دەم پارتی بە ڕۆژەڤی مەراسیمی چەک سووتاندن کۆبووەوە

ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێوڕەسمی چەک سووتاندنی دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و پێشهاتە سیاسییەکانیی دواتر، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.

ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بەشێوەیەکی نائاسایی لە ناوەندی گشتی دەم پارتی لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە هاوسەرۆکانی گشتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەرۆکایەتی دەکەن، ڕاوەستە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تورکیا دەکرێت.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆیە لەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و مەراسیمی چەک سووتاندنی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'، هەروەها پەیوەست بە مەراسیمەکە سەرنج دەخرێتەسەر ئەو ڕۆڵەی دەکەوێتەسەر پەرلەمانی تورکیا و باس لە ئەرکی پەرلەمان دەکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆن.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئەو هەنگاوانەی کە دەبێ بۆ پێشخستنی پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' بنرێت، بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵدەسەنگێندرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دیدارەکانی شاندیی ئیمراڵیی دەم پارتی دەکرێت

بڕیارە سبەی ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی؛ پەروین بۆڵدان و ئۆزگور ئەرۆل و میدحەت سانجار لەگەڵ یڵماز تونچی وەزیری داد، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە کۆببنەوە. کۆمیتەی ناوەندی ڕاوەستە لەسەر ئەم کۆبوونەوانە دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت دواتر وتەبێژی دەم پارتی، ئایشەگوڵ دۆغان پەیوەست بە کۆبوونەوە و تەوەرە هەڵسەنگێندراوەکانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات.