گەنجانی شەنگال بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان چالاکییان ئەنجامدا

گەنجانی شەنگال دژی نیشتەجێ کردنی خانەوادەی چەتەکانی داعش بۆ موسل، گردبوونەوە و داوایان کە حکومەتی عێراق کرد لەجێی ئەوە ژنانی دیلی دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاربکرێن.

لە ماوەی هەفتەی رابردودا زیاتر لە ١٠٠ خانەوادەی چەتەکانی داعش، لە کامپی هۆڵ، ڕادەستی حکومەتی عێراق کرانەوە و لە کامپی جەددە لە باشوی موسل جێگیرکران، مەجلسی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال  ڕایگەیاند کە ژمارەی خانەوادە داعشییەکان ١٥٠ خانەوادەیە، بەڵام وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق وتوویەتی کە ژمارەیان ٩٤ خانەوادەیە.

گروپێک لە گەنجانی شەنگال بە مەبەستی ئیدانەکردنی گەڕاندنەوەی خانەوادەی چەتەکانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق، لە بەردەم دادگای شارۆچکەی سنونێ گردبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.

لە گردبوونەوەکەدا، وێنەی ئەو ژنە ئێزدییانەی بەدەستی چەتەکانی داعش کوژراون یان ڕفێندراون، پانکارد بە نووسراوەی؛ “ئەگەر ناتوانێ زوڵم لابەیت، دەنگت بگەینە هەموو شوێنێک”، ئەگەر ناتوانی ژنە ئێزدییە دیلەکان ڕزگار بکەی، هەمووانی لێی ئاگادارکەرەو و ژنانی دیلی ئێزدی شکۆی هەموو کەسێکی بە شەرەفن'-یان بەرزکردەوە.

خوەدێدا چوکێ بەڕێوبەری سنونێ کە بەشداری چالاکییەکە بوو، وتی: چەتەکان دایک و خۆشکی ئێمەیان ڕفاند و لە بازاڕەکان فرۆشتیان، ئەمڕۆ حکومەت خانەوادەی ئەو چەتانە دەگەڕێنێتەوە سەر خاکەکەمان، بێ ئەوەی لێکبکۆڵنەوە کە ئایا لەناو ئە کەسانەدا، کچ، مندال و ژنی ئێزدی هەیە یان نا.

جوکێ ڕاشیگەیاند: حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئازاری ئێزدییەکان بێدەنگن، داوادەکەین حکومەتی عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی خۆیان بەجێی بێنن و کچان، ژنان و منداڵانی ئێزدی، لەو خانەوادانە جیا بکەنەوە.

هاوڵاتییەکی دیکەش بەناوی مەروان شەنگالی وتی: ئەوەی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئێمەی دەکات، ناڕەوایە، پێویستە هەمووان لە بەرامبەر ئەم کارە هەڵویستیان هەبێت، ئەگەر بێدەنگ بین، سبەی ئەوانەی فەرمانیان بەسەر ئێزدیاندا هێنا و دەستیان چووتە خوێنی ئێزدییەکانەوە، دەگەڕێننەوە بۆ شەنگالیش.

ک-ش