دەستەی باڵای ئایینی ئێزدی: بە هێزی خۆمانەوە ڕووبەڕووتان دەبینەوە

کەسایەتی ئایینی ئێزدی شەنگال، بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێک دەکەن بۆ سەر چیای شەنگال و داوا لە ڕای گشتی جیهان دەکەن کە لە بەرامبەر هەرهەوڵێکی لێسەندنەوەی خۆسەرییەکەیان و ئەوەی کە لە بەرنامەدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی چیای شەنگال بوەستنەوە.

ژمارەیەک لە نوێنەران و ڕیش سپی و ئایینی و زانستی ئێزدی لەسەر چیای شەنگال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایانگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دەستوەردان و هاتنی سوپای عێراق بۆ چیای شەنگال ڕەتدەکەنەوە و ئەوەشیان دووپاتکردەوە کە هەرگیز ئەو شوێنە پیرۆزە ڕادەست ناکەن و پەرستگەکانیان بە هیچ هێز و لایەنێک نادەن ، “هەرگیز چەک دانانێین.

ئەوەشیان دووپاتکردەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق سوور بێت و سوپا بنێرێتە چیای شەنگال، ئەوان بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بەرەنگاری دەبنەوە، “بە هەموو توانایەکەوە گەلەکەمان لە شەنگال دەپارێزین.

هەروەها بانگەوازیان لە پێکهاتەی ئێزدی لە عێراق و جیهان کرد کە لە بەرامبەر هەر دەستێوەردان و هێرشێکی سوپای عێراق بۆ سەر چیای شەنگال بوەستنەوە، هەروەها بانگ لە گەنجان و پیاوان و ژنانیان کرد کە چەک هەڵبگرن و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی سەر چیای شەنگال و هەموو هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکان بۆ سەر خاکەکەیان بوەستنەوە، چونکە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی لەناوبردن دەبنەوە.

هەروەها پێیانوایە ئەم پیلانگێڕییە کە لە دەوروبەری شەنگال دەخولێتەوە، پیلانێکی مستەفا کامی سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتەکەیەتی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی کۆمەڵگای ئێزدی، هۆشداری ئەوەش دەدەن لە ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێک بۆسەر چیای شەنگال، کازمی بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم خودا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دەشڵێن: “ئێمە وەک پیاوانی ئایینی و نوێنەری ئێزدییەکان، بە هەموو شێوەیەک بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدەینەوە بەو هێزەی کە لەبەردەستماندایە، ئێمە دەنگی خۆمان دەدەینە دەست دەسەڵاتی عەقڵانی، بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو بەشەکانی جیهان، کە حکوومەتی عێراق و کازمی هەوڵ دەدەن چیای شەنگال بخەنە ژێر دەستی خۆیان و جارێکی دیکە ئێزدییەکان بکوژن و لەناویان بەرن.

دووپاتیدەکەنەوە کە چیای شەنگال پیرۆزە و شوێنێکی ئارامە بۆ گەلی ئێزدی و وەک قەڵغانێکی بەهێز لە بەردەم هێرشەکانی داعش وەستایەوە کاتێک لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا خەڵکی شەنگال پەنایان بۆی برد، ئەو قەڵغانەی کە بە درێژایی مێژوو گەلی ئێزدی لە شەڕ و هێرشی دوژمنان پاراستووە.

لە کۆتاییشدا ئەوەیان بە گوێی حکومەتی عێراق و بە تایبەت مستەفا کازمی دا کە هیچ کات خۆیان بەدەستەوە نادەن و چەکەکانیان دانانێن و بەرگری لە خاک و شەرەف و گەل و خوێنی شەهیدەکانیان دەکەن.

ک-ش