بەکردنەوەى بۆرسەى ئاسیا لیرەی تورک هاڕەی کرد

ئەمشەو لەگەڵ کردنەوەى بۆرسەى ئاسیادا لیرەی تورک لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی هاڕەی کرد و دۆلارێکی ئەمریکی بوو بە ٨.٣٩ لیرەی تورک.

دوای ئەوەی ناجی ئاگبال سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لەسەر کارەکەی لادرا، لیرەی تورک دووبارە هاڕەی کرد و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا نرخی لیرەی تورک لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا سەدا ١٦ دابەزیوە.

بەپێی ئامارەکانی بلۆمبێرگ رۆژی هەینی لە بۆرسەى ئاسیا هەر دۆلارێک بە ٧.٢١ لیرەى تورک بوو، بەڵام ئەمشەو لەگەڵ کردنەوەى بۆرسەى ئاسیادا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بوو بە ٨.٣٩ لیرەی تورک.

ئەو داڕمانە گەورەیە لە کاتێکدایە، راگەیاندن و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە ئەو ئامار و زانیارییانەیان بڵاونەکردووەتەوە و دەیانەوێت شکستی سیاسەت و بەرنامەکانیان لە خەڵک بشارنەوە.

ژ.ت