له گرتووخانه‌ی جۆری ئێفی ژماره‌ی یه‌كی كاندرا غه‌ریبه گه‌زه‌ر له‌و ژووره تاكهكهسیهی تێدا گۆشهگیركرابوو، به شێوه‌یه‌كی گوماناوی گیانی له‌ده‌ستدا. توێكاریی سه‌ره‌تایی ته‌رمه‌كه‌ی غه‌ریبه گه‌زه‌ر به بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ره‌كانی ئه‌نجامدرا. هه‌روه‌ها زه‌نگی فریاگوزاری خێرا له ژوره تاكهكهسیهكهش له كاركه‌وتبوو. ئه‌وانه‌ش هه‌ر هه‌موویان جێگه‌ی پرسیارن.
پرۆفیسۆر ئومێد بیچه‌ر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ/ TIHV) له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی له پرۆسه‌ی ئاسایی له پزیشكی دادوه‌ری كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه به پێی پرۆتۆكۆلی مینه‌سوتا جیا له پارێزه‌ران ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویسته ئاماده‌ی توێكاری ته‌رم بن كه‌سانی پسپۆرن له بواری پزیشكی دادوه‌ری.
بیچه‌ر راشیگه‌یاند، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر له‌و قۆناغه‌دا كارێكی دروسته، به‌ڵام یه‌كجار گرنگه پسپۆرانی پزیشكی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆی متمانه‌پێكرا به‌شداربن له توێكاری ته‌رمه‌كه‌دا.
بیچه‌ر باسی له‌وه‌شكرد، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانی گوماناویی غه‌ریبه گه‌زه‌ر پێویسته هه‌موو داتاكان پێكه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت و وتی، "ئێستا زانیارییه‌كی تێر و ته‌سه‌ل له‌به‌رده‌ستدا نیە تا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت. كاتێك ئه‌نجامی ئه‌و به‌دواداچوونانه بڵاوكرایه‌وه، ئه‌و كاته ده‌توانرێت بوترێت كه خۆكوشتنه یان به هۆی شتی تره‌وه ژیانی له‌ده‌ستداوه".
بیچه‌ر وتیشی، غه‌ریبه گه‌زه‌ر، كه ده‌وترا پاسه‌وانانی زیندان ئه‌شكه‌نجه‌یان كردووه و ده‌ستدرێژیان كردوه‌ته‌سه‌ر، به هۆی گوشاره‌كان و گۆشه‌گیرییه‌وه پێشتر هه‌وڵی دابوو كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له ژوری تاكه‌كه‌سیدا گۆشه‌گیركراوه، كه ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستێكه مایه‌ی قبوڵكردن نییه.
بیچه‌ر به بیری هێنایه‌وه هه‌ر له خۆیدا گرتووخانه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له سه‌ر باری ده‌روونی مرۆڤه‌كان دروست ده‌كات و وتی، "پاڵپشت به‌و كاره زانستیانه‌ی له‌و بواره‌دا ئه‌نجامدراون، مرۆڤ ته‌نیا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س قسه ده‌كات، له هۆده‌یه‌ك كه سێ كه‌سی تێدایه، رووبه‌ڕووی كێشه‌ی ده‌روونی ده‌بنه‌وه و مه‌ترسی خۆكوشتن زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها هێشتنه‌وه‌یان به ته‌نیایی، سزای ژووری تاكه‌كه‌سیش كه ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، كاتێك گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر ئاسته‌نگ ده‌كرێت یان رێگه‌ی پێ‌نادرێت، له‌و كاته‌دا كاریگه‌ری نه‌رێنی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌و جۆره‌ش ته‌ندروستی مرۆڤ تێكده‌چێت، ده‌بێته هۆكاری مردن. هه‌ر بۆیه هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌یه‌كی له‌و جۆره ده‌كرێت وه‌ك ئه‌شكه‌نجه و كردارێكی خراپ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت".
بیچه‌ر ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، له‌وه‌ی روویداوه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌كه به‌رپرسیاره و به بیریشی هێنایه‌وه، كه سه‌باره‌ت به‌و مرۆڤانه‌ی گیراون، پاراستنی مافی ژیان و پاراستنی مرۆڤه‌كان له ئه‌شكه‌نجه و كرده‌وه‌ی خراپ له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تدایه.
ژ.ت