ئەمڕۆ، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە یاوەری عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە و جێگرەکەی لەیلا ئوستا، سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی کرد، لەلایەن تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی گشتیی و گوڵستان کلچ کۆچیگیت و سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەبارەت بە ڕۆژەڤی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو، هەروەها هەڵسەنگاندن لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ڕۆڵی پەرلەمان و ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بنرێن کرا، دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش ئەنجام درا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتی: "ئەم پرۆسەی کە تێیداین، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ڕووداوەکانی دواتر ئەرک و بەرپرسیارێتی گەورە بە پرۆسەکە دەدات، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ئەم بابەتانەمان هەڵسەنگاند. بە دەرفەتمان زانی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتانە و بونیادنانی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیککردنی تورکیادا بە فراوانی هەڵسەنگاندن لەسەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی پەرلەمان بکەین، بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان پێی ڕاگەیاندین ئەو کۆمسیۆنەی کە بەرێز باخچەلی باسی کردبوو و لەو باوەڕەداین کە بەشدارییەکی گەورە لە پرۆسەی چارەسەرییدا دەکات، دەست بەکارەکانی دەکات، ئێمە سەردانەکەیان بەرز دەنرخێنین و سوپاسیان دەکەین، هیوای سەرکەوتن بۆ داهاتووەش دەخوازین."
دواتر سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆیان لەسەر بەرپرسیارێتییەکانی پەرلەمان بۆ دڵنیاییکردنەوەی یەکێتی و هاوپشتگیریی و پێشخستنی پێوەرە دیموکراتیکەکانی تورکیا کردووە و وتی: "دوای پەیامەکەی ئیمراڵی و بڕیاری چەکدانان، بابەتەکە گەیشتە پەرلەمان کە ناوەندی ئیرادەی نەتەوەییە و دڵی دیموکراسیی تورکیایە گفتوگۆی لەسەر بکات، لەو باوەڕەداین، کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی بونیادنەرانە سوود لەم دەرفەتە مێژوویە وەربگرن تاکو ئەم پرۆسە بە خێرایی کۆتایی پێبهێندرێت و لە تورکیادا ئەجێندایەکی نوێ دەستپێبکرێت، هیوادارم ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە پەرلەماندا بونیاد دەنرێت، بە شێوەیەکی باش کاربکات، سەبارەت بە چۆنییەتی بونیادنانی کۆمیسیۆن و کەڵک لە چی ڕێگایەکی کارکردن وەردەگرێت، ئێمە ئامادەکاریی سەرەتایی دەکەین."