گوڵستان کلیچ کۆچیگیت: گۆشەگیری ئیمراڵی ئیتر بووە بە رۆژەڤی جیهان

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت ئاماژەی بە راگەیەندراوی ١٥٠٠ پارێزەر لە ٣٥ وڵات کرد و رایگەیاند: "گۆشەگیری لە ئیمراڵی بووە بە رۆژەڤی جیهان. دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت".

گوڵستان کلیچ کۆچیگیت لە پریس کۆنفڕانسێکدا لە پەرلەمان هەڵسەنگاندنی بۆ چەند پرسێکی گەرمی تورکیا و هێرشەکانی سەر کرێکاران، فراوانبوونی هەژاری، گەندەڵی لەسایەی سیاسەتە شەڕانگێزانەکانی ئاکەپە-مەهەپە کرد و ئاماژەشی بە گوشارەکانی سەر زیندانیانی سیاسی کرد. هەروەها دەربارەی هەوڵەکانی ئاکەپە-مەهەپە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی وتی، ئەو هەنگاوەش درێژکراوەی دەستورەکەی کودەتای ١٢ی ئەیلول و ئاکەپە-مەهەپە لە کوێ یاسا و دەستور بە کەڵکیان بێت و لەبەرژەوەندیان بێت کاری پێدەکەن و لەکوێش لە دژیان بێت و بەکەڵکیان نەیات کاری پێناکەنو یاسا پەراوێز دەخەن.

سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بەشێکی دیکە قسەکانی بۆ گۆشەگیری لە ئیمراڵی تەرخان کرد و بەبیری هێنایەوە کە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لەبارەی بڕیاری پێشێلکاری مافەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە دەرچووبوو کۆدەبێتەوە و وتی، "وەزارەتی داد زۆر جار پلانی چالاکی ئامادە کرد، گەڵاڵە و پاکێجی یاسایی و دادوەری هێنا و رایگەیاند کە 'هیچ سازشێک بەرامبەر بە بوونی ئەشکەنجە ناکەن'. بەڵام ١٠ ساڵ بەسەر بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا تێپەڕی و هیچ هەنگاوێکیان نەنا.  پێداگرییان لەسەر یاسای خۆیان واتە یاسای مردن و لەسێدارەدان کردەوە، یاخود لە بنەڕەتدا تورکیا ١٠ ساڵە بێ وچان لەسێدارەدان بەکاردەهێنێت. دەبێت بە دڵنیاییەوە ماددەی لەسێدارەدان یاخود ماددەی ٢٥ی یاسای سزادان بگۆڕێت. لەو بوارەدا پێشنیازێکمان ئاراستەی پەرلەمان کردبوو. ئێستا ژمارەیەکی زۆر زیندانی هەن کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لەزیندانن. یەک لەوانەش بەڕێز ئۆجالانە و بە گۆڕینی ئەو یاسایە و هەموارکردنەوەی دەبێت لە چوارچێوەی یاسای هیوا پرۆسەی ئازادکردنی مەرجدار دەستپێبکات.

پارێزەران نامەیان بۆ وەزارەتی داد نارد. لەو نامەدا جارێکی دیکە وتیان دەبێت بەڕێز ئۆجالان بتوانێت مافی دیدار بەکاربهێنێت. زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ پارێزەر و رێکخراوی بواری یاسا داوایان کرد لە ئیمراڵی چاویان بە بەڕێز ئۆجالان بکەوێت و ئەوەیان بە وەزارەتی داد راگەیاند. ئێوە چەندەش چاوتان بنوقێنن و گوێتان بگرن، لە هەموو جیهان باس لە گۆشەگیری ئیمراڵی دەکرێت. هەموو کەس دەزانێت کە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە سەرتاسەری جیهان زۆر خۆپیشاندان و چالاکی ئەنجام دەدرێن. لەو نامەیەشدا پارێزەران و رێکخراوەکانی بواری یاسا دەڵێن: 'گۆشەگیری لە ئیمرالی لە تەواوی جیهاندا شێوازێکی گۆشەگیری تایبەتی جیاکارانەیە' یاخود دەڵێن لە جیهاندا هاوشێوەی نییە.

گۆشەگیری لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رێگەی دیموکراتیک و ئاشتیانە بابەتێکی گرنگە. گۆشەگیری، پرسی کورد قورستر دەکات. دەرفەتی چارەسەری لەبار دەبات. لە بری گۆشەگیری، دەبێت ئەقڵ و هزری چارەسەری بخرێتەپێشەوە. وڵات و گەلەکانمان سود لەوە وەردەگرن. پرسیار لە دەسەڵات دەکەین؛ ئایا مەبەستتان لە درێژەدا بە گۆشەگیری و چارەسەرنەکردن چییە؟ مەگەر تائێستا بە گۆشەگیری چیتان بەدەستهێناوە تا لەئێستا بەدواوە شتێکی جیاواز بەدەستبهێنن؟ لەو هەڵەیە پاشگەز ببنەوە، دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگرن و دەرگای گفتوگۆ بکەنەوە. رێگەی دەرچوون لە هەڵەکان هەیە؛ ئەویش هەڵگرتنی گۆشەگیرییە.

مەگەر کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئێوە لە دژی حکومەتی ئاکەپە کە پەیوەست بە زیندانی هەتاهەتایی کە هیچ گۆڕانکارییەکی لە یاساکاندا نەکردووە، رێکاربگرێتەبەر؟ بەدەیان ساڵە بریاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای پێشێل کردووە. مەگەر لە بەرامبەر ئەوەدا هەنگاوی بەرچاو هەڵناگرن؟ مەگەر ئێوە تاکەی چاوتان بەسەر ئەو دۆخەدا دەنوقێنن و تاکەی درێژە بەو پیلانگێڕییە دەدەن؟ دەبێت ئیتر ئێوە رێگە نەدەن کە بەرژەوەندی سیاسی دەوڵەتان بکەونە پێش داوای چارەسەری ئاشتیانەی گەلی کورد و گەلانی تورکیا".