فەرماندەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) کۆمەڵێ زانیاریی ورد لەسەر ڕوداوەکەی ئەمڕۆی مەتینا ئاشکرا دەکات.
فەرماندەکە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت و ناوە و پلە سەربازیەکەی پارێزراوە وتی: ڕوداوەکەی ئەمڕۆی مەتینا پیلانگێرییە و ماوەیەکە بەرنامەی بۆ داڕیژراوە، لە ئێستادا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەش کردوە، پەدەکە هێزێکی زۆری لە دوێنێ شەوەوە ڕەوانەی چەند شوێنێک لە چۆمان و حاجی عومەران و مەتینا کردووە. بە جۆرێک ئەو هێزە لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سیداد بارزانی، برای مەسعود بارزانی دایە و پێکهاتووە لە (فەرماندەیی یەکی پشتیوانیی پەدەکە) کە ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەوە هێزە بە بڕیارێکی بەپەلە خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
فەرماندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکراشی کرد، هەموو ئەو چەک و ئۆتۆمبیلە سەربازیانەی لەگەڵ هێزەکەدایە، بەناوی وەزارەتی پێشمەرگە و شەڕی داعشەوە لە هاوپەیمانان وەرگیراون.
ئەو فەرماندەیەی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاریی پیلانەکەیە ڕاشیگەیاند: پەدەکە بۆیە بەوە ڕازی بووە هێزەکەی بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی کاتێ بە پشتیوانیی تورکیا هێرشیان کردە سەر گەریلاکانی پەکەکە تەنیا پەدەکە تۆمەتبار نەکرێت و بڵێن: هێزی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بووە. ئامانجی دووەم تێوەگلانی یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دیکە لەو پیلانگێڕییەیە. هەروەها تا لەو ڕێگەشەوە سوپای عێراقیش پەلهاوێژی ناو پیلانەکە بکەن.
بەوپێیە ئەگەر وانەبێت، لایەنەکانی دیکە ڕاستەوخۆ ناچنە ناو ئەو پیلانگێڕییەوە کە پەدەکە و تورکیا دەیخوازن دژی پەکەکە جێبەجێبکرێت.
ئەو فەرماندە جەخت کردوەتەوە، کە هیچ پێشمەرگەیەک ئامادە نییە دژی گەریلاکان شەڕ بکات. بەڵام تورکیا و باڵێکی ناو پەدەکە کە داڕێژەری ئەو پیلانەن، دەیانەوێ ڕەوایەتی بەو شەڕە بدەن و بە پێشمەرگەشەوە هەموو لایەنەکان بخەنە ناو پیلانەکەوە.
فەرماندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی کرد، شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی چوونی ئەو هێزانەی پەدەکە بۆ چۆمان و حاجی عومەران و مەتینا، ڕێگریی لە گەڕانەوەی گوندنشینەکان بۆ گوندەکانیان کراوە.
ف.م
هـ.هـ