لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەم پارتیدا کە لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، رۆژەڤە ئابوورییە هەرێمی و جیهانییەکان، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەڵسەنگێندرا و جەختکرایەوە لەسەر بەرنامەی کارکردنیان.
لە ئەنجامنامەکەدا تیشک خرایەسەر ڕووداوەکانی فەلسەتین و لوبنان، هەروەها گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئاماژە بە کاریگەری پێگەی جوگرافیای کوردستان و تورکیا کرا لەو ئاڵۆزیانەدا.
هەروەها لە ئەنجامنامەکەدا سەرنجخرایەسەر سیاسەتە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و سەبارەت بە سیاسەتی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەت ئاماژە درا بە هێرشە داگیرکارییەکان لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستیپێکردووە و ئەوە خرایەڕوو، ئەم سیاسەتانەی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە گەلانی تورکیای دوچاری دۆخێکی مەترسیدار کردووەتەوە.
لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بە قسەوباسەکانی سەبارەت بە 'ئاسایبوونەوە' کرا کە سەرلەنوێ کەتووەتەوە ناو ڕۆژەڤەوە و ئاماژە بەوە درا کە دەم پارتی ساڵانێکە قوربانی زۆری داوە لە پێناو هێنانەئارای ئاشتی و هەموو ئەو بەرانەی دژ بە ئاشتیین جێگەی شەرمەزاریان بوون و گوتراوە: "مشتومڕکردن لەسەر چارەسەری نوێ خاڵێکی ئەرێنییە، بەڵام سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی وتەی 'تەسلیم بوون' هاوکاری چارەسەری پرسی کورد و کێشەکانی تورکیا ناکات."
'ڕۆڵی ئۆجالان لە چارەسەریدا ڕیشەییە'
لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوەکرا بۆ هێنانە ئارای ئاشتی و چارەسەری ڕاستەقینە لابردنی گۆشەگیری مەرجی بنەڕەتییە و گوتراوە: "وەک هەنگاوی سەرەتا و کاریگەر دەبێت گۆشەگیری سەر بەرێز ئۆجالان لاببرێت. ڕۆڵی کاریگەری بەڕێز ئۆجالان لە پرۆسەی چارەسەرییدا لەبەرچاوە و جێگەی گومان نیە. لە دوای ٤٣ مانگ لە گۆشەگیری سەخت، چاوپێکەوتنەکە مانادار و گرنگە، بەڵام گۆشەگیری هێشتا بەردەوامە. وەک ئەوەی بەڕێز ئۆجالان ئاماژەی بەوەکردبوو، 'گەر هەلومەرج بڕەخسێنرێت هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە قۆناغەکە لە زەمینەی شەڕەوە بپەڕێنمەوە بۆ زەمینەی یاسای و سیاسی' بۆیە پێش هەموو شتێک دەستبەرکردنی ئازادی جەستەیی، ئاسایش و تەندورستی ئەو بۆ کردنەوەی ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە. زەمینەی دانوستاندن و دیالۆگ، تەنها لە چوارچێوەی بارودۆخی ئازاد و یەکساندا دەتوانێت ڕاستەقینە و هەمیشەیی بێت."