"دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت هەرێمەکە چۆڵ بکات و داعش زیندوو بکاتەوە"

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی فورات ڕایدەگەیەنێت، داگیرکەری تورک دەیەوێت لەڕێگەی خوڵقاندنی پشێوییەوە هەرێمەکە چۆڵ بکات و داعش زیندووبکاتەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی فورات ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە دژی بۆردومانکردنی ماتۆڕسکیلێک لەلایەن فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دەوروبەری شاری کۆبانێ کە بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی برینداربوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هەر ئەوکاتەی ئاکەپە پاش هەڵبژاردن دەسەڵاتی وەرگرتەوە، دوژمنکارییەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر بوو، وەک هەنگاوێکی ڕوون بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشێوی نانەوە لە هەرێمەکە؛ ئیتر ماشێنی شەڕ و تیرۆری تورک دەستیکرد بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر هەرێمەکانمان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی؛ ئەم هێرشانە ناوەندی شار و گوندەکانی گرتەوە کە بەچڕی دانیشتووانی لێیە، بەهۆیانەوە چەندین هاوڵاتیمان شەهید و بریندار بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەم کارانە دەیەوێت هەرێمەکانمان لە دانیشتووان چۆڵ بکات و داعش زیندوو بکاتەوە، ئەوکاتەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەیەوێت تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان دادگایی بکات.

بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا دەکەین، وەک دوو دەوڵەتی پارێزەری ڕێککەوتنی ئاگربەست، سنوورێک دابنێن بۆ دەستدرێژییەکانی داگیرکەری تورک کە ئارامی هەرێمەکانمان دەشێوێنێ و دەچێتە خزمەتی زیندووکردنەوەی داعشەوە".