دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا دەستیپێکرد
دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە تورکیا، دەستیپێکرد.
دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە تورکیا، دەستیپێکرد.
دەنگدان لە دەرەوەی توركيا ئەمڕۆ ٢٧ی نیسان دەستیپێکردووە و تاوەکو ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت. هەروەها دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکان تا ١٤ ی ئایار بەردەوام دەبێت.
نزیکەی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەر لە دەرەوەی تورکیا تۆمارکراون
بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ٤ هەزار و ٦٧١ سندوقی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات و لە خاڵە سنووری و گومرکەکاندا بۆ دەنگدان دانراون.
هەروەها لە دەرەوەی تورکیا ٣ ملیۆن و ٤١٦ ههازار و ٩٨ دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمارکردووە. ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی وڵات دەنگ دەدەن ٢٧٧ هەزار و ٤٦٤ دەنگدەرن.
دەنگدان لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە بەپێی کاتی دیاریکراو و لە ڕۆژانی هەفتەدا بە پێی کاتی ناوچەیی لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ تاوەکو ٢١:٠٠ و لە باڵیۆزخانەکانیش لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١٨:٠٠ پرۆسەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت.
زۆرترین دەنگدەر لە ئەڵمانیادایە
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، زۆرترین دەنگدەر لە دەرەوەی تورکیا لە ئەڵمانیادایە.. لە ئەڵمانیا یەک ملیۆن و ٥٠١ هەزار و ١٥٢ دەنگدەری تورکیا هەیە. لە فەڕەنسا ٣٩٧ هەزار و ٨٦ دەنگدەر و لە هۆڵەندا ٢٨٦ هەزار و ٧٥٣ دەنگدەر هەیە.
دەنگدان لە بەرلین دەستیپێکرد
سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەنگدەران لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا کۆبوونەوە و دەستیان بە دەنگدان کرد.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی هەماهەنگی بەرلین، هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی، دەنگدەران لە نێوان ۲۷ی نیسان بۆ ۹ی ئایار لە بەرلین بە ٤٦ ئۆتۆمبێل بۆ دەنگدان دەگوازرێنەوە بۆ بنکەکانی ویدینگ، کریوزبێرگ و نیوکۆلن.
لە بەرلین لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە ١٠ سندوقی دەنگدان دەنگ دەدرێت و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە ١٢ سندوقی دەنگدان دەنگ دەدرێت. هەروەها دەنگدەرانی شارەکانی دەوروبەری بەرلینیش دەتوانن بۆ دەنگدان بڕۆن بۆ بەرلین.
لە ناوەندەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتییک لە درێسدن و هالی، پاس بۆ گەیاندنی دەنگدەران بەرەو سندوقەکان بەڕێدەکەون.
هەموو ڕۆژێک لە چیمنیتز ئۆتۆمبێل بە ڕێدەکەوێت.
هەروەها لە ماگدێبورگ و لایپزیگ دەنگدەران بە پاس دەبرێن بۆ بنکەی دەنگدان.
بۆ پاراستنی سندوقەکانی دەنگدان لە بەرلین، لەلایەن پارتی چەپی سەوزەوە ٢٢٠ چاودێر ئەرکدارکراون.
ژ.ت