"دەبێت گروپەکانی سەر بە تورکیا بخرێنە ژێر چاودێری"

ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لەبارەی دانپیادانانەکانی سەرەک چەتەی تورک سەدات پەکەر لەبارەی گروپەکانی تورک لە ئەڵمانیا داوای لە حکومەتی مێرکل و یەکەکانی ئاسایش کرد لە دژی گروپە مافیا و چەتانەی دەوڵەتی تورک دەستبەکار یبن.

سەدات پەکەر یەکێک لە سەرەک چەتە و میلیشیاکانی دەوڵەتی تورک لە دوا ڤیدیۆیدا وتبووی، "رێکخراوەکان لە ئەڵمانیا (گروپ وکۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتى تورک) هاوڕێ باشن و من ئەوانم خۆشدەوێت. بۆ نمونە، ئەوان داوایانکرد پارەیان بۆ بنێرم، منیش بە نهێنی پارەم بۆ ناردن". پەکەر بەو وتەیە دانی بەوەدا نا، کە پارەی بۆ گروپەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە ئەڵمانیا ناردووە.

ئولا یەلپکە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا، کە زۆر جار کار و تاوانەکانی میت و گروپە چەتە و مافیاکانی سەر بە رژێمەکەى ئەردۆغانی لە ئەڵمانیا بە ناوی "دەستی درێژ" پێناسە کردبوو ئەمجارەش بابەتی دانپیادانانی سەدات پەکەری لەبارەی ئەو گروپە چەتە و مافیانەوە کردە رۆژەڤی پەرلەمانی ئەڵمانیا و داوایکرد، لێکۆڵینەوەى بەرفراوان لەو بابەتەدا بکرێت. راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا گروپی عوسمانییەکانی ئەڵمانیا قەدەغە کران، بەڵام ئەوە بەس نییە و دەبێت گروپەکانی تریش قەدەغە بکرێن.

"ئەو گروپانەى پەکەر باسیکردوون بۆ ئەڵمانیا مەترسیدارن"

یەلپکە لەبارەی دانپیادانانەکانی پەکەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی، "ئەو رێکخراو و کۆمەڵانە لە ئەڵمانیا، کە پەکەر ئەوانی وەک کۆمەڵەى باش پێناسەکردووە، بە تایبەتی لە کاتی هەڵبژاردندا بۆ کۆکردنەوەى دەنگ لەلایەن ئاکەپەوە بەکار دەهێنرێن.  ئەوانە هەم لە تورکیا و هەم لە ئەڵمانیا بەکار دەهێنرێن تاوەکو کۆمەڵگە بکات بە گژی یەکتردا".

یەلپکە رایگەیاند، دەبێت ئەڵمانیا وتەکانی ئەو سەرەک چەتەیە بە جدی وەربگرێت و راشیگەیاند، "چاوەڕوانی من لە حکومەتی فیدراڵ و یەکەکانی ئاسایش ئەوەیە، کە دوای ئەو زانیارییانە لەلایەن پەکەرەوە، کە باس لە پەیوەندیی دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا دەکات، دەبێت بە خێرایی لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن تاوەکو بزانرێت جگە لە عوسمانیەکانی ئەڵمانیا چەند گروپی تر پارەیان پێدراوە".

"نابێت ئەڵمانیا تەنها سەیری ڤیدیۆەکانی پەکەر بکات"

یەلپکە باسی ئەوەیکرد، گروپە جیاجیاکانی سەر تورکیا، هەر وەک لە دانپیادانانەکەی پەکەردا باسیان کراوە، لە رێگەی مافیاکانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و دەشبێت چەکیان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەو گروپانە بخرێنە ژێر چاودێری. ئەڵمانیا نابێت تەنها سەیری ڤیدیۆکانی پەکەر بکات، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەونە سیخوڕییە، کە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی تورک (میت)ەوە بەرێوەدەبرێت، زۆر گرنگە.

ئولا یەلپکە، کە هاوکات وتەبێژی کاروباری ناوخۆی حیزبی چەپی ئەڵمانیا لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا و ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەلمانیا کرد، کە گروپە فاشیست – نەژداپەرستەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە و یەکێتیى ئیسلامی تورک و کاری دیانەت (دیتیب - DÎTÎB) ئەوەندە لە ئامێز نەگرن و نەیان حەوێننەوە. ئەو گروپانە لە دژی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، کوردان و عەلەوییەکانن و لە دژی هەموو ئەو کەسانەن، کە دەیانێت ژیانێکی ئارامیان هەبێت، چونکە تێکدەری ئارامی و ژیانن.

ژ.ت