گەلی مەنبەج بەبۆنەی جەژنەوە سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان کرد

گەلی مەنبەج و دەوروبەری ئەم بەیانییە پاش نوێژی جەژن ڕوویانکردە گۆڕستانی شەهیدان و سەردانی گۆڕی ڕۆڵەکانیان کرد کە لەپێناو ئاسایش و ئارامی خۆیان کردە قوربانی، گوڵیان لەسەر گۆڕەکانیان دانا.

لەگەڵ دەرکەوتنی خۆر، دەیان مزگەوتی شاری مەنبەج تەکبیراتی جەژنی قوربانیان دەستپێکرد، پاشان سەدان کەس لە مەنبەج و دەوروبەری و بنەماڵەی شەهیدان ڕوویانکردە مزگەوتەکان بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەلی مەنبەج و بنەماڵەی شەهیدان و مەجلیسی سەربازی مەنبەج و ئەندامانی ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیک و دامەزراوەکان و مەجلیسە مەدەنییەکان و دامەزراوەکانی ژنان، سەرلەبەیانی جەژن سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان کرد.

لەگەڵ فرمێسکی دایک و ڕۆڵەی شەهیدان، گوڵ و بخوردیان لەسەر گۆڕی شەهیدان دانا لەگەڵ خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز.

هەروەها چکلێت و شیرینیان بەسەر مناڵان دابەشکرد و جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر کرد.