کۆچ: ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد هەڵبژاردنێکی ستراتیژییە

یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کەجەدەکە ئەوروپا وتی، هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار، کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا دەنگدان بۆی دەستیپێکردووە، بۆ کورد هەڵبژاردنێکی ستراتیژییە.

 

یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کەجەدەکە ئەوروپا ڕایگەیاند، لە سەدەی یەکەمی کۆماردا نکۆڵیکردن و کۆمەڵکوژی بەسەر کوردەکاندا سەپێنراوە و وتی: "ئایا لە سەدەی دووەمیشدا دەبیت بە هەمان شێوە بێت، یان کۆمار دەبێتە دیموکراتیک؟ ئە م هەڵبژاردنە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدات."

فاتۆش گۆکسونگور و یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکانی کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە - ئە) و ئایتەن کاپلان وتەبێژی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە - ئە) لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە، کە ئەمڕۆ دەنگدان ئەوروپا بۆ هەڵبژاردنەکان دەستیانپێکرووە، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

هەموو دەنگێک دەبێتە گورزێک و لە فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپەدا دەدرێت

 فاتۆش گۆکسونگور هاوسەرۆکی کەجەدەکە - ئە ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەرفەتێکە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی  فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە و داوای لە دەنگدەران کرد: "تورکیایی، کورد، ئەرمەن، سوریان، ئازەری، چەرکەز، عەرەب، عەلەویی و هەموو نەتەوە و باوەڕەکانی دیکە، کە لە ئەوروپادان: ئەم هەڵبژاردنە، کە بە هەڵبژاردنی سەدە پێناسە دەکرێت، هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە ئازادی دەدەین، یان ئەوەتا سەری خۆمان بۆ دیکتاتۆری فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە دادەنوێنین، کە ۲۱ ساڵە بەردەوامە. گەلان لە ئەوروپا لە ٢٧ ی نیسان تا ٩ی ئایار لە کونسوڵخانە دیاریکراوەکان دا دەنگ دەدەن. دەبێت قەناعەت بەو  کەسانەش بکرێت، کە دەڵێن، "هیچ شتێک بە دەنگی من ناگۆڕێت".  لەبیر نەکەن هەر دەنگێک لەم هەڵبژاردنەدا بەکاری دەهێنین دەبێتە هۆی ڕووخانی دیکتاتۆریەت. نابێت لە بیرمان بچێت، کە دەنگمان بۆ پارتی چەپی سەوزە."

هەڵبژاردن کاریگەری لە سەدە دەکات

یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کەجەدەکە – ئەو ڕایگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەوەندە ستراتیژییە کە دەتوانێت چارەنووسی وڵاتەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت و وتی، "ئەم هەڵبژاردنە وەک هەڵبژاردنەکانی تر تەنها هەڵبژاردنێک بۆ دروستکردنی حکومەتێکی نوێ نییە. ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ستراتیژییە، کە کاریگەری لە سەدەی داهاتوو دەکات. هەر چۆن سەدەی بیست و سەدەی یەکەمی کۆمار بە نکۆڵیکردن، سڕینەوە و تواندنەوە و کۆمەڵکوژکردنی کوردان تێپەڕی، ئایا سەدەی دووەمیش دەبێت هەمان شت بێت، یان کۆمار دەبێتە دیموکراتیک؟ لەم هەڵبژاردنەدا بڕیار لەو بارەیەوە دەدرێت. ئەمە هەم بۆ ئێمەیە، هەم بۆ بەڕێوەبەرایەتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە و هەم بۆ حیزبە سیاسییەکانی تر گرنگە. چارەنووسی گەلەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا دیاری دەکرێت. چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی دیاری دەکرێت، بۆیە ناتوانرێت وەک هەڵبژاردنێکی ئاسایی سەیر بکرێت. لەم هەڵبژاردنەدا هەموو دەنگێک زۆر بەنرخ و پیرۆزە. ئەوەی پێویستە هەمووان بیزانن ئەوەیە، کە سەرکردەی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان ئەم دەسەڵاتە و دیکتاتۆرەکەیەتی، بۆیە شکستپێەێنانی ئەم دەسەڵات و دیکتاتۆرییە بۆ ئێمە ستراتیژییەکی بنەڕەتییە. دووەم: دەبێت پارتی چەپی سەوز بە بەهێزی بنێردرێتە پەرلەمان. بۆ ئەوەش دەنگ لە ئەوروپا یەکلاکەرەوەیە، چونکا ٣.٥ ملیۆن دەنگدەر لە ئەوروپا هەیە. پێویستە لەم پرۆسەیەدا ئێمە قەناعەت بە دەنگدەرانی نوێ بهێنین، کە دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن. بۆیە پێویستە هەر دەنگدەرێک بەلایەنی کەمەوە ۱۰ دەنگدەر قەناعەت پێ بهێنێت".

پێویستە هەموو دەنگدەران دەنگ بدەن

 ئایتەن کاپلان وتەبێژی یەژەکە – ئە، داوای لە دەنگدەرانی ئەوروپا کرد دەنگ بدەن و وتی، "داوا لە جەماوەرەکەمان لە ئەوروپا دەکەین دەنگ بدەن. بە تایبەتی ئەگەر ئێمە گۆڕانکاریمان دەوێت، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادیی فیکری و ڕۆشنبیریمان دەوێت، دەبێت دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەین. چونکە دە توانرێت بە هەر دەنگێک شتێک بگۆڕدرێت. ئەگەر بمانەوێت گوشار و ترس و تاریکی نەهێڵین، ئەوا دەنگ بە پارتی سەوزی چەپ بدەن و گۆڕانکاری دروست بکەن. پێویستە هەموو جەماوەری گەلەکەمان لە ئەوروپا و هەم لە وڵات دەنگ بدات."

ژ.ت