ئیلهام ئەحمەد: گەلانی سووریا سیستەمی نامەرکەزیی بە چارەسەر دەزانن

ئیلهام ئەحمەد، بارودۆخی كورد لە سووریا جیاوازە لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، بۆیە گەلانی سووریا سیستەمی نامەركەزی بە چارەسەری قەیرانەکانی ئێستای سووریا دەزانن.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیداری سلێمانی دا وتارێكی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا پێشكەش كرد.

ئیلهام ئەحمەد لە سەرەتای قسەكانیدا ڕایگەیاند، مەحاڵە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی ٢٠١١، چونكە سیستەمی ناوەندگەرایی كێشەكان چارەسەر ناكات، جەختی لە پێویستی ڕێزگرتن لە فرەچەشنی سووریا و دەستەبەركردنی مافەكانی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كۆمەڵگا لە دەستووردا كردەوە.

زۆربەی گەلانی سووریا سیستەمێكی مەركەزییان ناوێت

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرینەی گەلانی سووریا سیستەمێكی مەركەزییان ناوێت، گەلانی سووریا پێشتر داوای نامەركەزییان كردووە، ئێستا ڕەتكردنەوەی نامەركەزی كێشەی نوێ درووست دەكات، بۆیە نامەركەزی چارەسەری قەیرانی ئێستایە، سووریا پێویستی بە چارەسەری نوێیە بۆ رزگار بوون لە قەیرانەکانی ئێستا.

ڕوونیشی كردەوە، گرنگە هەموو لایەنەكانی بەشداربن لە داڕشتنی دەستوور و ئیدارەی سووریا، بۆ بەشداریكردن لە بنیاتنانی وڵاتێکی دیموكراتیک، دەمانەوێت بەشداری لە داڕشتنەوەی دەستوور و ئیدارەی نوێدا بكەین، گەلانی سووریاش بڕیاریانداوە لە پێناو ئازادیی و كەرامەتی خۆیاندا پاشەكشە نەكەن.

ئێمە بەدوای ڕێككەوتنی قووڵتردا دەگەڕێین سەبارەت بە پرۆسەی دەستووری و سیاسی

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە ڕێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وتی: "بەدوای ڕێككەوتنی قووڵتردا دەگەڕێن سەبارەت بە پرۆسەی دەستووری و سیاسی و ئاوەدانكردنەوەی سووریا.

ڕێككەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع تۆمەتەكانی هەوڵی جیابوونەوەیان پووچەڵ كردەوە

ئیلهام باسی لە ڕێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكراتیک و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی دیمەشق كرد و وتی: "ئەم ڕێككەوتنە بۆ چارەنووسی كورد و پێكهاتەكانی تری سووریا گرنگە و ئەو تۆمەتانەی پووچەڵ كردەوە، كە گوایە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە دوای جیابوونەوەدایە."

سەبارەت بە هێرشەكانی سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: "ئەو تێکۆشانەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدەن، تێكۆشانە لەپێناو ئازادیی و شكۆی گەلانی ناوچەكە، هەروەها تێكۆشان ڕاناوەستێت، تا ئامانجەكانی بەدی دەهێنێت."

ئەوەشیی خستەڕوو، شۆڕش لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵێكە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراتیک و فرە كەلتووری و ئومێدێكە بۆ گەلانی سووریا بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی باشتر.

سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وتی: "ئەم ئاڵنگارییانە بەو مانایە نییە، كە پاشەكشە بكەین، بەڵكو ئیرادەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان زیادتر دەكات.

ئیلهام ئەحمەد لەكۆتایدا ڕایگەیاند: "ئەزموونی ناوچەكە لە مێژووی كورد و ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین گرنگە، هەروەها دووپاتی كردەوە، بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی جیۆپۆلەتیكی لە سووریا بە گشتیی جیاوازە بە پشت بەستن بەم ئەزموونەوە پێویستە جیاوازییەکان لەبەرچاو بگیرێن.