دوو پرۆژە پرسیار لەسەر "هێرشی کیمیایی" دەوڵەتی تورک پێشکەشی پەرلەمانی سویسرا کران

فابیان مۆلینا و کلاودیا فریدل پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیستی سویسرا لە بارەی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد ٢ پرۆژە پرسیاریان لە حکومەت کرد.

فابیان مۆلینا و کلاودیا فریدل پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیستی سویسرا لە بارەی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد ٢ پرۆژە پرسیاریان لە حکومەت کرد.

پەرلەمانتارانی پارتی سۆسیالیستی سویسرا فابیان مۆلینا و کلاودیا فریدل لە دانیشتنی پەرلەماندا پرسیاریان لەبارەی هەڵوێستی ئەنجومەنی فیدراڵی لەسەر هێرشی چەکی کیمیایی دژ بە گەلی کورد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک دا ٢ پرۆژە پرسیاریان خستەڕوو.

فابیان مۆلینا رایگەیاند، چەندین هەواڵ بڵاو دەکرێنەوە، کە ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای تورک گازی ژەهراویی لە هەرێمی سەربەخۆی کوردستان (باکوری عێراق) بەکارهێناوە و تورکیا بەو هۆیەوە پرۆتۆکۆڵی جنێڤ و پەیماننامەی چەکی بایۆلۆجی و پەیماننامەی چەکی کیمیایی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە. فابیان مۆلینا داوای لە پەرلەمانی نیشتمانیی سویسرا کرد، وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:

 - ئایا سویسرا داوای لەحکومەتی تورکیا کردووە لەو بارەیەوە راگەیاندراو و روونکردنەوە بدات؟

-  کام بابەت و لە چ ئاستێکدا گفتوگۆی لەسەر کرا؟

-  ئایا سویسرا هەوڵیداوە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییەوە ئەنجام بدرێت؟

-  ئایا ئەو گازە مەزەندە کراوە، کە بەکارهێنراوە بەرهەمی سویسرایە؟ ئایا دەکرێت چاوپۆشی لەوە بکرێت؟ ئەگەر وایە، بۆچی؟

هاوکات کلاودیا فریدل پرۆژە پرسیارەکەیدا ئەوەی بەبیرهێنایەوە، کە لە هێرشە سەربازییەکانی تورکیادا بۆ سەر گەلی کورد لە باشووری کوردستان شوێن و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون و چەکی کیمیایی قەدەغەکراو بەکار هێنراوە. کلاودیا فریدل داوایکرد وەڵامی ئەم پرسیارانەی بدرێتەوە:

 -  ئایا ئەنجومەنی فیدراڵی ئاگاداری ئەو تاوانبارکردنانەیە؟

-  ئایا دەزانرێت چەکی کیمیایی بەکارهاتووە یان نا؟

-  ئایا ئامادەیە لەبارەی ئەو رووداوانەوە داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی بکات، یان پشتیوانی لەو لێکۆڵینەوەیە بکات؟

ئەوەش لە کاتێکدایە لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی فیدراڵی سویسرادا پرۆژە پرسیاری ١٤ پەرلەمانتار لە حیزبەکانی سۆسیالیست و پارتی سەوز و سۆڵیدارێتی پێشکەش کرا.

ژ.ت