بنه‌ماڵه‌ی ئۆجالان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیدار داواكاریان به‌رزكرده‌وه‌

بنه‌ماڵه‌ی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و بنه‌ماڵه‌ی عومه‌ر خه‌یری كۆنار، هامیلی یه‌ڵدرم و وه‌یسی ئاكتاش كه‌ له‌ گرتووخانه‌ی ئیمراڵین، به‌مه‌به‌ستی دیدار سه‌ردانی داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌كه‌یان كرد.

برای رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كه‌ زیاتر له‌ ٢٣ ساڵه‌ له‌ زیندانی ئیمراڵی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵا له‌ گۆشه‌گیرییه‌كی دژواردا ده‌مێنێته‌وه‌ محه‌مه‌د ئۆجالان و پارێزه‌ر و راسپارده‌ی ئه‌و مه‌زڵوم دینچ، بۆ ئه‌نجامدانی دیدار سه‌ردانی داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌كه‌یان كرد. بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و زیندانیانه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ ئیمراڵی ده‌مێننه‌وه‌، برای عومه‌ر خه‌یری كۆنار عه‌لی كۆنار، برای هامیلی یه‌ڵدرم پۆڵات یه‌ڵدرم و خوشكی وه‌یسی ئاكتاش مه‌لیحه‌ چه‌تینیش له‌ رێگه‌ی پارێزه‌رانی خۆیانه‌وه‌ داواكارییان پێشكه‌ش كرد. بنه‌ماڵه‌كان هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی داواكاری گشتیی كۆماری له‌ بورسا داواكاریان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌ی ئیمراڵی به‌رزكرده‌وه‌.

پارێزه‌رانی ئۆجالان، بۆ ئه‌وه‌ی موه‌كیله‌كه‌یان ببینن هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك دوو داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌لام ئه‌و داواكاریانه‌ی پارێزه‌ران به‌ نه‌رێنی وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌. له‌و باره‌وه‌ پارێزه‌ران له‌ ٢٢ی تشرینی دووه‌مدا داواكاریان پێشكه‌ش به‌ دادگای سزادانی بورسا كرد و داوای "دیداری به‌په‌له‌"یان كرد. دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ سزای نوێی قه‌ده‌غه‌ی دیدار به‌سه‌ر ئۆجالاندا سه‌پێنراوه‌. دادگا، داواكاری پارێزه‌رانی ره‌تكرده‌وه‌ و وه‌ك پاساو سزایه‌كی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ١٢ی تشرینی یه‌كه‌مدا و بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر ئۆجالاندا سه‌پێنراوه‌. ده‌سه‌ڵاتی داد له‌ باره‌ی داواكارییه‌كانی بنه‌ماڵه‌ بۆ ئه‌نجامدانی دیدار قه‌ده‌غه‌ی دیداری وه‌ك پاساو نیشاندا كه‌ له‌ ١٨ی ئاب بۆ ماوه‌ی سێ مانگ سه‌پێنراوه‌. به‌ڵام دادگا له‌باره‌ی بیانووی ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌وه‌ هیچ زانیارییه‌كی به‌ پارێزه‌ران رانه‌گه‌یاندووه‌.

له‌ پارێزه‌رانی ئۆجالان هه‌ر یه‌ك له‌ ره‌زان ساریجا و نه‌ورۆز ئویساڵ دوای هه‌شت ساڵ له‌ ٢-٢٢ی ئایار، ١٢-١٨ی حوزه‌یران و ٧ی ئابی ٢٠١٩دا دیداریان له‌گه‌ڵ موه‌كیله‌كانیان ئه‌نجامدابوو. دوایین جار دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی بانگه‌شه‌كان له‌ سه‌ر هه‌ژماره‌كانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ باره‌ی ئۆجالانه‌وه‌ نیگه‌رانیه‌كانی رای گشتیی زیادبوون و له‌ ٢٥ی ئاداردا برای ئۆجالان محه‌مه‌د ئۆجالان له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد. به‌ڵام محه‌مه‌د ئۆجالان رایگه‌یاندبوو، كه‌ ئه‌و گفتوگۆ ته‌له‌فونیه‌ به‌ نیوه‌ و ناته‌واو ماوه‌ته‌وه‌. ئۆجالان كه‌ ٢٣ ساڵه‌ له‌ گرتووخانه‌ی ئیمراڵی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف له‌ گۆشه‌گیریه‌كی دژواردایه‌ یه‌كه‌م جار له‌ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ براكه‌ی خۆی محه‌مه‌د ئۆجالاندا كردبوو.

هـ . ب