بنەماڵەکان بەمەبەستی رۆیشتن بۆ ئیمراڵی داواکارییان پێشکەش کرد

بنەماڵەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار داواکارییان بەرزکردەوە.

ماوەی سێ ساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت. محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەرەکەی مەزڵوم دینچ هەروەها برای عومەر خەیری کۆنار عەلی کۆنار، برای حامیلی یەڵدرم پۆڵات یەڵدرم و خوشکی وەیسی ئاکتاش مەلیحە چەتین بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ کەسوکاریان سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵیان کرد.

بنەماڵەکان لە رێگەی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا داواکارییان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای جێبەجێکردنی سزا لە زیندانی جۆری ئێفی ئیمراڵی بە ئاسایشی باڵاوە کرد.

نوسینگەی یاسایی سەدە و بنەماڵەکان لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵان بەردەست نەکەوتووە.

پارێزەران ٢ی ئایار لە راگەیەندراوێکدا باسیان لەوەکردبوو، "سەرباری چەندین هەوڵ و داواکاریی بنەماڵە و پارێزەران هیچ زانیارییەکمان لەبارەی بارودۆخ و تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانییەکەی دیکە ئیمراڵییەوە نییە. ئەم دۆخە مایەی نیگەرانی کۆمەڵگایە".

هـ . ب