کاندیدانی دەم پارتی بە جۆشی هەڵبژاردنەوە پێشوازیان لێ کرا

لە چوارچێوەی خەباتی هەڵبژاردنی هەرێمی ٣١ ی ئادار لە وان و ڕحا و ئیستەنبوڵ هەزاران کەس پێشوازیان لە کردنەوەی کاندیدانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردنەکان کرد.

لە بەرنامە پڕ جۆشەکان لە چوارچێوەی خەباتی هەڵبژاردن کە هەزاران کەس ئامادەبوون، پەیامی "ناردنەوەی قەیومەکان" دووپاتکرایەوە.

وان

لە ناوچەی ئەردیشی وان بە بەشداری سەدان کەس یەکەم نووسینگەی هەڵبژاردن کرایەوە. لە چالاکییەکەدا بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەم دەهۆڵ و زوڕناوە هەڵپەڕکێ کرا. جەماوەر و کاندیدەکانی هاوسەرۆکی شارەوانی بە کاروانێکی ئۆتۆمبێل بەناو ناوچەکەدا سوڕانەوە. کاندیدەکانی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی ئەردیش، گولەر تەمەل و باران بیلجی، ڕایانگەیاند کە بە هۆکاری بێ پاساو قەیومیان ڕەوانەی شارەوانییەکانیان کردووە و ڕایانگەیاند کە باوەڕیان وایە سەردەکەون.

کاندیدی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی وان، عەبدوڵا زێدان، ڕایگەیاند کە ئەوان شارەوانی ئەردیش دەبەنەوە و قەیومەکان دەنێرنەوە. زێدان ڕایگەیاند کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەبێت. هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، گوڵشەن کورت، گوتی "لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار قوفڵی زیندانەکان دەشکێنین، ئیرادەی گەلی کورد پیشان دەدەین، قەیومەکان دەنێرینەوە ماڵەوە".

ڕحا

ڕێکخستنی دەم پارتی ڕحا پاش کۆبوونەوەی ناساندن لە ئەنقەرە، کاندیدەکانی گەیشتنە شارەکە و بە کاروانی سەدان ئۆتۆمبیل پێشوازیان لێ کرا. کاندیدان بەشداربوون لە ئاهەنگەکەی گەڕەکی بادیلی و لەوێ قسەیان کرد. پەرلەمانتاری دەم پارتی مەدحەت سانجار ڕایگەیاند ڕحا ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیکی خۆی بە بەهێزی پیشان دەدات. کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی ڕحا، گوڵسەر یەڵدرم و جەلالەدین ئەرکمەن ڕایانگەیاند بۆ جێبەجێکردنی زیهنیەتی شارەوانی دیموکراتیک هاتونەتە ڕحا. ئاهەنگەکە لەبەردەم بینای دەم پارتی کۆتایی هات.

ئیستەنبوڵ

کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ، مەراڵ دەنیش بەشتاش و موراد چەپنی بەشێوەیەکی جەماوەری پێشوازیان لێ کرا. جەماوەر بە چەپڵە و هەلهەلە و سروودی هەڵبژاردنی دەم پارتیەوە پێشوازیان لە کاندیدان کرد. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئیستنەبوڵ گۆنجە یانگۆز و ڕێکخستنی ناوچەکە و هاوسەرۆکی ئەسەپە ئۆزلەن گوموشتاش و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشداری چالاکیەکە بوون. چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ دیسانەوە جۆش و پێداگری هەڵبژاردنی دەم پارتی پیشان دایەوە.