دەم پارتی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر "شەپۆلی نەژادپەرستی" دژی کوردان

سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمان ڕەخنەی توندی گرت لە فشارەکان بۆ سەر زمان و چاندی کوردی.

گوڵستان کلیچ کۆچیگیت ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکان بۆ سەر زمان و چاندی کوردان زیاتر بوون، سڕینەوەی نووسینە کوردییەکانی چواند بە کودەتای ١٢ ی ئەیلول گوتی: "ئەمڕۆ کوردبوون قەدەغەیە، هەڵپەڕکێ قەدەغەیە. دەسەڵاتی ئاکەپە نزیکایەتی جیاکار و پەراوێزخەرەکانی خۆی درێژە پێ دەدات لەسەر زمان و چاندی کوردی".

هەروەها گوتی: "بەم دواییانە، بەدەستی وەزیری ناوخۆ شەپۆلێکی نوێی فاشیزم دەستی پێ کرد. ئێمە لە هەموو جێیەک چاند و زمانی کوردی دەپارێزین و هەرگیز دەستبەرداری نابین".

ئاماژەی بەوە کرد دەسەڵات بەرگەی زمانی کوردی ناگرێت، بەرگەی نووسینی ترافیکی سەر جادەکان بە کوردی ناگرێت، گوتی: "گەلی کورد لە مێژووەوە تا ئێستە بەرامبەر فشارەکان بەرخۆدانی کردووە و بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان".


"بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان لەبیری کوردان ببەنەوە، ئەم کارە دەکەن"

لەکۆتایدا گوتی: "هۆکاری گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەیە، عەبدوڵا ئۆجالان لەبیری گەلی کورد ببەنەوە. ملیۆنان کەس عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئیرادەی سیاسیی خۆیان دەبینن. ملیۆنان کەس داوای ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەکەن. ملیۆنان کەس ڕۆژانە لە گۆڕەپانەکان هاوار دەکەن، کەس ناتوانێت زمان و چاندەکەیان لەناوببات".