هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات وتارێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) نوسیوە.
وتارەکە بەم جۆرەیە:
"گفتوگۆیەکی بەرفراوان لە بارەی هەڵبژاردنی گشتیی ١٤ی ئایارەوە دەکرێت. بابەتێک کە هەموان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی کۆمار. ئاکەپە ماوەی نزیکەی ٢١ ساڵە تورکیا بەڕێوەدەبات و لە ٨ ساڵی کۆتایی ئەم ٢١ ساڵەدا لەگەڵ مەهەپە بە ئەقڵیەتێکی نەژادپەرستانە، خوێنمژانە و فاشیزمی تاریک وڵاتەکەی بەرێوەبردووە. سەرچاوە دارایەکانی تورکیای هەر هەمووی بۆ شەڕ و بەهەمیشەییکردنی مانەوەی دەسەڵاتدارییە فاشیستیەکەی تەرخان کردووە. ماوەی هەشت ساڵ بە فاشیزمێکی پڕاوپڕ، بە شەڕێکی هەمەلایەنە تێپەڕی، ئەوەش وەک خوێناویترین سەردەمی دیکتاتۆریەتی فاشیستی هاری دەسەڵاتدارییەک کە بووەتە مافیا، چەتە و تاڵانکار لە مێژووی کۆماری تورکیادا تۆمار دەکرێت.
فاشیزم بە تەواوی تورکیادا بڵاوبووەوە
دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە ئیمراڵی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی رەهای دامەزراند و ئەوە بە تەواوی کۆمەڵگای کوردستان و تورکیادا بڵاوبووەوە. لە ئیمراڵییەوە دەستیپێکرد و بە ئەقڵیەتی قڕکەر لە کوردستان شەڕێکی هەمەلایەنەی بەرێوەبرد. بەپێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی شەڕ لە چەکی کیمیاییەوە تا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوەوە لە دژی گەلی کورد شەڕ قڕکردنی بەڕێووەبرد. لەگەڵ داعش و کلکەلانی هاوپەیمانی کرد و بەشێکی گرنگی باکوری سوریای داگیرکرد، لە هەر ناوچەیەک کە جێگیربوو دیموگرافیای گۆڕی، تواندنەوەی کولتوری ئەنجامدا و کۆمەڵکوژی پێکهێنا.
لەو هەشت ساڵەدا دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەگەڵ هێرشی سەربازی، کولتوری، ئیکۆلۆژیک و ئابووری هەروەها هێرشی پاکتاوی سیاسیشی لە چەند لاوە درێژە پێدا. دەستی بەسەر هەموو شارەوانییەکانی هەدەپەدا گرت و قەیومی بۆدانان. لە هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) تا پەرلەمانتارانی، لە سەرۆک شارەوانیەکان تا ئەندامانی ئەنجومەن، کارمەند و بە هەزاران کەس لە ناو بەڕێوەبەرایەتی شار و ناوچەکان زیندانی کران. لەرێگەی زیندانی کردنی ئەو مرۆڤانەی لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرابوون ملیۆنان مرۆڤ سزادران و ئیرادەیان پێشێل کرا. لە زیندانەکاندا زیندانیان ئەشکەنجەدران، کوژران، مافی ئازادبوونی سەدان زیندانی هەڵوەشێندرایەوە. ستەم لەسەر گەلی کورد و کۆمەڵگای تورکیا توندتر کرایەوە. وەک درێژکراوەی ئەو هێرشە پاکتاوکارییانە لە رێگەی دۆسیەی ساختەی کۆبانێ پڕۆسەی داخستن لە دژی هەدەپە دەستی پێکرا. دۆسیەی داخستنی هەدەپەیان گەیاندە قۆناغی هەڵبژاردن و بەم جۆرە ویستیان کە گەل لە سیاسەت ساردبکەنەوە، ئیرادەی تێکۆشان تێکبشکێنن و ئەگەر بتوانێت گەل ناچار بکات پەنا بۆ بایکۆت هەڵبژێرن و لە هەڵبژاردندا بەرەی هێزی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕ لاواز بکات.
بەدڵنیاییەوە هێرشەکانی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە تەنیا کوردستانی نەگرتەوە.فاشیزم بە تەواوی تورکیادا بڵاوبووەوە. ئەم رژێمە فاشیستە، دەوڵەتی کەمالیستی کە سەد ساڵی پڕکردووەتەوە بە هەموو دامەزراوەکانی هەڵوەشاندووەتەوە. هەموو ئەوانەی وەک خۆی نەبوو بە دوژمن پێناسەی کردوون. هەندێک ژەنەڕاڵ کە ماوەیەک پێیاندا هەڵدەگوتن بۆ چەندین ساڵ خستە زیندان و شێتی کردن. شێفی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە دیکتاتۆر ئەردۆغان لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا هەموو بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتەکان خستە دەستی خۆیەوە. دیکتاتۆری فاشیستی ئاکەپە مەهەپە دادگا، یاسادانان، سوپا و راگەیاندنی بەتەواوەتی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە. دەستی بەسەر هەموو رێکخراوە جەماوەرییەکاندا گرت. ئەو سیاسەتانەی لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا بوونە هۆی مردنی سەدان هەزار مرۆڤ و پاکتاوکاری، ماڵوێرانی ملیۆنان کەس، هەروەها دۆخی مانگی سوری تورکیا کە بەو ئەقڵیەتەوە لە بومەلەرزەدا خێمەی دەفرۆشت، نمونەی سەرنجڕاکێشن لەسەر راستی تورکیا کە لە لایەن دیکتاتۆری فاشیستە خوڵقێندراوە. تابلۆی بومەلەرزە تابلۆی مەترسیدارە کە رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی گۆریوە بۆ کارەساتی سەدە و تورکیای خستووەتە چ دۆخێک.
دیکتاتۆری فاشیست ئەو مافانەی ژنان بە تێکۆشان و قوربانی دژوار بەدەستیان هێنابوو، لەناوی بردن. هێرشی کردەسەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان. پەیماننامەی ئیستەنبوڵی هەڵوەشاندەوە و ئەو یاسایانەی لە چوارچێوەی یاسای نەتەوە دەوڵەت رێگە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەگرن، لەگەڵ ئەو هێزانەی وەک خۆی دواکەوتوو و دژە ژنن، کردە بابەتی بازرگانی و سات و سەودا. وەک بەشێک لە سیاسەتی رانت و بەرتیلخۆری، تاڵانکاری و قڕکەری لە رێگەی بەنداو، وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە، ، کانە بەردەکان، لە رێگەی بەرژەوەندی چەوتەوە ژینگەی ناوازەی کوردستان و تورکیا و سروشتیان تاڵان کرد.
١٤ی ئایار بۆ رزگاربوون لەم رژێمە فاشیست و قڕکەرە گرنگە
ئەو هێرشە دژوار و کاولکاریانەی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بۆ سەر گەلانی کوردستان و تورکیا، ژنان، گەنجان، رەنجدەران و ژینگە گرنگی زیاتری بە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان بەخشیوە. هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار بۆ رزگاربوون لەم رژێمە فاشیستییە پاکتاوکەرە قۆناغ و پرۆسەیەکی گرنگە. هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ، بەرخودانی گەریلا، تێکۆشانی دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادیی شکۆمەندانەی کوردان، عەلەویەکان، ژنان، هێزەکانی دیموکراسی، رەنجدەران و کرێکاران و ژینگەپارێزان کە چەندین ساڵە تێدەکۆشن، رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی گەیاندووەتە لێواری رووخان. ئەو تێکۆشانە لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا دەگاتە ئەنجامێکی گرنگ. یەکەمجارە بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەشداری لە هەڵبژاردنێکی گرنگی بەم جۆرە دەبن کە لە مێژووی تورکیادا هێندە گرنگە. هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە مێژووی کۆماری تورکیادا هەنگاوێکی نوێتە، هەربۆیە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بۆ گەلانی تورکیا دەرفەت و شانسێکە. گەورەکردن و بەهێزکردنی ئەو هاوپەیمانێتیە بۆ دیموکراسی تورکیا لە ئاستێکی مێژوویدا گرنگە.
ئەو هێزە سەرەکیەی فاشیزم دەڕوخێنێت، تورکیا دیموکراتیک دەکات و سیاسەتی دیموکراتیک بەرەوپێش دەبات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە. بێگومان ئەو هاوپەیمانێتیە تەنیا هاوپەیمانێتیەک بۆ هەڵبژاردن نییە، لە سەرووی هەڵبژارندنەوە هاوپەیمانێتیەکی تێکۆشانە بۆ هەموو کاتەکان. زۆر گرنگە کە دوای هەڵبژاردنیش ئەو هاوپەیمانێتیە خۆی گەورە بکات و بە شێوەیەکی بەهێز لە پێناو دیموکراتیککردنی تورکیا تێکۆشان بکات. بێگومان لەم هەڵبژاردنەدا کە یەک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی تورکیایە، هەڵوێستی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، سەرکەوتنی، رێکاری تێکۆشانی، هێزی وەرچەرخان و گۆڕانکاریەکەی، لە بونیادنانی کۆماری دیموکراتیکدا خاوەنی رۆڵ و گرنگییەکی ستراتیژییە.
رژێمی فاشیست شەڕی تایبەت بەرێوەدەبات
رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە باش ئاگاداری ئەو رۆڵە مێژووییەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، هەربۆیە بە شێوەیەکی دژوار هێرشی شەڕی تایبەت بۆ سەر ئەو هاوپەیمانێتیە ئەنجام دەدات. لە هەوڵی پرش و بڵاوکردنی هاوپەیمانێتیەکەدایە، ئەگەر نەشتوانێت ئەوە بکات هەوڵ دەدات لاوازی بکات. ئەو هێرشانە بە جۆرێک ئەنجامیان دەدات کە هەوڵ دەدات گفتوگۆکانی نێوان پارتی چەپی سەوز و تیپ لەسەر بەشداری بە یەک لیست لە هەڵبژاردن بەرەو لایەکی دیکە ببات. بە فریودان، بەشێوازەکانی شەڕی تایبەت-دەرونی هەوڵ دەدات نیشانی بدات کەوەک ئەوەی لە نێوان پارتەکاندا ناکۆکی هەیە، دەیەوێت ئەو رۆژەڤانەی لەپێناو خۆیدا سازی کردبوون بێنێتەکایەوە و بیانکاتە جێگەی مشتومر. بەنرخترین ئەرکی شۆڕشگێڕیی و هەڵوێستی وڵاتپارێزییە کە لەم کاتەدا مرۆڤ بەرامبەر ئەو گەمانە بە تایبەتی وریا بێت و بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.
هێندەی لە راگەیاندنەکانەوە بەدواداچوونمان بۆ کرد، پارتی چەپی سەوز و تیپ لە پرسی هەڵبژاردندا گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش و ئەنجامێک. ئەمە هەڵوێستێکی گرنگە و دەبێت مرۆڤ ئەو هەڵوێستەی هەردوو حزبەکان بە نرخ دابنێت، بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی پارتی چەپی سەوز و تیپ لەبارەی درێژەدان بە مشتومڕ لەسەر لیستی هەڵبژاردن زیان بە پارتی چەپی سەوز، تیپ و هەموو هێزە دیموکراسیەکان دەگەیەنێت. لەبەر ئەوە دەبێت مشتومڕەکان لەسەر 'بەیەک لیست بەشداربوون لە هەڵبژاردن' ئیتر کۆتایی پێبێت و بە گوێرەی تێگەیشتنی هەردوو پارتەکە کە لە هەڵبژاردندا یەکتر بەهێز دەکات، مامەڵە بکەن. هەموو ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسیار دادەنێن دەبێت بەم جۆرە مامەڵە بکەن. دوای ئەوەی پارتی چەپی سەوز و تیپ هەڵوێستێکی هاوبەشیان نیشاندا و هۆشمەندی و تێگەیشتنێکیان دەستنیشان کرد، درێژەدان بە مشتومڕ لە سەر بەشداربوون بە یەک لیست، جگە لە دەسەڵاتداری فاشیست سودی بۆ کەس نییە. ئەرکی شۆڕشگێڕی، چەپگری-سۆسیالیست، دیموکرات و وڵاتپارێزیە کە رێز لەو ئیرادە هاوبەشەی پاتی چەپی سەوز و تیپ بگرێت و لەو چوارچێوەدا قورسایی بخەنە سەر سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا. لەم دۆخەدا تاکە یەک شت هەیە کە دەبێت ئەنجام بدرێت، ئەوەش بریتیە لەوەی هەموو کەس بەمەبەستی سەرخستنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەو پەڕی هێزی خۆیەوە بکەوێتە ئامادەباشی و تێبکۆشێت. ئەگەر هاوپەیمانی رەنج و ئازادی سەربکەوێت گەل، ژنان، گەنجان، رەنجدەران و کۆمەڵگا بە تەواوەتی سودمەند دەبێت. خۆی لە خۆیدا کەسانی خاوەن بەرپرسیارێتی گفتوگۆی پێویستیان لە کاتی پێویستدا کرد. نیگەرانیەکان باسیان لێکرا، ئاماژە بە مەترسییەکان درا. ئەو هەڵوێستانەی بە بەهای گەورە گوزارشتیان لێکرا لە لایەن وەرگر و بەردەنگەکانەوە بینران و دیارە کە بە گوێرەی ئەو پێداگری نیشاندرا. ئیتر دەبێت رێز لەو ئیرادەیە بگیرێت و کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانێتیەکە بکرێت.
دەبێت هەمووان لە پێناو پارتی چەپی سەوزدا تێبکۆشن
پارتی چەپی سەوز رایگەیاند کە لە ٨١ ساڕی تورکیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. گەلەکامان، گەلانمان، ژنان، گەنجان، رەنجدەرام، کرێکاران، رێکخراوە ژینگەپارێزەکان و چەوساوەکان، ناسنامە و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان بۆ سەرکەوتنی پارتی چەپی سەوز دەبێت بە هەموو هێزی خۆیانەوە خەبات بکەن. پارتی چەپی سەوز بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزی ژن تاکە ئەڵترناتیڤ و جێگرەوەی راستەقینەیە. سیاسەتەکانی قڕکردنی ژن، کۆمەڵگا و ژینگە ئەو سیاسەتانەن کە بەگری لەیەکتر دەکەن و تەواوکەری یەکترن. دژەژەهری ئەو سیاسەتە فاشیستیانەش پارتی چەپی سەوزە. بەڕێوبەرانی پارتی چەپی سەوز و تیپ رایانگەیاند کە ئەوان رێبواری یەک رێگەن، هاوڕێی یەکترن. بۆ گەلانی کوردستان و تورکیا ئەمە هەڵوێستێکی زۆر بەنرخە. مامەڵەی راست و دروست ئەوەیە کە هەمووان بۆ بەهێزکردنی ئەو هەڵوێستە تێبکۆشن.
دەوترێت لەسەر راگەیاندنەکان و بەتایبەتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا لە بارەی کاندیدەکانەوە هەندێک مشتومڕی نەگونجاو دەکرێت. رێزگرتن لە کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز رێزگرنە لە خۆتان و بەهاکانتان، هەڵوێستی راستەقینەی وڵاتپارێزییە. مشتومڕکردن لەسەر کاندیدەکانی پارتەکە بە واتای لاوازکردنیان دێت، هەربۆیەش ئەو هەڵوێستە دەکەوێتە خزمەت شەڕی تایبەتەوە. ئەو مرۆڤانەی ژیانیان بۆ تێکۆشان بۆ دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادی تەرخان کردووە، ئەگەر بکەونە ناو مشتومڕی بەو جۆرەوە بەر لە هەموو شتێک سوکایەتی بە بەهاکانی خۆیان دەکەن. مشتومڕی هەڵەی بەم جۆرە لەلایەک ، بۆ مرۆڤە وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ، دیموکراتەکانمان ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە رێگە لەمشتومڕ و هێرشی بەوجۆرە بگرن، کە دەبنە مایەی لاوازی پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی. ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەیەی لە مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانمان دەوەشێتە بێگومان بەم جۆرەیە.
بەوتێگەیشتنەی کە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار بۆ گەلانی کوردستان و تورکیا زۆر گرنگە و بەو بەرپرسیارێتیەوە ئێمە بڕیارماندا کە ئەو بڕیارەمان لەبارەی راوەستاندنی چالاکییەوە کە لەکاتی بومەلەرزەدا رامانگەیاندبوو تا قۆناغی دوای هەڵبژاردن درێژ بکەیەنوە. بۆ ئەوەی بەر بە ئاژاوەگێڕی چاوەڕوانکراوی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بگیرێت و ببێتە مایەی ئەوەی هەڵبژاردن لە کەسێکی گونجاودا بەڕێوەبچوێت، بە پێویستمان زانی ئەو هەڵوێستە بگرینەبەر. ئەو هەڵوێستە دەرخەری بەرپرسیارێتی ئێمەیە بەرامبەر بە گەلانی کوردستان و تورکیا، هەڵوێستکی یارمەتیدەرە بۆ هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی، لەهەمان کاتدا بە واتای بانگەوازێکە بۆ هەموو ئەوانەی لەم پرۆسەیەدا خۆیان بە بەرپرسیار دادەنێن. بڕیاری راگرتن و وەستاندنی چالاکییەکان وێڕای هەوڵدان بۆ رێگری لە ئاژاوەگێڕی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هەروەها بانگەواز بۆ هەر مرۆڤیکە کە خۆی بەرامبەر بە گەل و مرۆڤایەتی بە بەرپرسیار دادەنێت؛ بۆ ئەوەی هیچ قسە، هەڵوێست و کارێک نەکەن کە بکەوێتە خزمەت رژێمی فاشیست، هەروەها بۆ سەرخستنی پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کاربکەن و لە ئامادەباشیدابن".
هـ . ب