پێنج ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شەداد و تەبقە شەهیدبوون

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشیی ناوخۆ ڕایگەیاند لە تەبقە و شەدادی هێرشکراوەتە سەر چەند خاڵێکی هێزەکانیان و لە ئەنجامدا پێنج ئەندامییان شەهیدبوون و پێنجی دیکەش برینداربوون.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشیی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە دژی خاڵەکانی هێزەکانی ئاسایش لە شارەکانی شەدادی و تەبقە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "گرووپێک تیرۆریست بەرەبەیانی دوێنێ (١٤ی تەمموز) لە شاری تەبقە هێرشیان کردۆتەسەر دوو خاڵی هێزەکانمان. لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج ئەندامان برینداربوون. لە شاری شەدادیش لە دژی گرووپێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆمان هێرشێکی نامەردانە ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج ئەندامان شەهیدبوو.

ئەنجامدانی ئەم کارانە لە دژی هێزەکانمان بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی پشێوییە. ئەم کارانەش لە پاراستنی کۆمەڵگەکەمان و ئەمنیەتیان دوورمان ناخاتەوە. بە مەبەستی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو گرووپە هێرشکەرەکە و هاوکارانی لێکۆڵێنەوەیەکی چڕ لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستیپێکردوە."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "لە خۆمان و لە بنەماڵەی شەهیدە قارەکانمان سەرەخۆشی دەکەین. بەڵێن دەدەین درێژە پێدەری ڕێگەی شەهیدان دەبین، دەستکەوتەکانی شۆڕش و بەهاکانی گەلەکەمان دەپارێزین."