فایەق ئەرۆل، جەنگیز یورەکلی، مەزڵوم دینچ و نەورۆز ئویساڵ پارێزەرانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و زیندانیانى ئیمراڵی لەگەڵ بنەماڵەى زیندانییەکاندا سەردانی داواکارى گشتیی کۆمارییان لە بورسا کرد تاوەکو بتوانن لە نێوان رۆژانی ٦ بۆ ١٠ی نیسان لە هەلومەرجێکى گونجاودا چاوپێکەوتنی گونجاو ئەنجام بدەن، یان بە تەلەفون قسە بکەن.
داوا کراوە ئەگەر چاوپێکەوتن بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19)وە ئەنجام نادرێت ئەوا با لە رێگەى تەلەفونەوە پەیوەندی بکرێت و پێکەوە قسە بکەن.
پارێزەران ٧ی ئابی ٢٠١٩ بۆ چاوپێکەوتن سەردانی داواکاری گشتییان کردبوو، بەڵام وەڵامی داواکەیان نەدرایەوە.
عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم، مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش لە رێگەى پارێزەرەکانیانەوە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ براکانیان لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی داواکاری گشتییانکرد. داوایان کردووە، ئەگەر چاوپێکەوتن ئەنجام نادرێت، ئەوا با بە پەلە لە رێگەى تەلەفونەوە قسە لەگەڵ براکانیاندا بکەن.
ژ.ت