کۆبوونەوەی گەل لە باخوم: تێکۆشان بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تاجدار دەکەین

هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت لە کۆبوونەوەی گەل لە باخوم، گوتی: "ئەو دیدارەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، ئەنجامی تێکۆشانە. تێکۆشان بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تاجدار دەکەین".

کۆبوونەوەی گەل

لە شاری باخومی ئەڵمانیا بۆ ڕێپێوان و گردبوونەوەی ١٦ ی تشرینی دووەم لە کۆڵن، کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا. هاوسەرۆکی فەد_مەد ئەحمەد کۆبانێ دەربارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە دوا.

فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هیوایە

هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە زوبەیدە زومروت تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی گوتی: "فیکری ڕێبەرێتی و تێکۆشانی ڕێکخراوی گەل، سەرەڕای هەلومەرجی ئیمراڵی، ئیرادە و بەرخۆدانی پیشاندا، فشار و پیلانگێڕییەکانی پووچەڵ کردەوە. فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ نەک هەر بۆ کورد، بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هیوایە".

"پێویستە تێکۆشان مەزن بکەین"

زوبەیدە زومروت ڕایگەیاند دیداری ڕێبەر ئاپۆ بەرئەنجامی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەل بوو، گوتی: "بۆیە دەبێت ئەم تێکۆشانە مەزنتر بکەین و بە ئازادی ڕێبەرێتی تاجداری بکەین. تاوەکو ڕێبەرێتی بتوانێت لە چارەسەری پرسی کورد ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت و دەسپێشخەریی مەزنتر بۆ ئاشتی بکات، ئازادی ئەو گەلێک گرنگە. دامەزراوەکانی ئەوروپا هاوبەشی ئەم سیاسەتی گۆشەگیرییەن. بۆیە خاوەن ڕۆلێکی مەزنن بۆ چارەسەر. ڕێپێوانی مەزنی ١٦ ی تشرینی دووەم لە کۆڵن، چالاکییەکی گرنگە بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، بە بەشداری لەم چالاکییە دەتوانین بەرپرسیارێتییەکانی دامەزراوەکانی ئەوروپا بخەینەڕوو".

سیاسەتمەدار ئیدریس بالوکەن ڕایگەیاند فیکری ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەخاتەڕوو بۆ پێکەوەژیانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەروەها تیشکی خستەسەر ئەو گفتوگۆیانەی دوای لێدوانەکانی باخچەلی و ئەردۆگان پەیدابوون، جەختی کردەوە سەرباری ئەزموونە تاڵەکان گەلی کورد هێشتا بۆ ئاشتی ئامادەیە، ئەگەر دەیانەوێت پرۆسەیەکی وەها دەست پێ بکەن، دەبێت ڕۆڵی سەرەکی ڕێبەر ئاپۆ لەبەرچاو بگرن.

"گەلی کورد بۆ ئازادی تێکۆشانی بەردەوام دەکات"

بالوکەن ڕایگەیاند ناکرێت لەلایەک گۆشەگیری هەبێت و لەلایەک کۆبوونەوەی ئاشتی بکرێت، گوتی: "گەلەکەمان ساڵێکە بۆ ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ئامەد تا ئەوروپا تێکۆشانێکی نەپساوە دەکات. بەم دواییانە پەرلەمانتار عومەر ئۆجالان دیداری لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا. ئەم دیدارە زۆر گرنگە و گەلەکەمان بە گرنگیەوە لەم پرۆسەیە دەڕوانێت. بەڵام بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات گۆشەگیری هێشتا بەردەوامە. دەبێت بزانرێت، ناتوانن بەم هەنگاوە سەرپێیانە گەلی کورد فریو بدەن. هەڵبەت دیدار گرنگە و گەلەکەمان بە گرنگی دەزانێت، چونکە گۆشەگیرییەکی چەندین ساڵە بەردەوامە. بۆیە بە هەبوونی گۆشەگیری ناکرێت پرۆسەکە لەسەر بناغەیەکی تەندرووست پێش بکەوێت".