'دۆزی کۆبانێ و مافی هیوا تاقیکردنەوەی باوەڕبوون بە سەردەمی نوێیە'

پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ نەکرێن، ناشێت باسی دیموکراتیکبوون بکرێت و وتی، "پرسە بنەڕەتییەکانی وەکو مافی هیوا ناکرێت پشتگوێبخرێن."

عەلی بۆزان

پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان ئاماژەی بەوە کرد، دوایین بڕیاری بە پێشێلکاریی دانان، کە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (DMME) سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش دای، تەنها بەسەرکردنەوەیەکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو سەرنجی خستە سەر ئاستی یەکلاکەرەوە و هەستیاری ژینگەی سیاسی لە تورکیا.

بۆزان ئاماژەی بەوە کرد، چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا تەنها لەسەر بارودۆخی هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان نییە، بەڵکو لەسەر دۆزی کۆبانێ و فشارە سیاسییەکان لەسەر سیاسەتمەدارانی هەدەپەش جێی تێڕامانە. بۆزان وتی، "ئەمە تەنها بڕیارێک نییە لەبارەی پێشێلکارییەکی تاکەکەسی. ئەم بڕیارە لەسەر دەمیرتاش بۆ هەموو ئەو سیاسەتمەدارانەی هەدەپە کە دادگایی دەکرێن گەلێک گرنگە. جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەمەودوا ناچارییە."

بۆزان ڕایگەیاند، "دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نەک تەنها پێشێلکردنی ئازادیی کەسێک، بەڵکو باسی فشارە سیاسییە بەکۆمەڵەکانیش دەکات. هەربۆیە ئەم بڕیارە پێویستە ڕاستەوخۆ بۆ هەموو ئەو دۆسیانە کە سیاسەتمەدارانی هەدەپە تێیدا داگایی دەکرێن دەستەبەر بکرێت. ئەگەر ئەم بڕیارە پشتگوێ بخرێت، لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە دەبێتە هۆکار بۆ لەناوچوونی متمانەیەک کە قەرەبووکردنەوەی زەحمەتە."

بۆزان گوتی، "لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پڕۆسەی چارەسەریی نوێدا، مافی هیوا گەلێک هەستیارە. لەم بابەتەدا ئیرادەی سیاسیی تورکیا تاقیدەکرێتەوە."

بۆزان ڕایگەیاند، پەرلەمان بێ دواکەوتن پێویستە گۆڕانکاریی یاسایی لەسەر مافی هیوا بکات و گوتی، "نابێت پرسەکە دوابخرێت. ئەگەر ڕوحی سەردەمی نوێ جددی ببینرێت، پەرلەمان بەبێ دواکەوتن پێویستە کاربکات. هەم دۆزی کۆبانێ و هەم مافی هیوا نەک تەنها یاسایین، بەڵکو بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتیش تاقیکردنەوەیەکە."

عەلی بۆتان ئاماژەی بەوە کرد، وەکو دەم پارتی بۆ دامەزراندنی پڕۆسەی نوێ لە سەرانسەری تورکیا گردبوونەوە ئەنجامدەدەن و باسی لەوەش کرد، لەو گردبوونەوانەدا، یەکێک لەو پرسانەی کە زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت ئەوەیە کە دەسەڵات هیچ هەنگاوێک نانێت. عەلی بۆزان گوتی، "کۆمەڵگە دەیەوێت باوەڕ بە سەردەمی نوێ بهێنێت، بەڵام بۆ ئەم باوەڕە پێویستە دادپەروەری جێبەجێ بکرێت."