە هەڵهاتوون. رۆژنامەى جمهوریەت ئەوکات ئیمراڵیی بە شوێنێکی نایاب و کەشخە و لوکس دەزانی، بەڵام ئەو رووداوانەی بە ناونیشانی "باشی بۆ ئەوان سوودی نییە" بڵاودەکردەوە.

هەڵهاتنەکەى تشرینی یەکەمی ١٩٧٥ لە ئیمراڵی، نەک تەنها لە تورکیا بەڵکو لە جیهانیشدا بووە مانشێتی رۆژنامەکان. هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی ویلیام هایس کە لە ساڵی ١٩٧٠ بە ٢ کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرابوو و سزای ٣٤ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو، دوای زیندانەکانی ساغ ماجلەر و باقرکۆی رەوانەى زیندانی کراوەی ئیمراڵی کرا. ویلیام هایس لە ئیمراڵی هەڵهات. لە رێگەى یونانەوە خۆی گەیاندە وڵاتەکەى خۆی و بەسەرهاتی خۆی نووسی و بڵاویکردەوە. بە دەرهێنانیی ئالان پارکەر، ژیانی هایس لە ساڵی ١٩٧٨ بە ناوی "ئیکسپرێسی نیوە شەو" کرا بە فیلم و بڵاوکرایەوە.

سبەی: پیلانگێڕی، هەنگاوی یەکەم و چارەنووسسازی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورە بوو

ژ.ت