بۆ دیدار له‌گه‌ڵ رێبه‌ری گه‌لی كورد داواكاری خرایه‌ڕوو

پارێزه‌رانی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان بۆ دیدار له‌گه‌ڵ موه‌كیله‌كه‌یان جارێكی تر سه‌ردانییان ئه‌نجامدا و داواكارییان پێشه‌كه‌ش كرد.

رێزان ساریجا، فایه‌ق ئۆزگور ئه‌رۆل، رازیه‌ ئۆزتورك و عه‌مران ئه‌كمه‌كچی كه‌ پارێزه‌رانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ن، سه‌ردانی داواكاری گشتیی كۆماری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌زگای جێبه‌جێكردنی سزا له‌ ئیمراڵیان كرد و داواكای كرد كه‌ موه‌كیله‌كه‌یان عه‌بدوڵا ئۆجالان ببینن.

پارێزه‌ران بۆ دیداری رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك دوو جار سه‌ردانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ ده‌كه‌ن. داواكارییه‌كانی دیدار به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك بێ وڵام ده‌هێڵرێته‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی دیسپلینی ئیمراڵی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیكه‌ له‌ ٣١ی ئایاردا سزای دیسپلینی بۆ ماوه‌ی ٣ مانگ بڕیبووه‌وه‌. ئه‌و زانیارییه‌ له‌ حوزه‌یراندا خرایه‌ڕوو. پارێزه‌رانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ ناڕه‌زایه‌تیان نیشاندابوو كه‌ ده‌سته‌ی دیسپلین ئه‌م سزای دیسپلینه‌ی به‌وان رانه‌گه‌یاندووه‌ و باسی له‌وه‌كرد ئه‌وه‌ ‘نایاساییه‌‘.