٣٢ هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد بە تێمای "گۆشەگیری و داگیرکاری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" بە جۆشێکی مەزن بەردەوامە.
فێستیڤاڵەکە بە وتەی هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد و سیاسەتمەداری کورد خەتیب دیجلە کە لەسەر ناوی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" قسەی کرد، بەردەوام بوو.
زەینەب موراد: ژن ژیان ئازادی بووە بە سەرچاوەی ئیلهام
زەینەب موراد بە شێوەزاری کوردی کەلهوڕی قسەی کرد، ڕایگەیاند سڵاوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هێناوە.
زەینەب موراد ڕایگەیاند بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەلی کورد تێکۆشانی مەزن کردووە و بەرخۆدانێکی مەزنی پێشخستووە.
ئاماژەی بەوە کرد گەلی ڕۆژهەڵات بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، بووەتە سەرچاوەی هیوای هەموو بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهاندا.
هەروەها تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، گوتی: "گەلەکەمان لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆبووەتەوە و لە چوار پارچەی کوردستان لەسەر خاکی خۆی بە شکۆ و ئازادی دەژی. شەڕڤانانی ئازادی ئەمڕۆ بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هەموو هێرشەکان دوژمنیان پووچەڵ کردووەتەوە و پووچەڵیان دەکاتەوە. وەک گەلی کورد خاوەنداری لە بەهاکانمان و کەلتووری خۆمان دەکەین و ئازاد دەبین".
خەتیب دیجلە: هەڵمەتەکە سەرکەوت
خەتیب دیجلە ڕایگەیاند هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەسەر ئاستی جیهان سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێناوە، گوتی: "ڕێبەر ئۆجالان بە پارادایمە نوییەکەی نەوەک هەر ڕێبەری گەلی کوردە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان زیهنیەتێکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزی ژنانی پێشخستووە. ئەم هەڵمەتە لەلایەن پارتە دۆستەکان و گەلی کوردستان بەجۆشەوە پێشوازی لێ دەکرێت".
هەروەها ئاماژەی کرد بە بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر گۆشەگیری، گوتی: "بێدەنگبوون بەرامبەر سیاسەتەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵی واتای پشتگوێخستن و چاوپۆشییە لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی".
ڕەخنەی لە بێدەنگی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان گرت و تیشکی خستەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتی دامەزراوەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا.
لەکۆتاییدا گوتی: "دیسانەوەی داواتان لێ دەکەین، لەم ڕووەوە هەنگاوی بەپەلە بنێن! بزانن کە ئێمە بێدەنگ نابین. بەرامبەر ڕژێمی قڕکردنی ئیمراڵی، بە پێداگرییەوە یاسا و بەها مرۆڤایەتییەکان دەپارێزین".
فێستیڤاڵەکە بە گۆرانی هونەرمەند شەهریبان کوردی بەردەوام بوو.