٢٤ ساڵ ئەشکەنجە: گۆشەگیری
گۆشەگیری لە زیندانەکانی تورکیا کە لەگەڵ مێژووی کۆماری تورکیا دەستیپێکرد، لەدوای بەدیلگیرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شێوەی سیستماتیکی بەخۆیەوە گرت. گۆشەگیری لەمڕۆدا تەنیا بەسەر یەک کەسدا ناسەپێندرێت.
گۆشەگیری لە زیندانەکانی تورکیا کە لەگەڵ مێژووی کۆماری تورکیا دەستیپێکرد، لەدوای بەدیلگیرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شێوەی سیستماتیکی بەخۆیەوە گرت. گۆشەگیری لەمڕۆدا تەنیا بەسەر یەک کەسدا ناسەپێندرێت.
دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ رادەستی تورکیا کرایەوە، گۆشەگیری لە زیندانەکانی تورکیادا شێوەی سیستماتیکی بە خۆیەوە گرت. بەر لەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بگوازرێتەوە بۆ تورکیا، زیندانیانی دیکە لە زیندانی ئیمراڵییەوە گواسترابوونەوە بۆ زیندانەکانی دیکە و دواتر زیندانەکە سەرلەنوێ دروست کرابووەوە. بە جۆرێکیان لێکرد کە تەنیا یەک زیندانی لەخۆی بگرێت، ئۆجالان لە پێنجەم پارێزنامەی خۆیدا بە ناوی مانیفستۆی شارستانیەتی دیموکراتیک لەبارەی زیندانی ئیمراڵییەوە بەم جۆرە نوسیویەتی: "ئیمراڵی زیندانێک کە ئەو کاربەدەستە پلەباڵایانەی دەوڵەت کە سزا دەدران لەوێ سزاکەیان جێبەجێ دەکرا و بەمەش بەناوبانگ بوو. بیناکەی هەم زۆر شێدارە و هەمیش زۆر رەق و وشکە. لە رووی جەستەییەوە دەتوانێت مرۆڤەکان لەناو ببات. گۆشەگیری لە ناو ژووردا کاتێک لەوە زیاد بکرێت ئەو کاتە کاریگەری دژوارتر دادەنێت. ماوەیەکی زۆر لە ژێر دەستی فەرماندەیی هێزە تایبەتەکاندا هێڵڕایەوە. جگەلە کتێبێک، رۆژنامەیەک، گۆڤارێک و رادیۆیەک کە تەنیا یەک وێستگە وەردەگرێت، هیچ دەرفەت و بوارێکی دیکەم بۆ سودوەرگرتن لە راگەیاندن نەبوو. سەردانی خوشک و برا کە چەند مانگ جارێک بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بوو هەروەها دیدار لەگەڵ پارێزەران کە ئەویش ئەگەر بە پاساوی خراپی کەشوهەوا رێگریی لێنەکرایە، تاکە رێگەی پەیوەندی من بوون".
گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان هەر لە سەرەتاوە لە دانیشتن لە زیندانەکە دەستیپێکرد، کە ئەو کات ئەویان خستە ناو ژوورێکی تەنگەبەری بچوک کە لە شوشە پێکهاتبوو. ئەمە دەبووە هەنگاوی یەکەمی گۆشەگیری. دواتر لە زیندانی ئیمراڵی گۆڕدرا بۆ پرۆسەیەک کە لە ژێر چاودێری ١٠٠٠ کەس کە بە تایبەتی راهێنرابوو بە تەنیا هێڵرابووەوە. عەبدوڵا ئۆجالان تا ساڵی ٢٠٠٩ بە تەنیا مابووەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا دەیتوانی بنەماڵە و پارێزەرانی ببینێت، بەڵام زیندانیانی دیکەیان نەبرد بۆ لای ئەو. بۆ ئەوەی مافی هیواش لە دەست عەبدوڵا ئۆجالان بسەندرێت، هەموو رۆژێک گۆشەگیری دژوارتر کرا.
لەماوەی ١٠ ساڵی یەکەمدا، جگە لەماوەی سەرەتا دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بە پاساوی جیاجیا رێگریی لێکرا. یەکەم قەدەغەی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان قەدەغەی دیدار بوو لەگەڵ بنەماڵە. دیدار لەگەڵ پارێزەران بەردەوام بوو، بەڵام دیدار لەگەڵ بنەماڵەکە بە بیانووی 'کەشتی تێکچووە' ئاستەنگی بۆ سازکرا. دوابەدوای هەوڵەکانی پارێزەران ئەمجارە لە بری بیانووی 'کەشتی تێکچووە' بیانووی 'خراپی دۆخی کەشوهەوا' وەک پاساو بۆ رێگریی نیشاندرا.
راپۆرتەکانی سی پی تی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەت
سی پی تی دوابەدوای بە دیلگیرانی عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی زیندانەکەی کرد. شاندی سی پی تی یەکەم جار لە ٢ی ئاداری ١٩٩٩دا سەردانی ئیمراڵی کرد. راپۆرتی پەیوەست بەو سەردانەش لە ٥ی ئایاری ١٩٩٩ ئاشکرا کرا. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو کە نابێت عەبدوڵا ئۆجالان بە تەنیا لەو زیندانە بهێڵدرێتەوە.
سەبارەت بە هەلومەرجی خراپئ ئیمراڵیش هاتوبوو: "لە شوێنێک کە کەسی تێدا نییە، لە ژێر دۆخێکدا بە ئاسایشی توندکراو بە تەنیا هێڵراوەتەوە. ئەو هەلومەرجی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر تەندروستی بەڕێز ئۆجالان. بۆ رێگری لەمە دەبێت رێوشوێن بگیرێتەبەر".
٢٠٠١
لە ١٤ی ئەیولی ٢٠٠١ دا سی پی تی سەردانی زۆر زیندان و بنکەی سەربازی لەوانە ئیمراڵیشی کرد. راپۆرتەکە لەسەر ئەو سەردانە دوای رێگەپێدان و مۆڵەتی حکومەتی تورک بڵاوکرایەوە. سی پی تی لەم راپۆرتەشدا لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە رایگەیاند، 'نابێت کە بە شێوەی هەتا هەتایی لە ناو گۆشەگیری نائاساییدا رابگیرێت' و داوای لە حکومەتی تورک کرد کە ئەو دۆخە بگۆڕێت و دەرفەت بڕەخسێنێت کە بتوانێت لەگەڵ زیندانیانی دیکە کۆببێتەوە.
سی پی تی هەروەها داوای کرد کە تەلەڤزیۆن، رادیۆیەکی چەند شەپۆلی و دەرفەتی ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ کەسوکاری بۆ رێبەری گەلی کورد بڕەخسێندرێت. سی پی تی هاوکات داوای کرد عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت بە 'ئازادانە' لەناو ئەو ژوورانەی تیایدا دەمێنێتەوە و ژووری تەنیشتی بگەڕێت. سەرباری تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر ئەو داواکارییەدا دەوڵەت تورک جێبەجێی نەکردووە و نەک هەر ئەوە بەڵکوو گۆشەگیری و دابڕاندنیشی دژوارتر کردووە.
٢٠٠٣
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ دەوڵەتی تورک بەردەوام بە وتنی 'کەشتی تێکچووە یان 'کەشوهەوا نالەبارە' رێگری لە دیداری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی دەکرد. دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پاڕێزەران کە سەرەتا هەفتەی دوو جار بوو، بۆ هەفتەی جارێک کەمکرایەوە، دواتریش ماوەی دیدارەکانی لە دوو کاتژمێرەوە بۆ کاتژێرێک کەمکردەوە. بەپێشێلکردنی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بۆ چەندین هەفتە رێگریی لە دیدارەکان کرد و بەم جۆرە مانگانە جارێک یا خود دوو جار رێگەی بە دیدارەکان دەدا.
سی پی تی لە نێوان ١٦ و ١٧ی شوباتی ٢٠٠٣ سەردانی ئیمراڵی کرد، راپۆرتەکەی لەو بارەوە لە ٢٠٠٤ ئاشکرا کرد و داوای کرد گۆشەگیری لە ئیمراڵی کۆتایی پێبهێندرێت، بەمەبەستی رێگریی لە ئاستەنگکردنی دیدارەکان بە پاساوی بچوک هەندێک پێشنیازی خستەڕوو. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو کە رێگریی لە دیدار بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دۆخێکی جددییە بۆ زیندانیکراو و مایەی قەبوڵ کردن نییە.
٢٠٠٧
چوارەم سەردانی سی پی تی بۆ ئیمراڵی دوای هەوڵی ژەهرخواردکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا. پارێزەران لە ١ی ئاداری ٢٠٠٧ لە رۆما کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان ساز کرد و رایانگەیاند کە تاڵە قژی عەبدوڵا ئۆجالانیان بردووە بۆ تاقیگە بە مەبەستی پشکنین و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە مادەی کیمیایی جۆری ستۆنسیۆن و کرۆنیم بە رێژەیەکی بەرز لە جەستەی رێبەری گەلی کورددا هەیە. ئەمەش وەک ژەهرخواردکردنێکی سیستماتیک پێناسەکرا.
لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا لە نیسانی ٢٠٠٧دا ١٨ سیاسەتمەدار و چالاکوانی کورد بە مەبەستی رەوانەکردنی شاندێکی سەربەخۆ بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی عەبدوڵا ئۆجالان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردنی بێ کۆتایی و بێ گەڕانەوە کرد. لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەدا کە نزیکەی ٣٩ رۆژی خایاند و زیاتر لە ١٠٠ هەزار واژۆ لەماوەی هەفتەیەکدا کۆکرانەوە، بەڕێوەبەرایەتی سی پی تی بڕیاریدا کە شاندێک رەوانەی ئیمراڵی بکات.
راپۆرتەکە لە بارەی سەردانی ١٩-٢٢ی ئایاری ٢٠٠٧ پاش تێپەڕبوونی ساڵێک ئاشکرا کرا و بۆ ئەوەی رێبەری گەلی کورد بتوانێت پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە هەبێت و چارەسەری پزیشکی وەربگرێت هەندێک پێشنیاز خرانەڕوو. هەروەها راشیگەیاند کە هەلومەرجی زیندانی ئیمراڵی بەراورد لەگەڵ سەردانی چوار ساڵی پێشوو هەرگیز نەگۆڕدراوە یاخود بەرێژەی کەم گۆڕانکاری تێدا کراوە.
پێنجەم سەردانی سی پی تی بۆ ئیمراڵی دوای ئەوە ئەنجامدرا کە لە دوورگەکە زیندانێکی دیکە دروست کراو و پێنج زیندانی دیکە رەوانەی دوورگەکە کران. سەردانەکە لە ٢٦-٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٠ ئەنجامدرا و سەرۆکی سی پی تی مائۆرۆ پاڵماس لە ناو شاندەکەدا بوو. راپۆرتی ئەو سەردانەش هەمان ساڵ و لە مانگی تەموزدا بڵاوکرایەوە. لەپێناو ئەوەی ئۆجالان لە ژوورەکەیدا رووناکی پێبگات چەند پێشنیازێک کران. هەروەها داواش کرا کە زیندانیانی دیکە کە گواستراونەتەوە بۆ ئیمراڵی بتوانن چاویان بە یەکتر بکەوێت.
لە راپۆرتەکەدا داواکرا کە هاوشێوەی زیندانیانی دیکە لە ئیمراڵی عەبدوڵا ئۆجالانیش تەلەڤزیۆنێکی بۆ دابینبکرێت و جار جار بتوانێت بە تەلەفون قسە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات.
٢٠١٣
سی پی تی لە ١٦-١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ بۆ شەشەم جار سەردانی ئیمراڵی کرد و لە ساڵی ٢٠١٤دا راپۆرتی خۆی لەبارەی ناوەرۆکی سەردانەکە ئاشکرا کرد. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە عەبدوڵا ئۆجالان هێشتاش لە ژوورێکدا کە لە رووناکی و دەرفەتی دیدار لەگەڵ زیندانیانی دیکە بێ بەش کراوە و چەندین ساڵیشە رێگەی پێنەدراوە پەیوەندی تەلەفونی ئەنجام بدات و جارێکی دیکە ئەو بابەتانەی خستووەتە رۆژەڤەوە.
لە راپۆرتی سی پی تیدا هەروەها ئەوە دەستنیشان کرا کە 'سزای دیسپلین' کە دەوڵەتی تورک بە شێوەی هەڕەمەکی دەیسەپێنێت، مایەی قەبوڵ کردن نییە. بە گوێرەی سی پی تی لە سزای دیسپلیندا سزای ژوری تاکەکەسی بێ پسانەوە، ناکرێت کە لە ١٤ رۆژ زیاتر بێت.
٢٠١٦
دوای چەند ساڵ سی پی تی لە ٢٨-٢٩ی نیسانی ٢٠١٦ سەردانی زیندانی ئیمراڵی کردەوە. ئەم سەردانەی وەک (بەرنامە بۆ دانەڕێژراو و کتوپڕ) پێناسە کرد و راپۆرتی لێکۆڵینەوەی خۆی لە ئاداری ٢٠١٨دا ئاشکرا کرد. دەوڵەتی تورک دوای دوو ساڵ رێگەی دابوو راپۆرتەکەی ئاشکرا بکات.
لەم راپۆرتەدا سی پی ئەوەی دەستنیسان کردبوو کە عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە ئەنجام بدات و هاتبوو کە پاساوەکانی 'کەشی خراپە' یان 'هەلومەرجی نالەباری کەشوهەوا' کە کاربەدەستانی تورک پشتی پێدەبەستن جێگەی بڕواپێکردن نییە.
٢٠١٩
دوای ساڵی ٢٠١٦ لە پاش رۆژی مەرگ لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و چوار لای جیهان جارێکیتر سی پی تی ئیمراڵی کەوتەوە بیر. شاندی شەش کەسی ئیمراڵی لە نێوان ٦-١٧ی ئایاری ٢٠١٩ سەردانی زیندانەکانی تورکیای کرد و چووە ئیمراڵیش. بەڵام راپۆرت لەبارەی ئەو سەردانە دوای ساڵێک ئاشکرا کرا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە پاساوەکان بۆ رێگریی لە دیدار لەگەڵ بنەماڵە پاساوی فریودەرانەن و بۆ ئەوەی لەو بارەشەوە هەنگاو بنرێت بانگەوازی ئاراستەی دەوڵەتی تورک کردبوو. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو کە سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی مایەی قەبوڵکردن نییە.
٢٠٢١
سی پی تی بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و دابڕاندن لە ئیمراڵی ٨ جار سەردانی ئیمراڵی کردووە، بۆ ئەو بابەتە پشنیازی ئاراستەی دەوڵەتی تورک کرد، بەڵام بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی نەکرد. ساڵی ٢٠٢١ بەپێویستی نەبینی سەردانی ئیمراڵی بکات. لە نێوان ١١-٢٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ سی پی تی سەردانی زۆر زیندانی تورکیای کرد، بەڵام نەچووە ئیمراڵی.
٢٠٢٢
سی پی تی راپۆرتەکانی کاروباری گشتی ساڵی ٢٠٢١ی لە مانگی نیساندا بڵاوکردەوە. لەبارەی سەردانەکانی بۆ ٩ وڵاتی ئەندام کە یەک لەوانە تورکیایە راپۆرتی ئامادەکردبوو. ئەوەی سەرنجڕاکێشە کە لە راپۆرتەکەدا لەبارەی زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی بەرزی ئیمراڵییەوە هیچ ئاماژەیەکی پێنەدرابوو.
دیدارەکانی پارێزەران
بە گوێرەی زانیارییەکانی نوسینگەی یاسایی سەدە لە ساڵی ٢٠١١دا بەپێی ریزبەندی کات دیدارەکانی پارێزەران بەم جۆرەیە:
لە ساڵی ١٩٩٩ دا ٦٢ دیدار ئەنجامدراون.
لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە کۆی ٥٤ داواکاری ٣٤ داواکاری ئەنجامدانی دیدار قەبوڵکرابوون.
ساڵی ٢٠٠١ لە کۆی ٥٢ داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار ٣٢ داواکاری قەبوڵ کرابوون.
ساڵی ٢٠٠٢ لە کۆی ٥٢ داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار ٣٢ داواکاری قەبوڵ کرابوون.
ساڵی ٢٠٠٣ لە کۆی ٥٥ داواکاری رێگە بە ٢٠ دیدار درابوو.
ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆی ٥٣ داواکاری رێگە بە ٢٣ دیدار درابوو.
ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٥٢ داواکاری رێگە بە ١٦ دیدار دراوە.
ساڵی ٢٠٠٦ لە کۆی ٦٠ داواکاری رێگە بە ٢٤ دیدار دراوە.
ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆی ٦٠ داواکاری رێگە بە ٣٠ دیدار دراوە.
ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆی ٥٦ داواکاری رێگە بە ٣٨ دیدار دراوە.
ساڵی ٢٠٠٩ لە کۆی ٦١ داواکاری رێگە بە ٥٠ دیدار دراوە.
ساڵی ٢٠١٠ لە کۆی ٦٥ داواکاری رێگە بە ٤٣ دیدار دراوە.
ساڵی ٢٠١١ لە کۆی ٨٤ داواکاری رێگە بە ٢٤ دیدار کراوە.
قەدەغەی دیدارەکان لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوای ساڵی ٢٠١١ روویان لە هەڵکشان کرد، لەو ماوەیەدا ١٢٥٣ داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار پێسکەش کران، ٣٢٤ جار بە پاساوی 'کەشتی تێکچووە'، ٤٥ جار بە بیانووی 'نالەباری رەوشی کەشوهەوا'، ٥٤ جار بە پاساوی 'کەشتییەکە لە ژێر چاککردنەوەدایە؛، ١١ جار بە بیانووی 'پشووی فەرمی'، ٢٢ جار بە بانگەشەی ئەوەی کەشتیەکە خراپە، ٧١٩ جاریش هیچ وەڵامێک بە داواکارییەکان نەدراوەتەوە.
دیدار لەگەڵ بنەماڵە
ساڵی ١٩٩٩ لە کۆی ١٢ داواکاری، ١٢ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٠ لە کۆی ١١ داواکاری، ١١ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠١ لە کۆی ٦ داواکاری، ٤ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٢ لە کۆی ٩ داواکاری، ٩ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٣ لە کۆی ٢٦ داواکاری، ٨ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆی ٣٣ داواکاری، ١٥ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆی ٣٤ داواکاری، ١٧ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٦ لە کۆی ٢٥ داواکاری، ١٣ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆی ٢٠ داواکاری، ٨ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆی ١٣ داواکاری، ٩ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠٠٩ لە کۆی ١٧ داواکاری، ١٥ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠١٠ لە کۆی ١٣ داواکاری، ٨ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠١١ لە کۆی ١١ داواکاری، ٢ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠١٢ چوار داواکاری پێشکەش کران، یەک دیدار ئەنجامدرا. لە دیدارەکەشدا عەبدوڵا ئۆجالان بە دەربڕینی "قۆناغی هەستیار" بەشداری لە دیدارەکەدا نەکردبوو.
ساڵی ٢٠١٣ لە کۆی ٢٥ داواکاری، ١٤ دیدار ئەنجامدران.
ساڵی ٢٠١٤ لە کۆی ١٨ داواکاری، ٦ دیدار ئەنجامدران.
لە ساڵی ٢٠١٤ وە لە کۆی داواکارییەکانی بنەماڵە تەنیا ٣ داواکاری پەسەند کران و جارێکیش رێگەدرا بە ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفونی. جگەلەوانە لەماوەی ئەو ساڵەدا رێگە بە ئەنجامدانی دیدار نەدرا. لەو قۆناغەدا لە کۆی ٤٥٩ داواکاری تەنیا رێگە بە ٣ دیدار درا. زۆرینەی دیدارەکانیش لە ژێر ناوی بڕیاری دادگا رێگرییان لێکرا.
داواکارییەکانی دوای ساڵی ٢٠١٤ بە پێی ساڵ بەم جۆرەن:
لە ساڵی ٢٠١٥دا ٤٧ داواکاری پێشکەش کران، بە بیانووی 'خراپبوونی کەشتی' رێگە بە دیدار نەدرا.
لە ساڵی ٢٠١٦ دا ٧٧ داواکاری پێشکەش کران، تەنیا یەک دیدار ئەنجامدرا. ٧٦ داواکاری بە پاساوی "خراپبوونی کەشتی و نالەباری دۆخی کەشوهەوا" رێگرییان لێکرا.
لە ساڵی ٢٠١٧ دا ٤٦ داواکاری پێشکەش کران، بە پاساوی بڕیاری دادگا هیچ دیدارێک ئەنجام نەدرا.
لە ساڵی ٢٠١٨دا ٤٥ داواکاری پێشکەش کران، بە پاساوی بڕیاری دادگا رێگە بە ئەنجامدانی دیدار نەدرا.
لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٥١ داواکاری پێشکەش کران، رێگە بە ٢ دیدار درا، ٤٩ داواکاری بە بڕیاری دادگا رێگرییان لێکرا.
لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٥٧ داواکاری پێشکەش کران، رێگە بە دیدار نەدرا، تەنیا یەک جار رێگە بە پەیوەندی تەلەفونی درا.
لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٥٥ داواکاری پێشکەش کران، بە ئەرێنی یان نەرێنی وەڵام نەدرانەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٥١ داواکاری بەرزکرانەوە، بە ئەرێنی یاخود نەرێنی وەڵام نەدرانەوە.
تا حوزەیرانی ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو داواکارییانەی پێشکەش کراون گەیشتووەتە ٣٠ داواکاری بەڵام هیچ وەڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.
هـ . ب