فراکسیۆنی بزووتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیی رێکخست و رایانگەیاند، هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک تاوانی جەنگە.
فراکسیۆنی بزووتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومتی عێراق کرد لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە ئەنجومەنی ئاسایش و دادگا نێونەتەوەییەکان سکاڵا تۆمار بکات.
لە راگەیاندراوەکەى فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر سەر خاکی کردستان و بە شێوەی بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیک دار و دارستان دەبڕێتەوە و رۆژانە سەدان تۆن داری بڕاوە لە رێگەی کۆمپانیایەکی تورکییەوە دەگوێزێتەوە بۆ تورکیا.
ئەوەی تورکیا ئەنجامی دەدات بەپێی مادەی ٥٣ی رێککەوتننامەى چوارەمی جنێڤ لە ساڵی ١٩٤٩دا و بەپێی یاسا و رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
هەروەها ماددەکانی ٣٥، ٥٤ و ٥٥ی رێککەوتننامەى جنێڤ لە ساڵی ١٩٧٧ دا بۆ پاراستنی ژینگە و رێککەوتننامەى رێگریکردن لە گۆڕینی ژینگە لە ساڵێ ١٩٧٦دا و رێککەوتننامەى ساڵی ١٩٨٠ بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەک و رێککەوتننامەى ساڵی ١٩٥٤ی لاهای، جەخت لەوە دەکەنەوە، دەبێت لە کاتی جەنگدا هەر وڵاتێک، کە بەشێک لە خاکی خۆی، یان وڵاتێکی داگیرکردووە پێویستە پارێزگاری لە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتە داگیرکراوەکە بکات و تاڵانی نەکات و نەیکات بە بەشێک لە وڵاتی خۆی و نەیکات بە ئامانجی سەربازیی خۆی.
هاوکات خاڵی ٢ لە ماددەی ٨ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەر هێرش و پەلامار و کارێک، کە ببێتە هۆی زیان گەیاندنی درێژخایەن بە ژینگە، بە تاوانی جەنگ ناساندووە و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەبێت دیاری بکرێن بۆ ئەوەى سزا بدرێن، هێرشی هێزەکانی تورکیا لەمجۆرەیە و جگە لەوەی بەچڕی لە رووی سەربازییەوە لە ناوچەکە ئامادەن و چەندین بنکە و بارەگای سەربازییان دروستکردووە، ئەو تاوانانە بە بەردەوامی دووبارە دەکەنەوە.
هەموو رۆژێک ناوچە ئاوەدان و گوندەکانی وڵاتەکەمان بۆردومان دەکات و ئەوەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوون و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و سوتاندنی ماڵ و باخ و رەز و پاوانیان. هەموو ئەوانە نیشانەى ئاشکرا و بەردەوامن بۆ پێشێلکردنی دەسەڵات و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق.
لە بەر ئەوەش...
١ – ئێمە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین، کە باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت بکات و یادداشتێکی ناڕەزایەتیی فەرمیی روونی پێبدات تاوەکو تورکیا بە فەرمی لە گرنگی و پێویستی راگرتنی ئەو تاوانە جەنگییانەى دژ بە مرۆڤایەتی ئاگادار بکاتەوە.
٢ – داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین، کۆمیتەیەکی هاوبەش لە دوو کۆمیتەی ئەمنی و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان پێکبهێنێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان لە پێناو ئاسایش و ئارامیی ناوچەکەدا و سنووردارکردنی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر گوندەکان.
٣ – ئەگەر دەوڵەتی تورکیا وەڵامی داوای راگرتنی هێرش و سەرپێچیەکانی نەدایەوە، ئێمە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، کە لەوبارەیەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگا نێونەتەوەییەکان سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکات.
٤ – ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین کە لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە رێکبخات تاوەکو هەنگاوەکانی ئەو وەزارەتە بۆ رێگریکردن لەو پێشێلکارییانە بۆ پەرلەمان روون بکاتەوە.
ژ.ت