جێگری سەرۆککۆمار: پرۆسەکە بەردەوام دەبێت
جەودەت یڵماز جێگری سەرۆککۆمار لەگەڵ داود گوڵ پارێزگاری ئەستەنبوڵ و شاندی هاورێی سەردانی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگالیان کرد سری سورەیا ئۆندەر چارەسەری تێدا وەردەگرێت.
جەودەت یڵماز جێگری سەرۆککۆمار لەگەڵ داود گوڵ پارێزگاری ئەستەنبوڵ و شاندی هاورێی سەردانی نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگالیان کرد سری سورەیا ئۆندەر چارەسەری تێدا وەردەگرێت.
دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و جێگری سەرۆک پەرلەمان، کە نەشتەرگەری بۆکراوە و لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەدایە، هێشتا جێگیر نییە.
جەودەت یڵماز جێگری سەرۆککۆمار لەگەڵ داودگوڵ پارێزگاری ئەستەنبوڵ و شاندی هاوڕێی بە مەبەستی پرسینی دۆخی تەندروستی ئۆندەر سەردانی نەخۆشخانەیان کرد.
شاندەکە لە بەردەم نەخۆشخانەکە لەلایەن تۆلای حاتەم ئۆغولاری و تونجەر باقرخان هاوسەرۆکانی دەم پارتی و جەرەن ئۆندەر کاندەمیر کچی سری سورەیا ئۆندەر پێشوازییان لێکرا.
جەودەت یڵماز پاش بەجێهێشتنی نەخۆشخانە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ زانیارییان لەبارەی دۆخی تەندروستی ئۆندەرەوە بەدەست هێناوە و وتی: "بەڕێز سەرۆککومار لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکات، بەڕێز سری بۆ گەل سیاسەت دەکات، ئەو کەسایەتییەکە کە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ کەسانی جیاوازدا دروست بکات و ببێتە پردی نێوانیان. هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازین، کچەکەی جەرەنمان بینی وتی کەمێک باشتر دیارە. ماوەیەکی درێژ ئەم بەرەنگار بوونەوە بەردەوام دەبێت.هیوادارین بەڕێز سری سڵامەتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە."
'پروسەکە بەردەوام دەبێت'
جەودەت یڵماز بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئۆندەر لە پرۆسەی سیاسیدا رایگەیاند: "ئەم پرۆسەیە گرێدراوی تاکەکان نییە، پرۆسەیەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ئیرادەی سیاسی دەچێتە پێشەوە. ئامانجی جەنابی سەرۆککۆمار 'تورکیایەکی بێ تیرۆرە' ئەمە ڕوانگەی ئەم سەردەمەی تورکیایە. بە بانگەوازەکەی بەڕێز باغچەلی پرۆسەکە خێراتر بوو. کاتێک ئەم پرۆسەیە دەستی پێکرد، گرنگ بوو کە بە خێرایی و بە باشی بەردەوام بێت. پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. لێرەدا هیچ لاوازییەک بوونی نییە. بە دڵنیاییەوە بەشدارییەکانی بەڕێز سری سورەیا زۆر گرنگن. بەڵام ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت."
هەروەها یڵماز ڕایگەیاند کە ئەو زانیاریانەی لە سەردانەکەی لە نەخۆشخانە بەدەستیان هێناوە، بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار دەگەیەنن.