هەدەپە تیرۆرکردنی تورەلی شەرمەزار کرد

هەدەپە تیرۆرکردنی کارساز حسێن تورەلی لە باشوری کوردستان شەرمەزار کرد و وتی، " رووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان."

لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە راگەیەندراوێکدا تیرۆرکردنی کارساز حسێن تورەلی لە باشوری کوردستان شەرمەزار کرد و وتی، " رووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان.:

راگەیەندراوی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی هەدەپە بەم شێوەیەیە؛

" دوێنێ شەو، لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان کارسازێک بە ناوی حسێن تورەلی تیرۆرکرا. حسێن تورەلی هاوڵاتی تورکیا بوو و بەهۆی فشارەکانی سەر کورد بە ناچاری کۆچی کردووەتە هەرێمی کوردستان. ئەو هێزانەی تورئەلیان تیرۆر کرد بیانی نەبوون. ئەو هێزانە پێشتر بە هەمان شێوە، رۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناگیهان ئاکارسەل، یاسین بوڵوت، محەمەد زەکی چەلەبی و زۆر سیاسەتمەداری دیکەیان شەهید کرد. باش دەزانین کە ئەو هێزانەی ئەم تیرۆرە دەکەن، بە هەمان شێوە هێرش دەکەنە سەر کەمپی مەخمور کە دانیشتووانەکەی لە ساڵەکانی ٩٠دا بەهۆی سووتان و وێرانکردنی گوندەکانیان ناچار بوون کۆچ بکەن. دوژمنایەتی بەرامبەر کورد لە رۆژئاوا تاوەکو شەنگال وەک کوشتن، تاڵان و داگیرکردن و رێبازەکانی دیکە بەردەوامە.

ئەو هێزانەی ئەم کۆمەڵکوژیە دەکەن، بە شێوەیەکی ئاشکرا بە کورد دەڵێن، " لەم جیهانە هیچ شوێنێک بۆ ئێوە ئارام نییە و لە هیچ شوێنێک رێگە نادەین ئێوە بژین'. رووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان!

دەسەڵاتی ئاکەپە و هێزەکانی وابەستەی، هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کوردانەی کە دەیانەوێت بە ئازادی بژی، کردووەتە شوێنی کۆمەڵکوژی و هەرێمێکی نائارام. ئەو هێزانەی کە رێگەیان خۆشکردووە و رێگە بۆ کۆمەڵکوژیەکان دەکەنەوە هاوکاری ئەم تاوانەن. ئێمە ئەمە شەرمەزار دەکەین.

ئێمە ئەم کۆمەڵکوژیە بە توندی شەرمەزار دەکەین. باش دەزانین کە ئەو هێزانەی لە ساڵەکانی ٩٠ەوە تاوەکو ئێستا کوشتن و کۆمەڵکوژی دژی کورد دەکەن، لە چی دۆخێکداین. چارەنوسی ئەو هێزانەی ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر کورد، وەک هێزەکانی پێشوو دەبێت. پێشتریش سەرمان دانەنەواند و ئەمڕۆش داینانەوێنین. بانگەوازی لە گەلی کورد و هەموو هێزە شۆڕشگێرەکان و دیموکراتەکانی تورکیا دەکەین: لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست پیشان بدەن."

ف.ق