بنەماڵەکان داواکارییان بۆ دیدار لە ئیمرالی تۆمار کرد

بنەماڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە داواکاری نوێیان بۆ دیدار لە ئیمرالی تۆمار کرد.

ماوەی ٣٥ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە. محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان و مەزڵوم دینچ لە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان داوای چاوپێکەوتنیان ئاراستەی سەرۆکی داواکاری گشتی کۆماری بورسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالی کرد.

هەروەها عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار و پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحه چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش داوای چاوپێکەوتنیان پێشکەش کردەوە.

پەیوەندیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە تەواوی بڕاوە. هیچ وڵامێکی داواکارییەکانی چاوپێکەوتن نادرێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا دوای چەند مانگێک ڕێکاری دیسپلین بە پارێزەران وڵام دەدەنەوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرت کە لە ١٧ی کانوونی دووەم لەلایەن فەرمانگەی یاسای سەدە بڵاوکراوەتەوە؛

-لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١١ تا ئەمڕۆ، تەنها لە نێوان مانگی ئایار تا ئابی ٢٠١٩، پارێزەران توانیویانە ٥ ک چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن؛ دوایین چاوپێکەوتن لەم ٥ چاوپێکەوتنانە لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ ئەنجامدراوە.

-لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تەنها ٥ چاوپێکەوتنی بنەماڵە ئەنجامدراوە.

- دوایین چاوپێکەوتن لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٠ بوو.

-لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستا تەنها ٢ جار (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١) پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدراوە.

- ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١، پەیوەندی تەلەفۆنی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بڕدرا، لەو ڕۆژەوە بەدواوە هیچ زانیارییەک نەدراوە.