جەیمس جێفری لە کاتی رۆیشتنیشدا بەردەوام بوو لە دوژمنایەتیکردنی کوردان

جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە پشتیوانیی لە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەکرد بە سیاسەتەکانی لە دژی کورد دەناسرا، دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام لە کاتی رۆیشتنیشدا هەر بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنی کورد.

جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە رۆژی دەستبەکاربوونیەوە، کە دەستی بە سەودا و مامەڵەکردن لە دژی دەستکەوتەکانی کورد کرد، دەستی لەکارکێشایەوە.

 جێفری بەهۆی زۆریی تەمەنەوە خانەنشین بوو بوو، بەڵام بەهۆی کاتی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە ماوەى کارکردنی لەو پۆستەدا درێژەی کێشابوو و بەپێی زانیارییەکان ١٠ رۆژ لەوە پێش دەستیکردووە بە دەورە و تەسلیمەکردنی ئەرکەکەی.

چاوەڕێ دەکرێت جۆیل رایبورنی جێگری شوێنەکەى بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە روون نەبووەتەوە، کە دوای سەرکەوتنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکی ئەمریکا، کەسێکی تر دەکرێت بە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، یان نا.

جێفری لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا کرا بە نوێنەری تایبەت بۆ سوریا و لەو ساتەوە دەستیکرد بە سەودا و مامەڵەى قێزەون لە دژی کوردان و لە دژی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بە بەردەوامی بە هۆی ئەو دژایەتییانەوە دەبووە رۆژەڤ.

جێفری پەیوەندیی کەسی و تایبەت و پێشووتری لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەبوو و بەو هۆیەوە بوو بووە جێگای مشتومڕ و کاتێکیش دەستی لەکارەکەی کێشایەوە هەر بەردەوامیی دا بە دوژمنایەتیکردنی دەستکەوتەکانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا.

جێفری لەبارەی سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە سوریاوە بە ماڵپەڕی سوریا دایرکت-ی راگەیاندووە، "لە هەڵبژاردندا کام یەک لە پاڵێوراوەکان سەربکەون، سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکا بۆ سوریا بەردەوامیی پێدەدرێت".

جێفری، کە هەوڵی دەدا دوژمنایەتیی دەوڵەتى تورک بەرامبەر بە کورد و هاوکاریی دەوڵەتی تورک بۆ داعش بشارێتەوە وتی، "هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکانی ئێستای نێوان تورکیا و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا هەبوونی پەکەکەیە و ئێمەش هەوڵ دەدەین کۆتایی بەوە بهێنین".

جێفری خواستی ئەو سەودا و مامەڵە قێزەون و چەپەڵانە، کە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان دەیکرد لە دوای رۆیشتنی خۆی بەردەوامیی پێبدرێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دوژمنایەتیی بەرامبەر بە کوردان و گەلانی ناوچەکە زۆر کۆنترە لەو کاتەوە، کە ئەرکی نوێنەریی تایبەتی بۆ سوریا پێدرا.

جێفری باڵیۆزی پێشوو، لە کاتی شەڕی سارددا لە ڤێتنام، رۆژئاوای ئەڵمانیا و بولگاریا ئەرکدار بووە. پێشینەى جێفری بۆ کار لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠. جێفری دوای کودەتای ١٢ی ئەیلول لە ئەدەنە و ئەنقەرە وەک ئەفسەرێک کاریکردووە.

 لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا کرا بە راوێژکاری کاندۆ لیزا رایس وەزیری دەرەوەى ئەو کاتی ئەمریکا.

جێفری وەک ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە ساڵی ١٩٩٩ و لە کاتی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، وەک بەڕێوەبەری تایبەتی ئەمریکا لە ناو دەوڵەتی تورک دا کاری پێسپێردرابوو.

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٠دا بووە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و دوای ئەوەش لە ساڵی ٢٠١٢ بووە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

جێفری لەو کاتانەدا کە لە تورکیا و عێراق کار و ئەرکی پێدرابوو، بۆ رووخاندنی رژێمی سوریا و دروستکردنی دەسەڵاتی ئیخوانەکان لە سوریا، کارەکانی ژووری ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی لە ئوردن (MOK) و لە تورکیا بە ناوی (MOM) بەڕێوەدەبرد.

بەڵام سەرباری هەموو هەوڵە چڕوپڕ و زۆرەکانی جێفری و دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکان لە سوریا بۆ سەرخستنی هێڵی قاعیدە و ئیخوان لە سوریا، نەیانتوانی رژێمی سوریا بڕووخێنن.

جێفری دوای ئەوەی ئەرکەکەى لە بەغدا لە ساڵی ٢٠١٢ کۆتایی پێهات بۆ ماوەیەک ون بوو، بەڵام دوای ئەوەى دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦دا بوو بە سەرۆکی ئەمریکا دووبارە جێفری دەرکەوتەوە.

جێفری لە ١٧ی ئابی ٢٠١٨دا ئەرکدار کرا بۆ نوێنەرایەتیی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و دوای ئەوەى برێت مەکگۆرک نوێنەری ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دەستی لەکارکێشایەوە، ئەو ئەرکەش بە جێفری درا و بەو شێوەیە جێفری ئەو دوو پۆستەى پێکەوە بەڕێوەدەبرد.

بەهۆی بڕیارەکەى ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ کشانەوە لە سوریا و دەست لەکارکێشانەوەى برێت مەکگۆرک لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا، جێفری لە شوێنەکەى مەکگۆرک دا دستبەکار بوو.

دوای ئەوەى جێفری دەستی بە کارەکەى کرد چەندین جار سەردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای کرد و هەڵوێستی دوژمنکارانەى خۆی لە دژی کوردان درێژە پێدەدا. جێفری لە پێش یان لە دوای هەر سەردانێکی بۆ ناوچەکە سەردانی ئەنقەرە و هەولێری دەکرد.

جێفری دوای پێدانی ئەو ئەرکە چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و نوێنەرانی گروپە چەتەکانی سوریادا کۆبوویەوە و بە گێڕانی رۆڵی لە داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئیدی جێفری وەک دوژمنی گەلان چووە ناو هۆش و مێشکی کوردان و گەلانی ناوچەکەوە.

جێفری بە لێدوانەکانی و بە کردارەکانی پشتیوانیی ئاشکرای لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دوژمنایەتیکردنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکرد و تەنانەت پێش ئەوەى دەست بە کارەکەى لە سوریا بکات و دوای ئەوەش بە فەرمی ئەرکی پێدار دەستیکرد بە کارکردن بۆ پارچەکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و بە هێزکردنی گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتى تورک.

لە ئاداری ٢٠١٧ و لە کاتی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی رەقا دا جێفری لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەیەکی تورک پێشنیازی کردبووە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دابەش بکرێن بەسەر هێزەکانی کورد و عەرەب دا و عەرەبەکانیش بەشداری ناو گروپە چەتەکانی دەوڵەتی تورک ببن و ئینجا پێکەوە لەگەڵ تورک دا رەقا بخەنە ژێر دەستی خۆیان.

جێفری زۆر جار بەپێی قسە و ئارگۆمێنتەکانی دەوڵەتی تورک دەدوا و زۆر جار ئەم ئارگۆمێنتانەی  دەوڵەتی تورکی بەکار دەهێنا "کورد لە سنوورەکانی باشوورماندا دەوڵەت دروست دەکەن"، "بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما تورکیای فریوداوە" و "جەنەڕاڵەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە  پشتیوانی لە یەپەگە دەکەن". جێفری لە دوا چاوپێکەوتنیدا لە چەند رۆژی رابردوودا وتی، "لە هەڵبژاردندا کام یەک لە پاڵێوراوەکان سەر بکەون، سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکا لە سوریا بەردەوامیی پێدەدرێت".

ژ.ت