دەوڵەتی تورک لە بروکسێل شەرمەزار کرا

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر بەڕێوەبەرانی کانتۆنی قامیشلۆ لە بروکسێلی پایتەختی بەلجیکا شەرمەزار کران.

ئێوارەی چوارشەممە کاتژمێر ١٩:٠٠ بە دەیان کەس لەبەردەم وێستگەی ناوەندی سەمەندەفەری بروکسێل کۆبوونەوە و دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.

رۆژی ٢٠ی حوزەیران لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا هەریەک لە هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش، جێگرەکەی لەیمان شوێش و فورات توما شەهیدبوون.

لە چالاکییەکەدا پلانکارد بە وێنەکانی هەر سێ شەهیدەکە بەرزکرانەوە و دروشمەکانی "تیرۆریست ئەردۆغان"، "دیکتاتۆر ئەردۆغان" و "شەهید نامرن" وترانەوە.

هەروەها لە چالاکییەکەدا ئاڵاکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، یەپەگە، یەپەژە، پارتی ئازادیی مێزۆپۆتامیا (مۆپ) و رێکخراوە ئێزدییەکان بەرزکرایەوە.

چالاکوانان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی کۆمەڵگای نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد.

هـ . ب