کاروانێکی هێزەکانی دیمەشق چوونە نێو سوەیداوە

وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی دیمەشق ڕایگەیاند هێزەکانیان چوونەتە نێو شاری سوەیداوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەرزارەتدا ئاماژەی بەوەکراوە هێزەکانی حکومەت دەستیان بە ڕۆشتنە ناو شاری سوەیدا کردوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی دروزدایە.

هەروەها لە شارەکەدا قەدە‌غەی هاتوچۆ ڕاگەیاندراوە. وەزارەتی بەرگریش داوای لە دانیشتووانی سوەیدا کردووە 'لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و جموجوڵی هەموو گرووپەکان نایاساییە.'

پێش کەمێک ڕێبەرانی ڕۆحی دروز بڵاوکراوەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا هاتنە ناوەوەی هێزەکانی حکومەتیان بۆ ناو شارەکە پەسند کردوە و بانگەوازییان لە گرووپە دروزەکان کردوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

شەڕەکە سەرەتا لە نێوان چەکدارە هەرێمییەکانی دروز و هۆزە بەدەوییەکان ڕوویدا کە لە لایەن دیمەشقەوە پشتگیری دەکرێن.

بە پێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) لە شەڕەکەدا ٩٩ کەس کوژراون، کوژراوەکانیش؛ ٦٠ دروزی، ١٨ بەدەوی، ١٤ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کاتی دیمەشق و حەوت چەکداری نەناسراون.

پارێزگای سوەیدا شوێنی کۆمەڵگەی دروزەکانە. لە سوریا نزیکەی ٧٠٠ هەزار دروزی هەیە. هەروەها دروزەکان لە لوبنان و ئیسرائیلیشدا هەن.