بانگەوازی هەدەكە بۆ بەشداربوونی نەورۆز: كات، كاتی مەزنكردنی تێكۆشان و سەركەوتنە

هاوسەرۆكی هەدەكە جەنگیز چیچەك رایگەیاند؛ لە توركیا تێكۆشانی یەكگرتوو پێویستییەكە و دەڵێت: "لەبەر ئەوەش كات كاتی مەزنكردنی تێكۆشان و بەرخۆدان و سەركەوتنە".

نەورۆزی ئەستەمبۆلی ئەمساڵ بەپێشەنگایەتیی كۆنگرەی دیموكراتیكی گەلان"هەدەكە" و بەدروشمی "كات كاتی سەركەوتنە" لەگۆڕەپانی یەنی كاپیی پیرۆز دەكرێت و لەشارەكەدا كاروخەبات بەبێ راوەستان بۆ نەورۆز بەردەوامە.

هاوسەرۆكی كۆنگرەی دیموكراتی گەلان "هەدەكە"، چەنگیز چیچەك دەستنیشانی كرد، نەورۆزی ٢٠٢٢ خاوەن گرنگیەكی مێژووییە و راستەوخۆ گرێدراوی رووداو و پێشهاتە جیهانیەكانە، لەبەر ئەوەش دەبێت هەركەس روو لەگۆڕەپانەكانی نەورۆز بكات.

سەرەتای كۆماری دیموكراتیك

چیچەك دەستنیشانی كرد، دەسەڵاتداریەتی ئاكەپە ـ مەهەپە لەناو قەیرانێكدایە و هۆكاری سەرەكی ئەم قەیرانەش تێكۆشانی دژە كۆمەڵایەتیی ئەوانە. چیچەك ووتی: "ئێمە خاوەن هێزێكی كۆمەڵایەتی و سیاسین و ئێمە بەم تێكۆشانەی خۆمانەوە دەسەڵاتداریەتی ئاكەپە ـ مەهەپەمان زۆر تەنگەتاو كردووە. لەبەر ئەوەش ئێمە رایدەگەیەنین "كات كاتی سەركەوتنە". بەڵێ؛ ئێمە فاشیزم دەخەینە لەرزەوە، ئێمە لە توركیا ئاراستەی سیاسەت دەگۆڕین، ئێمە قۆناخی نەورۆز و یەكی گوڵان وەكو دەستپێكردنی قۆناخی بۆنیادنانی كۆماری دیموكراتیك دەبینین و ئەمەش فاشیزم لەناو دەبات".

پێشەنگی نەورۆز ئۆجالانە

چیچەك جەختیشی كردەوە؛ لەنەورۆزی ٢٠٢٢دا، داواكاریی ئازادی بۆ رێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بەرز بكرێتەوە و ووتی: "سیستمی گۆشەگیری و ئەشكەنجەی ئیمراڵی لەبەرامبەر بەرێز ئۆجالان راستەوخۆ گرێدراوی چەمكی رێوەبەرایەتی فاشیستی ئاكەپە ـ مەهەپەیە. بۆچی بەرێز ئۆجالان دەكرێتە ئامانج؟ چونكە بەرێز ئۆجالان بەبیردۆزی و هزری تێكۆشانی كۆمەڵگایەكی ئازاد، رۆحێكی نوێی بەبەر نەورۆزدا كردووەتەوە، كە پێشەنگایەتی تێكۆشانی كۆمەڵایەتی دەكات. لەبەر ئەوەش ئەم گۆشەگیرییە راستەوخۆ نەك لە بەرامبەر بەبەرێز ئۆجالان؛ بەڵكۆ بەرامبەر بەهزر و بیركردنەوەی ئەوە".

چیچەك دەستنیشان دەكات، نەورۆز بۆ ئێمە تەنیا گردبوونەوەیەك و رۆژێك نییە و ووتی:"نەورۆز هزری تێكۆشان، مێشكی تێكۆشینە. ئاگری سەرهەڵدانی كاوەی ئاسنگەر و ئەو ئاگرەیە، كە هەنووكە كرێكاران لەزیندانەكاندا دایدەگرسێنن هەمان ئاگرە. ئەو ئاگرەی لەچیاكان دادەگیرسێندرێت و بەرخۆدانی دەكەن و ئاگری كاوەی ئاسنگەر لە یەكتر جیاواز نین. لەبەر ئەوەش دەبێت مرۆڤ دەست پێ بكات و ئاگری سەرهەڵدان و ئاگری بەرخۆدان لەدەوری یەكدی كۆببنەوە و خۆیان بۆ وەرچانی تێكۆشانێكی كۆمەڵایەتی بۆنیاد بنێن تا رژێم و زهنیەتی فاشیست بخەنە لەرزەوە.

ژ.ت