'ده‌وڵه‌تی تورك درێژه‌ به‌ كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌دات'

پارت و رێكخراوه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌یان به‌ بیرهێنایه‌وه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا شه‌هیدكران، باسیان له‌وه‌كرد، وێڕای پاكتاوكاریش گه‌لی كورد درێژه‌ به‌ تێكۆشان ده‌دات. ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی تورك درێژه‌ به‌ پاكتاوكاری ده‌دات.

پارت و رێكخراوه‌كان كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌ و بایه‌زیدیان له‌ ساڵیادی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ به‌بیرهێنایه‌وه‌.

یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی پارێزه‌رانی توركیا (ته‌به‌به‌) له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌، "ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا به‌ رێزه‌وه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ته‌به‌به‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، "كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ وه‌ك په‌ڕه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاری كه‌وته‌ ناو مێژووه‌وه‌ و بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدا هه‌زاران ژن، منداڵ و برینداربوون و نه‌خۆشكه‌وتنی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ، له‌ ٣٤ هه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌دا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ژیانیان له‌ده‌ستدا به‌ رێزه‌وه‌ به‌ بیرده‌هێنینه‌وه‌".

سه‌یه‌كه‌په‌

پارتی سۆسیالیستی نوێ (سه‌یه‌كه‌په‌)ش له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌، "ئه‌و هێرشه‌ پاكتاوكارییه‌ی سه‌ددام حسێن به‌ هاوكاری ئیمپریالیسته‌كان ئه‌نجامیدا، نه‌یتوانیوه‌ كه‌ گه‌لی كورد له‌ تێكۆشانی ئازادی و یه‌كسانی دووربخاته‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا ژیانیان له‌ده‌ستدا به‌ رێزدارییه‌وه‌ به‌ بیرده‌هێنینه‌وه‌".

ئیهه‌ده‌

كۆمه‌ڵه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ (ئیهه‌ده‌) له‌ ٣٤ هه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه‌دا راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و باسی له‌وه‌كرد، هێرش و هه‌ڵه‌كانی پاكتاوكاری كوردان به‌رده‌وامه‌، هێرشه‌كانی داعش، داگیركاری تورك له‌سه‌ر عه‌فرینی به‌ بیر هێنایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌و هێرشانه‌دا به‌ده‌یان مه‌ده‌نی ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و به‌ ده‌یان هه‌زار مرۆڤ له‌ زێدی خۆیان هه‌ڵكه‌نراون و ئاواره‌بوون.

ئه‌سه‌په‌

پارتی سۆسیالیستی چه‌وساوه‌كان (ئه‌سه‌په‌) رایگه‌یاند، دوێنێ سه‌ددام له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆی پلانی پاكتاوكردنی داده‌ڕشت، ئێستاش ئه‌ردۆغان له‌ كۆشكی خۆی پلانی پاكتاوكاری داده‌ڕێژێت و باسی له‌وه‌كرد: "پاكتاوكه‌ر و داروده‌سته‌كه‌ی له‌ناو ده‌چن، گه‌له‌كه‌مان سه‌رده‌كه‌وێت".

هـ . ب