٤٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى مەرەش

دەوڵەتى تورک دواى ١٣ ساڵ دۆسیەى کۆمەڵکوژیى مەرەشی داخست. دەوڵەت دۆسیەى ئەو کۆمەڵکوژییە داخست. لە دواى ٢ ساڵ لەو داخستنە، کۆمەڵکوژیى سیواس روویدا. هاوپەیمانانى ئەو کۆمەڵکوژییانە لە دواى ٤٠ ساڵ، ئێستاش لە تورکیادا دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە.

ئێوارەى رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ / ٢٨ی سەرماوەز لە سینەماى چیچەک لە مەرەش فیلمی "زەینەل و ڤەیسەل - Zeynel île Veysel " نمایش دەکرا، بەڵام لە ناکاو لە سینەماکەدا فیلمی "رۆژ کەی هەڵدێت - Guneş ne zaman dogacak" پەخشکرا. ئەو فیلمە نەژادپەرستانەیە باسی لە شەڕی تورکەکانى کریمییە لە دژی رووسیا دەکرد. لە فیلمەکەدا سوکایەتیى زۆر بە کۆمۆنیزم  دەکرا و لە رێگەى فیلمەکەوە پەیامێکیان بۆ چەپەکانى ئەو سەردەمە بڵاوکردەوە.

کاتێک گەنجانی نەتەوەپەرست سەیری فیلمەکەیان دەکرد، بۆمبێکى دەنگی کە زیانى زۆر کەمبوو تەقێنرایەوە. قەرەباڵغی سینەماکەى شێواند و یەکێک هاتە دەرەوە و وتی "چەپەکان بۆمبیان هەڵداوەتە سینەماکە". ئەو قسەیە بە خێرایى و لە ماوەیەکى کەمدا بە شارەکەدا بڵاوبوویەوە. چەند گروپێک رژانە شەقامەکان و دروشمی "ئێمە عەلەوییەکانمان ناوێت"یان بەرزکردەوە و هەوڵیاندا گەل دنە بدەن. ئەندامانى کۆمەڵەى گەنجانی نەتەوەپەرست (UDG) لە ناوچەکانى ترەوە هێنران بۆ ناو شارەکە و بەو شێوەیە ژمارەى فاشیستەکان زیادیکرد. بە دروشمی "خوێنیشمان بڕژێت سەرکەوتن هەر بۆ ئیسلامە" دەستیان بە هێرشەکانیان کرد.

محەمەد لەبلەبیجی سەرۆکى کۆمەڵەى گەنجانی نەتەوەپەرستى قارەمان مەرەش (مەرەش) و موستەفا کانلدەرەیى جێگری، سەرکێشیى ئەو هێرشانەیان دەکرد. دواتر ناوی ئەو کەسانە لە ناو رووداوە سیاسییەکاندا زۆر بیسترا. ئەوەى بۆمبەکەى لە سینەماکەدا تەقاندبووە کەسێک بوو بە ناوی ئۆککەش کەنگەر، کە یەکێک لە ئەنجادەرە سەرەکییەکانى کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش بوو.

خەتیب: "عەلەوییەکان بکوژن"

ئێوارەى ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ / ٢٩ی سەرماوەز بۆمبێک لە قاوەخانەى عەلەوییەکان تەقێنرایەوە. دەیان کەسی بریندار کرد، بەڵام هاووڵاتییان لە ترساندا نەیاندەوێرا بڕۆن بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم / ٣٠ی سەرماوەز ٢ مامۆستا کوژران.

ئەوەى لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى مامۆستاکاندا روویدا، نیشانەی ئەوەى تیابوو، کە دواتر چ توندوتیژییەک روو دەدات. مستەفا یڵدز مەلاى مزگەوتى باغلار باش، کە تەرمەکان لە مزگەوتەکەیدا هەڵدەگیران و دەبران بۆ گۆڕستان خوتبەیەکى دا و وتی "بە رۆژووبوون و بە نوێژکردن مرۆڤ نابیت بە حاجی. کێ عەلەوییەک بکوژێت ئەوەندە خێر دەگات، کە وەک ئەوە وایە ٥ جار چووبێت بۆ حەج. دەبێت هەموو برا ئایینییەکانمان لە دژی حکومەت، کۆمۆنیزم و بێ دینەکان راپەڕن. ئێمە عەلەوییەکان و سونە بێ ئیمانەکانی سەر بە جەهەپە لە دەورووبەری خۆمان پاک دەکەینەوە".

ئەوانەى لە دواى خوتبەکە بڵاوەیان لێکرد وتیان "نابێت نوێژ لەسەر تەرمی عەلەوییەکان بکرێت" و هێرشیان کردە سەر تەرمەکان و ئەو کەسانەى بەشداری مەراسیمەکە بوو بوون. فاشیستەکان کە بەوە تێر نەبوون بەرەو ناوەندی شارەکە رۆیشتوون و هێرشیان کردە سەر کارگەکانى عەلەوییان. لەو رۆژەدا ٣ کەسی تری ژیانیان لە دەستدا.

کۆمەڵکوژییە گەورەکە دەستیپێکرد

رۆژی دواى ئەوە، فاشیستەکان چەکیان هەڵگرتبوو و دەیانوت "عەلەوییەکان هێرش دەکەن" و بەوەش بە هەموو کەس و لایەکیان دەوێت کە ئێوەش دەست بدەنە چەک. نەک تەنها ئەو پەیامە، بەڵکو بەشێوەى بەربڵاو چەک لە گەڕەکە سونەکاندا بڵاوکرایەوە. لەو کاتە بە دواوە کۆمەڵکوژییە گەورەکە دەستیپێکرد. بەبێ هۆ هێرشیان کردە سەر کۆمۆنیست، چەپەکان و عەلەوییەکان. تێکدان و رووخاندن، ئاگرتێبەردانیان ئەنجام دەدا و کێش دەهاتە سەر رێگاکەیان دەیانکوشت.

ئاسایش بوو بە یەکەم دەزگا، کە بەپێى یاسای قەدەغەى هاتوچۆکردن جوڵایەوە و هاتوچۆی لە خۆی بڕی. نە لە ئەنقەرەوە هاوکاریى سەربازی هات و نە بابەتەکەش خرابووە بەر باس. جگە لە نەژادپەرستەکان کە بە لۆری دەهێنران بۆ شارەکە، کەسی تر نەدەهات بۆ شارەکە.

فاشیستەکان سەرەتا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی یەنی محەلە، سەرین تەپە، ماگارالی، قەرەمەرەش و یۆرویوک سەلیم و هاوکاتیش لە هەر چوار لاوە هێرشیان کردە سەر هەموو گەڕەکە عەلەونیشینەکانى شارەکە. سەرەتا ماڵە عەلەوییەکانیان دیاری دەکرد، یانی دەرگا و دیوارەکەیان بۆیاخ دەکرد یان شتێکیان لەسەر دەنووسی، بە دواى ئەوەدا بە دەستڕێژی گولـلە هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکە، بۆمبیان هەڵدەدایە ناو ماڵەکە و ئاگریان تێبەردەدا و تاڵانیان دەکرد. لەبەر ئەوەى بەهاناوە هاتن نەبوو و هاوکاری نەبوو، بریندارەکان لە شوێنەکانى خۆیان گیانیان لە دەست دەدا. ئەوانەى هەوڵیان دەدا بچن بۆ نەخۆشخانەکان دەبوونە ئامانجی گولـلەی فاشیستە هێرشبەرەکان. رێگا نەدەدرا تەرمەکان لەسەر شەقام  و کۆڵانەکان کۆ بکرێنەوە. ژن، منداڵ، گەنج، بەتەمەن، دووگیان، نەخۆش و هەموو مرۆڤەکان یەک بە یەک خرابوونە ژێر چەپۆکەى مەرگەوە.

بەپێى ئاماری فەرمی، لەو کۆمەڵکوژییەدا ١١١ کەس کوژران. بەپێى سەرچاوەى نافەرمی بەلانیکەمەوە ٥٠٠ کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون. زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و ٧٠ کارگە خاپوورکران. رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم / ٥ی بەفرانبار ئیتر تەنها یەک عەلەویش لە شارەکەدا نەمابوو. ئەوەى بە زیندوویى رزگارى بوو لە شارەکە رایکردبوو.

دەزگاکانى راگەیاندنى تورک ئەو کۆمەڵکوژییەیان وەک شەڕی چەپڕەوەکان – راستڕەوەکان نیشاندا. راگەیاندنەکانى نەژادپەرستەکانیش دەیانوت، ئەوانەى کوژراون کەسانى مەدەنی نەبوون.

دەوڵەت چی دەشارێتەوە؟

دۆسیەى کۆمەڵکوژیى مەرەش تاوەکو ساڵی ١٩٩١ بەردەوامیى هەبوو. زیاتر لە ٨٠٠ کەس دادگایى کران. تاوانباری سەرەکیى ئەو کۆمەڵکوژییە ئۆککەش کەنگەر (دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ شەندیللەر)، هەر وەک ئەوەى بەشداریى لە پێکهەڵپژانێکى ئاسایى لە گەڕەکێکدا کردبێت پارێزگاریى لێکرا و ئازاد کرا. لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن حیزبی رەفاوە بۆ پەرلەمان پاڵێورا و بووە پەرلەمانتاری قارەمان مەرەش. ئەو کەسە هەموو کات وەک مەکینەى کۆمەڵکوژی و وەک کەسێکى بکوژ ناوی دەبرا.

هاوڕێکانیشی بوونە دەسەڵاتدار. ئونال عوسمان ئاغا ئۆغڵو، هالوک کرجی، بونیامین ئادانالی، ئەحمەد ئەرجومەنت گەدیکلی... هتد. بەپێى بەڵگەکان، ئەوە روون و ئاشکرابوو، ئەوان لە کاتى کۆمەڵکوژییەکەدا لە مەرەشدا بوون، لە دۆسیەى کۆمەڵکوژییەکەدا ناویان  شاردرایەوە. بەپێى یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریش ئەو دۆسیەیە داخرا.

دۆسیەى کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش ساڵی ١٩٩١ داخرا. دەوڵەت کە بەهۆی داخستنى دۆسیەى کۆمەڵکوژیى مەرەشەوە شێرە بوو بوو، لە دواى ٢ ساڵ لە داخستنى دۆسییەکە، ئەمجارە لە ٢ی تەمووزی ١٩٩٣ / ١١ی پووشپەڕ کۆمەڵکوژیى عەلەوییەکانى لە سیواس ئەنجامدا.

مێژوو ئەوەى دەرخست، ئەگەر پرۆسەى دادگایکردنى کۆمەڵکوژیەى مەرەش بە شێوەیەکى دادپەروەرانە ئەنجام بدرایە، ئەوا لە سیواس دەیان کەسی تر کۆمەڵکوژ نەدەکران.

ر.م