ڕاگه‌یه‌ندراوی هه‌به‌ده‌هه‌ له‌باره‌ی مادیماك: هیچ تاوانێك بێوه‌ڵام نامێنێت!

كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌به‌ده‌هه‌، به‌ بۆنه‌ی ٣٠یه‌مین ساڵی كۆمه‌ڵكوژی مادیماك ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌، "هیچ تاوانێك دژی گه‌له‌كه‌مان بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌".

بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتنی گه‌لان (هه‌به‌ده‌هه‌) له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، یادی ئه‌و كه‌سانه‌ی كرده‌وه‌، كه‌ ٣٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كۆمه‌ڵكوژی مادیماك گیانیان له‌ده‌ستدا.

له‌ به‌شێكی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "ڕۆژی ٢ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٩٣، له‌ هۆتێل مادیماكی سێواس ٣٥ رۆشنبیر، شاعیر و نووسه‌ر كه‌ بۆ چالاكییه‌كانی پیر سوڵتان عه‌بداڵ له‌وێ بوون، له‌به‌ر چاوی ملیۆنان كه‌س سوتێنران و كوژران".

هه‌به‌ده‌هه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ده‌وڵه‌تی بكوژ هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی چۆروم، مه‌له‌تی و مه‌ڕه‌ش له‌ مادیماكیش هێرشبه‌ره‌كانی پاراست و داڵدەیدان و پارێزگاری لێكردن و خه‌ڵاتی كردن، دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌، "ده‌وڵه‌ت خۆی پلانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی داڕشتبوو، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی مامه‌ڵه‌كردنی پێچه‌وانه‌شی لێنه‌ده‌كرا، هه‌روه‌ها ئه‌و مامه‌ڵه‌كردنه‌ نیشانه‌ی كۆمه‌ڵكوژیه‌ نوێكان بوو له‌ گازی و گه‌ڕه‌كی ١ی ئایار.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ده‌وڵه‌تی تورك هاوشێوه‌ی ڕابردوو ئێستاش عه‌له‌وییه‌كان و ئایینیان به‌ نه‌بوو داده‌نێت، داواكاری و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی عه‌له‌وییه‌كان قبوڵ ناكات، پلانی تواندنه‌وه‌ی كلتووری به‌رده‌امه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: "وێڕای عه‌له‌وییه‌كان له‌ دژی گه‌لی كورد، نه‌ته‌وه‌، پێكاهاته‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان هه‌مان سیاسه‌تی نكۆڵیكردن و تواندنه‌وه‌ی كلتووری و جینوساید به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هه‌ربۆیه‌ تێكۆشانی یه‌كگرتووی گه‌لانی توركیا –باكووری كوردستان بۆ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاجیاكان پێویسته‌. له‌ دژی نكۆڵیكردن و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان، كه‌ ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورك ده‌یسه‌پێنێت، پێویسته‌ كرێكاران، گه‌لانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراو به‌ به‌ڕێكخستنكردنی تێكۆشانی شۆڕشگیڕانه‌ی یه‌كگرتووانه‌ به‌رپرچی بده‌نه‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ لێپێچنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كان بكه‌ن.

له‌ كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ئێمه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی ٣٥ كه‌سمان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ سێواس چوونه‌ كاروانی نه‌مراوه‌، جارێكی دیكه‌ دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، توڵه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژی، جینۆساید و ئه‌شكه‌نجه‌دانانه‌ی له‌ سێواس و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی تر كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ ئه‌نجامدراون ده‌كه‌ینه‌وه‌. هیچ تاوانێك له‌ دژی گه‌له‌كه‌مان بێوه‌ڵام نامێنێت، دره‌نگ یان زوو بكوژه‌كان له‌به‌رده‌م گه‌له‌كه‌مان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

ژ.ن