کاکشار ئۆرامار: زۆر قەرزاری هزری دیموکراسیانەی ڕێبەر ئۆجالانین

رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی کاکشار ئۆرامار رایگەیاند: "لە سەردەمی ئەمڕۆدا زۆر قەرزاری هزری دیموکراسیانەی ڕێبەر ئۆجالانین کە کۆتایی بە سیستەمی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە".

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئاریەن تی ڤی نوسەر، رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی کاکشار ئۆرامار باس لەوەدەکات گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەی رەها و دابراندنی لە جیهانی دەرەوە بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ کردەوە فاشیستیەکانی سەردەمی هیتلەر و موسولینی بەرامبەر بە ئازادیخوازان بە بیر مرۆڤ دەهێنێتەوە".

باسی لەوەشکرد: "ئۆجالان پێش ئەوەی لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا بگیرێت و بڕفێنرێت و بگوازرێتەوە بۆ تورکیا کاری خۆی ئەنجامدابوو. ئەمانە درەنگ زانییان کە ئۆجالان کێیە. قوتابیانی قوتابخانەی سیاسی ئۆجالان ساڵانێکە ڕێچکەی ئەویان گرتووە. فەلسەفەی ئۆجالان ئێستا بووەتە جیهانی و نەک هەر کورد و گەلانی دراوسێی کورد، بەڵکو لە وڵاتێکی وەک ئینگلتەراشدا زۆرترین کتێبی خوێندنەوە ئەو کتێبانەن کە ئۆجالان لەسەر بنەمای فەلسەفە و دیالۆگی نێوان نەتەوەکان نووسیویەتی".

ئەو رۆژنامەنووسە لە درێژەدا وتی: " لە سەردەمی ئەمڕۆدا زۆر قەرزاری هزری دیموکراسیانەی ڕێبەر ئۆجالانین کە کۆتایی بە سیستەمی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە. هەرچەندە ئەوروپییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی پیاوسالارییان نییە، بەڵام زیاتر دیارە، لە کاتێکدا ژنانیش لێرە دیلن. چەند ژنێکی ئەڵمانی دەناسم کە بە توندی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان. هەموومان قەرزاری ئەوین."

کاکشار ئۆرامار لە کۆتاییشدا جەختیکردەوە: " ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین لە ئێران و جیهاندا دەنگی ژن، ژیان، ئازادی بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە هەر هەموی قەرزارباری ڕێبەر ئۆجالانین چؤنکە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە بە بەڵگە هەیە کە بەڕێزیان بوو وتیان ژنانیش وەک پیاوان دەبێت مافی ژیان و تێکۆشان و هەبوونی حزب و سوپایان هەبێت. ئەمڕۆش ئەم کاریگەرییانە لە کوردستان و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبینین".

دەقی لێدوانەکەی کاکشار ئۆرامار بەم جۆرەیە:

پرسیار: هەروەک دەزانن نزیکەی سێ ساڵە گۆشەگیری توند بەسەر بەڕێز ئۆجەلاندا سەپێنراوە و تەنانەت پارێزەر و بنەماڵەکانیش بۆیان نییە سەردانی بکەن. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم دۆخە چییە؟

 کاکشار ئورامار: ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ سەرکردەیەکی ئازادیخواز، ئەنارکیست و فاشیستەکانی سەردەمی هیتلەر و مۆسۆلینیمان بیردەخاتەوە. هەرچەندە ئێمە لە سەدەیەکدا دەژین کە جیهان بووەتە گۆڵۆباڵ و بیرکردنەوە و کولتوورەکان لەیەکتر نزیک بوونەتەوە، بەڵام لە تورکیای فاشیست بە سەرکردایەتی پارتەکانی "بزووتنەوەی نیشتمانی (مەهەپە)" و "داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)" سەر بە باغچەلی و ئەردۆغان، بەداخەوە بیری ئازادیخوازانەی سەرکردەکانی وەک بەڕێز ئۆجالان بیسترا، بەڵام نەیانتوانی قوبوڵی بکەن. وە ئۆجالان پێش ئەوەی لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا بگیرێت و بڕفێنرێت و بگوازرێتەوە بۆ تورکیا کاری خۆی ئەنجامدابوو. ئەمانە درەنگ زانییان کە ئۆجالان کێیە. قوتابیانی قوتابخانەی سیاسی ئۆجالان ساڵانێکە ڕێچکەی ئەویان گرتووە. فەلسەفەی ئۆجالان ئێستا بووەتە جیهانی و نەک هەر کورد و گەلانی دراوسێی کورد، بەڵکو لە وڵاتێکی وەک ئینگلتەراشدا زۆرترین کتێبی خوێندنەوە ئەو کتێبانەن کە ئۆجالان لەسەر بنەمای فەلسەفە و دیالۆگی نێوان نەتەوەکان نووسیویەتی. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە بزانین کە پایە بنەڕەتییەکانی ژیان لەسەر فەلسەفەی فەیلەسوفە گەورەکانی جیهان دامەزراون. لە فەیلەسوفەکانی یۆنان تا فەیلەسوفەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەم شێوەیە بووە. لە سەردەمی ئەمڕۆدا زۆر قەرزاری هزری دیموکراسیانەی ڕێبەر ئۆجالانین کە کۆتایی بە سیستەمی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە. هەرچەندە ئەوروپییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی پیاوسالارییان نییە، بەڵام زیاتر دیارە، لە کاتێکدا ژنانیش لێرە دیلن. چەند ژنێکی ئەڵمانی دەناسم کە بە توندی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان. هەموومان قەرزاری ئەوین. لەم کۆنفرانسە دوو ڕۆژەدا کە ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە، ڕەنگە نادادپەروەرانە بووبێت کە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان و ڕۆڵی ئەوان لەم کارەدا زۆر باس نەکرا. بەڵام هەندێک ڕەخنە هەبوون و ئەوانەی کورد نین ئاماژەیان بە ڕۆڵی ئۆجالان کرد. لە دونیای ئەمڕۆدا کە بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی ناودەبرێت، هەمووان زۆر قەرزاری بیری ئۆجالانین، چونکە توانیان تیۆرییەکانی خۆیان لە بواری کرداردا پراکتیزە بکەن و بەرخۆدانی کۆبانی و ئامەد و شارەکانی دیکەش ئەمەی پیشانداین. ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین لە ئێران و جیهاندا دەنگی ژن، ژیان، ئازادی بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە هەر هەموی قەرزارباری ڕێبەر ئۆجالانین چؤنکە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە بە بەڵگە هەیە کە بەڕێزیان بوو وتیان ژنانیش وەک پیاوان دەبێت مافی ژیان و تێکۆشان و هەبوونی حزب و سوپایان هەبێت. ئەمڕۆش ئەم کاریگەرییانە لە کوردستان و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبینین.

هـ . ب