گەنجان هەڵکوتانی فەرەنسایان بۆ سەر کوردان ئیدانە کرد
گەنجانی کورد گوشار و هەڵکوتانی فەرەنسا بۆ سەر کوردانیان بە رێکخستنی چالاکییەک ئیدانە کرد.
گەنجانی کورد گوشار و هەڵکوتانی فەرەنسا بۆ سەر کوردانیان بە رێکخستنی چالاکییەک ئیدانە کرد.
گەنجان لە گۆڕەپانی ریپوبلیکای پاریس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گوشار و هەڵکوتانی پۆلیسی فەرەنسا بۆ سەر کوردان کۆبوونەوە و رێگای هاتوچۆیان داخست.
لە چالاکییەکەدا پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "فاشیزمی دەوڵەتی تورک و حکومەتی فەرەنسا یەک شتە" بەرزکردبووە و ئاڵاکانی پەکەکە و وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بە دەستەوە گرتبوو.
چالاکیی گەنجان بۆ ماوەی کاتژمێرێک بەردەوامی هەبوو و تیایدا رایانگەیاند، "تاوەکو هەڤاڵانمان ئازاد نەکرێن، ئێمە لە گۆڕەپانەکان دەبین و چالاکیی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین. دەبێت هەموو گەنجانی کورد لە دژی هێرشە سیاسییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان".
چالاکییەکە بە وتنەوەى چەندین دروشم کۆتایی پێهات.
پۆلیسی فەرەنسا لە کاتژمێر ٠٦:٣٠ی بەرەبەیانی دوێنێدا لە شارەکانی پاریس، مارسیلیا و مارینگیان هەڵیکوتایە سەر ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد و ٦ ماڵ و مارکێتێک و هاوشێوەی پۆلیسی تورک دەرگاکانی ناوەندەکەیان شکاند و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر پشکنینان لە ناوەندەکەدا ئەنجامدا و هەموو کەلوپەلەکانی ناوەندەکەیان تێک و پێکدا و ١٢ هاووڵاتیی کوردیان دەستگیرکرد.
ئەو هەڵکوتانە و رەفتارەی پۆلیسی فەرەنسا لەلایەن کۆمەڵگەى کورد لە فەرەنسا و رێکخراوە کوردستانییەکانەوە بە توندی ئیدانە کرا. کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان لە دژی پەلامار و هەڵکوتانی پۆلیسی فەرەنسا بەردەوامیی هەیە.
ئەوەى جێگای سەرنجە ئەو هەڵکوتانە لە دوای هەندێک گرژیی نێوان تورکیا و فەرەنسا و لە دوای ئەوە سازش بۆ رێکخستنی چاوپێکەوتنی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا کرا، روویدا.
ژ.ت