باشاران: کۆتایی بە سیستمی قێزەونی ئاکەپە و مەهەپە دەهێنین
ئایشە ئاجار باشاران گوتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە رایگەیاند، سیاسەتی شەڕی قێزەونی هاوپەیمانی پیاوسالاری ئاکەپە و مەهەپە ئاشکرا بووە و وتی، "ژنان کۆتایی بەو سیستمە دەهینن."
ئایشە ئاجار باشاران گوتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە رایگەیاند، سیاسەتی شەڕی قێزەونی هاوپەیمانی پیاوسالاری ئاکەپە و مەهەپە ئاشکرا بووە و وتی، "ژنان کۆتایی بەو سیستمە دەهینن."
ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە بۆ دیاریکردنی هێڵی سیاسی سەردەمی نوێ لە ناوەندی گشتی ئەنجومەنەکە کۆبونەوە. بەرلە کۆبونەوەکە ئایشە ئاجار باشاران گوتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە قسەی کرد.
باشاران رایگەیاند، هاوپەیمانی پیاوسالاری ئاکەپە و مەهەپە کە بە شەڕ و گێژاو دەیەوێت لەسەر پێ بمێنێتەوە، هەموو رۆژێک لەدژی ژنان و کۆمەڵگا تاوان ئەنجام دەدات و ئاماژەی بە دانپێدانانەکانی سەدات پەکەر سەرچەتەی تورک کرد و وتی، "جارێکی دیکە بینرا کە ساڵەکانی ٩٠ تیرۆرێکی قێزەون بە چ شێوەیەک هەبووە و تا ئێستاش داوا دەکرێت کە ئەو قێزەونیە ئاشکرا بکرێت."
باشاران بەبیریهێنایەوە کە دوێنێ ٢٧مین ساڵیادی کوشتنی ساڤاش بوڵدان و هاورێکانی بوو و وتی، "ئێمە بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە، ئێمە هەموو کاتێک هەوڵمانداوە کە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و مافیا ئاشکرا بکەین و تاوەکو ئەنجامێک بەدەست نەهێنین بەردەوامی بە تێکۆشانەکەمان دەدەین."
باشاران تێکۆشانی دایکانی شەممە، دایکانی ئاشتی، دایکانی پرسوس و دایکانی کۆمەڵکوژی ئەنقەرەی بەبیرهێنایەوە و وتی، "لەگەڵ دایکان لەدژی ئەو سیاسەتە قێزەونانە تێکۆشانمان کرد و داوای دادپەروەریمان کرد." باشاران ئاماژەی بەوەشکرد کە دەسەڵاتی تورک بۆ سیاسەتە قێزەونەکانی دەیەوێت ژنان بیدەنگ بکات و دیارە کە چۆن پەیوەندی لەگەڵ چەتە و مافیاکان هەیە و دیارە کە میکانیزمی سیاسەت – دەوڵەت – دادوەری چۆن ڕزیوە.
باشاران باسی دانپێدانانەکانی سەدات پەکەر کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "بە دانپێدانانەکانی سەدات پەکەر سیاسەتی قێزەونی هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە لە دەرەوە و ناوخۆدا تەشهیر بوو. ئاشکرا بوو کە سەروەتی گەلیان چۆن بۆ شەڕ و سەرمایەدارەکان بەکارهێناوە، هەروەها باشتر ئاشکرا بوو کە لە بناغەی شەڕ و گێژاودا دوژمنایەتی کورد و ژنان هەیە."
باشاران دەشڵێت، "لەدژی ئەو تاوانانە بێدەنگی بەواتای قبوڵکردنی کوشتنە بکوژنادیارەکان، بە واتای قبوڵکردنی کۆمەڵکوژی گەزی، پرسوس و ئەنقەرە دێت."
باشاران ئەوەی خستەڕوو، "ژنان رێگە نادەن رژێمی سەروەری پیاوسالاری دروست ببیت. بە فشار و دەستگیرکردن ناتوانن ژنان بێدەنگ بکەن."
باشاران لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و ئاماژەی بەوەدا، گۆشەگیری لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان بووەدە بە مۆدێلی بەڕێوەبردن و وتی، "سیاسەتی گۆشەگیری کە لە ئیمڕالی دەستیپێکرد و لە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبووەوە، سەرەتا لەسەر ژنان و لە سەر هەموو کۆمەڵگا دانراوە. لەدژی دەوڵەکانی دەسەڵات کە دەیەوێت قەیرانەکەی بە شەڕ بەردەوامی پێبدات، ئێمە وەک ژن بۆ ئاشتیەکی ئابرۆمەندانە و شکاندنی گۆشەگیری تێدەکۆشین."
ف.ق