هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە؛ ترەمپ ئاماژەی بە گۆڕینی ڕژێم کرد
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پەیوەست بە ئێرانەوە گوتی، 'بۆچی گۆڕانکاری لە ڕژێمدا نەکرێت؟'، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی کردەوە. ئێران و ڕووسیا هەماهەنگی و تاوتوێی هەڵوێستی یەکتردان.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پەیوەست بە ئێرانەوە گوتی، 'بۆچی گۆڕانکاری لە ڕژێمدا نەکرێت؟'، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی کردەوە. ئێران و ڕووسیا هەماهەنگی و تاوتوێی هەڵوێستی یەکتردان.
دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێران، لەسەر دیجیتاڵ میدیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "هێندەی ئەوەی لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، زیانێکی زۆر بەر هەموو ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە. باشتریشە بڵێین هەموو ناوەندەکانیان بەتەواوەتی لە نابراوە."
ترەمپ بە دیاریکراوی ئاماژەی بە دەرنجامەکانی گورزەکەی سەر فۆردۆ کرد و گوتی: "زیانی هەرە مەزن لە ژێر خاکدا کەوتووەتەوە، بە تەواوەتی بەر گورزەکە کەووتووە."
'بۆچی گۆڕانکاری لە ڕژێمدا نەکرێت؟'
پێشتر چەندین بەرپرسی باڵایی واشنتۆن بانگەشەی ئەوەیان دەکرد؛ ئامانجی دەستوەردانەکانی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ڕژێم نییە، بەڵام ترەمپ سەرنجی خستەسەر نیازی خۆی کە مەبەست لە گۆڕینی ڕژێمە. ترەمپ لەسەر دیجیتاڵ میدیای ڕاستی (Truht)ـی خۆی گوتی، "گەر ڕژێمی ئێستای ئێران نابێتە نوێنەرەوەی شکۆی ئێران، ئەوکاتە بۆچی گۆڕانکاری لە ڕژێمدا نەکرێت؟".
هۆشداری ئەمریکا لەبارەی گەروی هورمزەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارۆکۆ ڕوبیۆ ئێرانی ئاگادارکردەوە لەوەی دەستبەرداری نیازی داخستی گەروی هورمز ببێت، کە بەشێکی زۆری نەوتی بەرهەمێندراوی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت و ڕێگەیەکی بازرگانی کاریگەرە لەسەر ئابووری جیهان.
ئەمریکا داوای لە هاوڵاتییانی کرد زیاتر وریابن
دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و کاردانەوە و هەڕەشەکانی ئێران بۆسەر ئەمریکا، واشنتۆن داوای لە هەموو هاوڵاتییانی ئەمریکا کرد لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر ئاگادار و وریابن.
هێرشی ئیسرائیل؛ گورز لە ناوەندی سەربازیی ئێران درا لە کرماشان
سوپای ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە یازدەهەمین ڕۆژی هێرشەکانیاندا ڕایگەیاند گورزییان لە ژێرخانێکی سەربازی ئێران داوە لە کرماشان. ئاماژەش بەوەکراوە گورز لە ژێرخانی سەربازی مانگی دەستکرد و ڕاداری ئێران دراوە لە ڕۆژئاوای ئێران.
وەڵامدانەوەی ئێران؛ درۆنێکی ئیسرائیل لە لوڕستان خرایە خوارەوە
سوپای ئیسرائل پشتڕاستی کردەوە فڕۆکەیەکی سەربازییان لە پارێزگای لوڕستان لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازییدا کەوتووەتە خوارەوە.
ناتانیاهۆ: بە بەهێزییەوە درێژە بە کارەکانمان دەدەین لە ئێران و غەززە
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە پێشتر تۆمارکرابوو، باسی لەوەکرد ئیسرائیل بە هەموو توانای خۆییەوە درێژە بە کارەکانی دەدات لە ئێران و غەززە.
ئێران: وەڵامی یەکلاکەرەوەمان دەبێت
ئاژانسی هەواڵیی عەرەبی لە ئێران ڕایگەیاند، فەرماندەی سوپای ئێران ڕایگەیاندووە، "ئەمریکییەکان هەرکاتێک تاوانێکیان ئەنجامدابێت وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان وەرگرتووە، ئەمجارەش هەمان شت ڕوودەدات."
ئایا میلیشیا عێراقییەکان خۆیان بۆ هیچ وەڵامدانەوەیەک ئامادە دەکەن؟
ڕۆژنامەی ئەل ئەخباری لوبنانی کە سەر بە حیزبوڵایە ڕایگەیاند، میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق خۆیان ئامادە دەکەن کە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکان بدەنەوە.
حیزبوڵا بەشداریی لە شەڕدا ناکات
چەند سەرچاوەیەکی لوبنانی لە لێدوانێکیاندا بۆ ڕۆژنامەی سعودی ئەشراق ئەل ئەوسات، ئاماژەیان بەوەدا حیزبوڵا لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە کە بەشداری شەڕ دژی ئیسرائیل نابێت.
ئێران و ڕوسیا تاوتوێی هەڵوێستی خۆیان دەکەن و لە هەماهەنگیدان
رۆژی دووشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی مۆسکۆی کرد. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی ڕوسی تاس، ڕوسیا و ئێران تایبەت بە ئاڵۆزییە هەنووکەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست " تاوتوێی هەڵوێستی خۆیان دەکەن".